گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت: ئێوە لە ئیمراڵی چی دەشارنەوە؟

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت ڕایگەیاند درۆی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەربارەی ئیمراڵی لەڕێگەی وەڵامەکەی کۆمیسۆنی فەرمییەوە بووە، گوتی: "ئێوە لە ئیمراڵی چی دەشارنەوە؟".

گۆشەگیری ئیمراڵی

پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی، لە ٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ سەردانی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانیان کرد. سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان پەیوەست بە وەڵامەکەی وەزارەتی داد دەربارەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوا.

گوڵستان ڕایگەیاند پێشتر سەردانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤیان کردووە، گوتی: "سەیری وەڵامەکەیان بکەن، وەزارەت دەڵێت ئەگەر پەیوەندی زیندانی بە پارێزەر و بنەماڵە نەمێنێت ئەوکات دەتوانن باسی گۆشەگیری بکەن. باشە ئێمە دەپرسین: مەگەر دیدای بنەماڵە و پارێزەران قەدەغە نییە؟ وەزارەت بەجۆرێک باس لە گۆشەگیری دەکات، وەک بڵیی چەند ساڵە دیدار لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاستەنگ نەکرابێت. باشە وەڵام بدەنەوە، لە ٧ ی ئابی ٢٠١٩ ـەوە چەند جار دیدار لەگەڵ پارێزەران ئەنجامدراوە؟ بۆچی پارێزەران ناتوانن بچنە ئیمراڵی؟ بۆچی بنەماڵەکان ناتوانن بچنە ئیمراڵی؟".

کۆچیگیت ڕایگەیاند کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) دەچێتە ئیمراڵی و دەگەڕێتەوە و ڕاپۆرت ئامادە دەکات، داوای کرد ئەم ڕاپۆرتانە ئاشکرا بکرێت، گوتی: "تورکیا ڕێگە بەمەش نادات. ئێمە دەپرسین، ئێوە لە ئیمراڵی چی دەشارنەوە؟ بۆچی لە ئیمراڵی گۆشەگیری ئەنجام دەدەن و لەڕێگەی گۆشەگیرییەوە دەتانەوێت چی بکەن؟ پێویستە سەرەتا خودی دەسەڵات وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە. هەر بەوەی بڵێی "گۆشەگیری نییە"، گۆشەگیری لەناوناچێت".  

کۆچیگیت ڕایگەیاند لە ئیمراڵی ئەشکەنجە هەیە و بانگەوازی لە پەرلەمانتاران کرد بەرامبەر ئەشکەنجە بێدەنگ نەبن.

لە کۆتاییدا گوتی: "بێگومان وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیک دادمەزرێنین".