کۆمەڵەی ٦٨ ی مێرسین یادی دەنیز گەزمیش و هاوڕێکانی بەرزڕاگرت

کۆمەڵەی ٦٨ ی مێرسین ٥٢ هەمین ساڵی لەسێدارەدانی دەنیز گەزمیش و حوسەین ئینان و یوسف ئاسڵانی بیرهێنایەوە.

دەنیز گەزمیش و حوسەین ئینان و یوسف ئاسڵان بەبۆنەی ٥٢ هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانیانەوە، بەپێشەنگایەتی کۆمەڵەی ٦٨ ی مێرسین یادکرانەوە. بەشێک لە ڕێکخراوە چەپەکان و دامەزراوە عەلەوییەکان و پارتە سیاسیەکان و هێزەکانی ڕەنج و دیموکراسی بەشداربوون. بەشداربووان بەرەو مۆنۆمێنتی تایبەت بە نەوەی ٦٨ ڕێپێوانیان کرد و درووشمی "بەڵێنی شۆڕشیان پێ دەدەین"یان بەرزکردەوە.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، لەسەر ناوی جەماوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ٦٨ی مێرسین حەسەن کاپیکران قسەی کرد و ڕایگەیاند سەرەڕای تێپەڕینی ٥٢ ساڵ بەسەر مردنی دەنیزەکان، هێشتا هەمان کێشەکانی جاران هەن، دواین وتەکانی دەنیز و هاوڕێکانی بیرهێنایەوە و گوتی: "تێکۆشانی سەربەخۆیی و دیموکراسی و سۆسیالیزم، ئەمڕۆ بۆتە تێکۆشانی ئایندەی تورک و کورد و هەموو لایەنە بندەستەکان. پێویستە تێکۆشانی دەنیزەکان بەهێزتر بکەین و بانگەوازی تێکۆشانی سەربەخۆیی و دیموکراسی و سۆسیالیزم لە هەمووان بکەین".

پاشان شاعیران بە کوردی و تورکی و عەرەبی و لازی هەڵبەستیان خوێندەوە.