لە نێوان دوو یادی ١ی ئایاردا.. ٥٧٥ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون

لە نێوان یەکی ئایاری ٢٠٢٣ تا یەکی ئایاری ئەمساڵ نزیکەی ٥٠ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و کوژراون، زیاتر لە ٤٢٠کۆڵبەریش برینداربوون، کە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو هێندەیە.

کۆڵبەری ئەو پیشە مەترسیدار و تاقەتپڕۆکێنەیە، کە بە دەیان هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناچاری و بەهۆی نەبوونی هەلی کار رووی تێدەکەن و ساڵانە بەسەدان کۆڵبەر لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەبنە قوربانی.

دەوڵەتی ئێران لە لایەکەوە بە پەراوێزخستنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشەپێدان و رەخساندنی هەلی کار سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە بە شێوەی سیستماتیک و بەردەوام، راستەخۆ ئەو کۆڵبەرانە دەکاتە ئامانج کە لەپێناو دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکەیاندا ناچارن رووبکەنە ئەو کارە پڕمەترسی و تاقەتپڕوکێنە، ئەم سیاسەتەش بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردن و جینۆساید کە بەردەوامە و رۆژ نییە هەواڵی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بڵانەکرێتەوە.

کۆڵبەران لە بەرامبەر پارەیەکی کەم، کە لە نێوان ٥- ١٠ دۆلاردایە، لە رێگە ئەستەم و دژوارە سنوورییەکان، کۆڵ و باری قورس دەگوازنەوە و جگە لە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت، بەفر و سەرما، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، تەقینەوەی مین و کەوتنە ناو رووبارە سنوورییەکن مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.

بەپشت بەستن بە ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و کۆڵبەر نیوز دەردەکەوێت کە لە نێوان دوو رۆژی جیهانی کرێکاراندا واتە یەکی ئایاری ٢٠٢٣ و یەکی ئایاری ٢٠٢٤ لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراون و لانیکەم ٤٢٧ کۆڵبەریش برینداربوون، کە ئەوانیش زۆرینەیان قوربانی تەقەی راستەوخۆی ئەو هێزانەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز لە نێوان یەکی ئایاری ٢٠٢٢ تا یەکی ئایاری ٢٠٢٣ لانیکەم ٣٨ کۆڵبەر کوژراون و ١٥٣ کۆڵبەریش برینداربوون، کە لەسەدا ٩٢یان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کرابوونە ئامانج.

وەک لەئامارەکەدا دەردەکەوێت لە ناوەڕاستی پاییزی ساڵی رابردووەوە توندوتیژی بەرامبەر بە کۆڵبەران و کردنە ئامانجیان بە شێوەیەکی لەرادەبەدەر زیادی کردووە.

ئامارەکانی مانگانەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە بانەمەڕی ٢٠٢٣ تا ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ بەم جۆرەیە:

بانەمەڕ

لەم مانگەدا لەناوچە سنوورییەکانی پیرانشار، بانە، نەوسود و سەلاتی باوەجانی شەش کۆڵبەر بە هۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتەت و هەروەها کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی برینداربوون.

جۆزەردان

 لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای سنە، کۆڵبەرێکی کورد بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە، کۆڵبەرێکیش بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان گیانی لەدەست داوە و هەروەها ١٦ کۆڵبەریش بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئێران و کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بریندار یان تووشی زەبری قورس بوون.

پوشپەڕ

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای سنە، کۆڵبەرێکی کورد بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراوە، هەروەها لانیکەم ٨ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانەی پارێزگاکانی کرماشان و سنە بریندار بوون.

گەلاوێژ

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، بانە و نەوسوودی پارێزگاکانی سنە و کرماشان، ٣ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی حەسەن تۆفێقزاده، ئاسۆ کەریمی و ئەرسەلان ڕەسوولی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون، هەروەها کۆڵبەرێکیش بە ناوی ڕەسوول گاگشی بە هۆی لێدانی ئۆتۆمبێلی هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناوی حسەین خالە بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییە سنوورییەکانی چیای قەندیلەوە گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لانیکەم ١٧ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانەی پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان بریندار بوون.

خەرمانان

لەم مانگەدا کاسبکارێکی کوردی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی پوویا بابایی کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامییەوە بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەم هێزانە لە دەستبەسەرگەیەکی پۆلیسی شاری کرماشاندا گیانی لە دەست دا.

لانیکەم ٦ کۆڵبەری کورد بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، سەردەشت و چاڵدێران بریندار بوون.

رەزبەر

لەم مانگەدا ٣ کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا و ١٥ کۆڵبەریس برینداربوون.

دوو کۆڵبەری کورد بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای سنە کوژراون و لانیکەم ١٤ کۆڵبەری دیکە لە ئەنجامی دەسڕێژی ئەم هێزانەدا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بریندار بوون. کۆڵبەرێکیش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی پیرانشاری پارێزگای ورمێ بریندار بووە.

هەروەها کاسبکارێکی کورد لە ئەنجامی ڕاوەدوونای هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەیەوە لە شاری سەقزی پارێزگای سنە گیانی لە دەست داوە.

خەزەڵوەر

لەم مانگەوە کوشتار و کردنە ئامانجی کۆڵبەران بە شێوەی بەرچاو هەڵکشاوە و لانیکەم چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٧٧ کۆڵبەریش برینداربوون.

وردەکاری کردنەئامانج و قوربانیبوونی کۆڵبەران بەم جۆرەیە:

دوو کۆڵبەری کورد بە دەستڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای سنە کوژراون و دوو کۆڵبەری تریش بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا و داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها لانیکەم ٧٥ کۆڵبەر لە ئەنجامی دەسڕێژ یاخود پەلامار و لێدانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان، بریندار بوون کە ٦ کەسیان منداڵن. دوو کۆڵبەریش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای سنەدا بریندار بوون.

 کاسبکارێکی کورد دوای ڕاوەدوونان لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و لە ئەنجامی دەسڕێژی ئەم هێزانەدا، لە شاری سەقزی پارێزگای سنە کوژراوە.

سەرماوەز

لەم مانگەدا ٥١ کۆڵبەر بوونە قوربانی بە جۆرێک:

ـ پێنج کۆڵبەری کورد کە یەکیان منداڵ بوو، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای سنە و نەوسوودی پارێزگای کرماشان کوژراون.

هەروەها لانیکەم ٤٣ کۆڵبەر لە ئەنجامی دەسڕێژ یاخود پەلامار و لێدانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان، بریندار بوون کە ٥ کەسیان منداڵن. کۆڵبەرێکیش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرمەشاندا بریندار بووە.

بەفرانبار

لەم مانگەدا ٤٦ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون

ـ چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ئەحمەد سادقی، شۆڕش خەرگووشی، میرزا ئەحمەدی و سادق میرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای سنە و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

هەروەها لانیکەم ٤١ کۆڵبەر لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدان یان دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بریندار بوون. کۆڵبەرێکیش بە هۆی گەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بووە.

لە کۆتایی ئەم مانگەدا گرووپێکی ٩ کەسی لە کۆڵبەران (٤ منداڵ) لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی عێراقەوە لە سنووری نێوان نەوسوود-بیارە دەستبەسەر کران و دوای ئەشکەنجە و لێدان و تاشینی قژیان، لە سەرسنوور ئازاد کران.

رێبەندان

لەرێبەنداندا ٥٥ کۆڵبەر بوونە قوربانی بە جۆرێک:

ـ سێ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی مەنسوور محەممەدنژاد، جەبار وەیسی و سەیوان سەحیحی لە ناوچە سنوورییەکانی پاوەی پارێزگای کرماشان و سەقز و بانەی پارێزگای سنە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆڵبەرێکیش بە ناوی هۆشیار مەحموودی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نەوسوود و هەرێمی کوردستان بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژراون. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناوی فەرید ڕووبینا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی پارێزگای کوردستاندا بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانی لە دەست داوە.

لانیکەم ٣٨ کۆڵبەر لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدان یان دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بریندار بوون کە ٣ کەسیان منداڵ بوون. ٢ کۆڵبەریش لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا بریندار بوون. ٨ کۆڵبەریش لە ڕووداوی هاتوچۆ و ٢ کۆڵبەریش بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بوون.

رەشەمێ

لەم مانگەدا ٧٤ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون، بە جۆرێک چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی جەعفەر فەرەجی، عەلی زەرغامی، محەممەد گەنجە و عەتا حسەینی لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، بانە، پیرانشار و نەوسوودی کرماشان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ڕەحیم محەممەدزادە، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا گیانی بەخت کردووە و تەرمەکەیشی لەسەر شاخێکەوە هەڵدراوەتە خوارەوە. دوو کۆڵبەریش بە ناوەکانی ئارام مەنووچێهری و سەیوان باتر کە خەڵکی مەریوان بوون، بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە.

لانیکەم ٤٧ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. شەش کۆڵبەر بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٥ کۆڵبەر بە ڕووداوی هاتوچۆ، ٤ کۆڵبەر بە ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و ٢ کۆڵبەر بە ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی عێراق، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین، کۆڵبەرێک بە هۆی بەردتێگرتن و کۆڵبەرێکیش بە هۆی لێدانی چەقۆوە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە بریندار بوون.

خاکەلێوە

لە خاکەلێوەدا ٦٠ کۆڵبەر بوونە قوربانی، کە بەم جۆرەیە:

پێنج کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی پەیمان ئەحمەدی، سۆران عەبدی، ئومید سەعیدی، مێهرداد عەبدوڵڵازادە و سەیوان دەستئەفکەن لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، بانە، سەقز، سەردەشت و سەوڵاوا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی شۆڕش شوکری و ئەبووبەکر ماخووزی فەرد بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی هەستیار عەبدولکەریمی و سەعید سەلووسی بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا و کۆڵبەرێکیش بە ناوی محەممەدبایر محەممەدی بە هۆی جەڵدە و وەستانی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.

لانیکەم ٣١ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. هەروەها ٥ کۆڵبەر بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین، ٢ کۆڵبەر بە هۆی ڕاوەدوونانەوە و کۆڵبەرێکیش بە ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. ڕەوف ئەحمەدی، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە لای قاچەوە بەشێک لە جەستەی لە دەست دا.

ـ لە مانگی خاکەلێوەدا ناوچەی سنووریی نەوسوودی کرماشان لانیکەم ٣٠ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانەوە مەترسیدارترین شوێن بۆ کۆڵبەران بووە.

منداڵێکی کۆڵبەری ١٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە ناوی دانیال مام ئەحمەدی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە سزای ٢ ساڵ بەندکران، ٧٤ قامچی و ٢ میلیارد تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپاوە.

لە سەرەتای بانەمەڕەوە تا ئەمڕۆ

لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر لە سەرەتای ئەم مانگەوە بوونە قوربانی بە جۆرێک،

کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٤ ساڵە بە ناوی شوانە ئەحمەدپور خەڵکی گوندی نجنێی خوارووی بانە، بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە سنووری بلەکێ گیانی لەدەستدا و لانیکەم ٢٦ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

وەک کۆڵبەر نیوز پێشتر بڵاویکردبووەوە، لە نێوان ٢٠١٣ تا ٢٠٢٣ لانیکەم ٥٤٦ کۆڵبەر کوژرابوون و هەزار و ٢٤٩ کۆڵبەریش برینداربوون، لە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت بووە.

زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکان دەوڵەت کراونەتە ئامانج، بە بێ ئەوەی هیچ کەسێک لە ئەندامانی ئەو هێزانە رووبەڕووی لێپێچینەوە و دادگایی کردن بکرێتەوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی خودی یاساکانی کۆماری ئیسلامی تەقەکردنی راستەوخۆ رێگەپێنەدراوە و بە پێی چەند قۆناغێک دەتوانێت چەک بەکاربهێنن، کە خۆیان لە تەقەکردن بە ئاسمان، دواتر لە لەکاتی بوونی مەترسی تەقەکردن لە پشتێن بەرەو خوار دەبیننەوە، بەڵام بەرامبەر بەو کۆڵبەرانەی بێچەکن، راستەوخۆ چەک بەکاردەهێدرێن و زۆرینەی لە پشتێن بەرەوسەر کراونەتە ئامانج.

هـ . ب