پشتیوانیەکان بۆ کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە کە لە دوای بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دێموکراتیک دەستی پێکرد بەردەوامە، جێنێڤیڤ گەریگۆس ئەندامی ئەنجومەنی شاری پاریس و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە بڕیارەکانی کۆنگرەی دوازدەهەمینی پەکەکە بۆ ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکە گرنگییەکی مێژوویی هەیە و داوای لە یەکێتی ئەوروپا و فەڕەنسا کرد لەوە بارەوە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
'کۆنگرەکە بۆ ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگیەکی مێژوویی هەیە'
جێنێڤیڤ گەریگۆس بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە کرد و گوتی: "ئێمە ماوەی چەند مانگێکە چاوەڕێی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە دەکەین. چونکە ڕێبەر ئاپۆ داوای لە بەڕێوەبەری پەکەکە کردبوو کۆنگرەی خۆی ببەستێت و لەو بارەیەوە بڕیار بدات. ئێستا ئیتر ئەم پرسە گەشەی کردووە. ئەو بڕیارانەی بۆ ئاشتی لە تورکیا و ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراون پەرەسەندنێکی زۆر گرنگ و مێژوویین."
پێویسته هەموو مافەکانی گەلی کورد بە فەرمی دانی پێدا بنرێت
جێنێڤیڤ گەریگۆس ئەوەشی باسکرد کە پەکەکە نەک تەنها شەڕی دژی داعش کرد، بەڵکو بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا هاوکاری کرد. بە لەبەرچاوگرتنی ڕاگەیاندنی کۆتایی هێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری، بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەنقەرە و ئەردۆغان بۆ داننان بە هەموو مافەکانی گەلی کورد زۆر گرنگە. بۆیە داوا لە یەکێتی ئەوروپا و فەڕەنسا دەکەم لەو بارەوە بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد لە ئەستۆ بگرن و پێویستە پشتیوانی لە بانگەوازی ئازادی ئۆجالان بکەن."