مەترسی لەسێدارەدانی زیندانیەکی ئایینی کورد لەئارادایە

دوابەدوای لەسێدارەدانی ئەنوەر خزری، زیندانیی ئایینی کورد لە زیندانی قزڵ حیساری کەرەج، هاودۆسیەیەکی بە ناوی خوسرەو بەشارەت بەمەبەستی لەسێدارەدان، گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سزای لە سێدارەدانی ئەنوەر خزری زیندانیی ئایینی و باوەڕی کورد لە زیندانی قزڵ حیسار جێبەجێ کرا، ئەمەش لەکاتێکدابوو، کە بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئەنجامدانی دوایین دیدار ئاگادار نەکرابوونەوە.

ئەنوەر خزری رۆژی سێ شەممە گواسترابووە بۆ ژووری تاکەکەسی و رۆژی دواتر سزاکەی جێبەجێکرابوو، هەمان رۆژ خوسرەو بەشارەت، کە لەهەمان دۆسیەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، گواسترایەوە بۆ ژوری تاکەکەسی و وەک تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی لە ئان و ساتدایە.

ئەو دوو زیندانیە و پێنج زیندانی دیکە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا دەستگیرکرابوون و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە ماوەکانی پێشوودا سزای چوار زیندانیان بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داود عەبدوڵاهی و فەرهاد سەلیمی جێبەجێ کرابوو.

ئەو حەوت بەندکراوە، باسیان لەوەکردبوو، کە لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراون و دواجار لە دادگا بە تۆمەتەکانی وەک "هەوڵدان دژی ئاسایشی نێستمانی"، "پرۆپاگەندە دژی دەسەڵات" ئەندامبوون لە گروپە سەلەفیەکان"، "خراپەکاری لەسەر زەوی" سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ١٧١ کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون.

هـ . ب