درووشمی' ژن، ژیان ، ئازادی' فەلسەفە و پارادیگمای ئۆجالانە بۆ ژنان -٢-

نەجیبە قەرەداغی وتی، بۆ ئەوەی ژن بگەنە مافی خۆیان لە ژێر چەتری فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'دا تێکۆشانیان کرد و قوربانی گەورەیاندا. وتیشی: "ژن لە خۆڵەمێشی دوای ئاگر جارێکی دیکە ئاگری تێکۆشنیان گەش کرد".

نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە بەشی دوومی ڕێپۆرتاژەکەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) سەرنجی ڕاکێشایە سەر بونیاتنانی درووشمی' ژن، ژیان، ئازادی'ی ڕێبەری گەلی کورد، کە جاری یەکەم کەی و لە کوێ ئەو درووشمە بەکار هێنراوە، هەروەها باس لە بزووتنەوەکانی فێمینیزم دەکات، کە ویستان ژن ئازاد بکەن، بەڵام سەرنەکەوتن و باسیش لەسەر شۆڕشی ئێستای ڕؤژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات.

'ژن سەربەخۆیە، بەشداری هەموو کەرتەکانی ژیان دەکات'

نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لە ڕۆڵی ژنانی لە سیستەمی کۆنفیدراڵیزی دیموکراتیک دا کردن کە ئۆجالان پێشكەشی کردووە و وتی: "لە ناو کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دا و لە کۆنفیدارڵیزمی گشتی دا ژن سەربەخۆیی خۆی هەیە. ژن لە بەشەکانی تری ژیان دا بەشداری دەکات. ئێستا کاتێک دەبینین ژنان لە ئێران لە هەموو مەیدانەکان خۆپێشاندان دەکەن هەمان ژیانی خۆیان و هەم سیستەمی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانیش دەگۆڕێت. دەبێت کۆمەڵگاش پشتگیری ئەو گۆڕانکارییە بکات و خاوەنداری لێبکەن. لە ڕاستیدا کۆمەڵگا ئێستا بە هێزی گەنجان و ژنان بەشداری ئەو قۆناغە دەبن. دەوڵەت لەو شوێنانەی، کە ئایدۆلۆژیای خۆی سەپاندوە دەیەوێت سیستەمی خۆی بەسەر ژنان دا بسەپێنێت و لە شەخسی ژندا کۆمەڵگەش کۆیلە بکات. ژنان لە دژی ئەوەی سەرهەڵدان دەکەن. سەر‌‌‌هەڵدانی ژنانیش تەنها بۆ حیجاب نییە، بەڵکو حیجاب بیانویەكە بۆ سەرهەڵدان. دەوڵەت کاتێک دەیەوێت شکڵ بداتە ژن، هەوڵ دەداتە شکڵ بداتە فکر و جەستە و بەدەن و جل لەبەرکردنیشی، ئەوەش بە هەموو شێوەیەک دژی کارەکتەری ئەخلاقی و ئازادی کۆمەڵگایە. کۆمەڵگا ئەو کراسەی دەوڵەت و دەسەڵاتداری قەبووڵ ناکات. بۆچی دەوڵەت زۆرتر هێرش دەکاتە سەر ژنان، لەبەر ئەوەیە، کە دەزانێت ژن هەم خاڵێکی لاوازە و هەم خاڵێکی بە هێزە، لە هەمان کاتدا دەتوانی لە کەسایەتیی ژندا هەموو کۆمەڵگا کۆیلە بکات، بەڵام کاتێک ژن سەرهەڵدان دەکات خاڵێکی هەرە بە هێزی کۆمەڵگایە، چونکە پۆنتاسیلی گۆڕانکاری لە گەڵ خۆیدا بۆ ناو کۆمەڵگا دەهێنێت.

ئۆجالان: نوێنەرایەتی فەلسەفەی 'ژن،ژیان ئازادی' بکەن

قەرەداغی بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "درووشمی' ژن، ژیان، ئازادی' وەک فۆرمیلێکی ئەفسوناویە، فۆرمیلێکە کە ڕێىەر ئاپۆ بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ٢٠١٣ لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکانی بەکاری هێنا. ڕێىەر ئاپۆ دەڵێت؛ 'داوا لە هەموو ژنان دەکەم درووشمی' ژن، ژیان، ئازادی' بەکار بهێنن و ژیانی بکەن و کەسانی تریش فێربکەن'. ئەوە سەر بەخۆ بەڵگە و ڕاستییەکە، کە پێشتر ئەو درووشمە دەرکەوتوە، دەبێت ئێمە هەموومان نوێنەرایەتیی ئەو ڕاستییە بکەین.

لە کوێ دەسەڵاتداری و پیاوسالاری هەبێت دەبێت ئێمە پێشەنگایەتیی ڕاستی بکەین. کۆمەڵگا و ژن بە ڕەنگی خۆیان خۆیان ڕێکخستن بکەن. ئێمە کاتێک باسی قۆناغی تیۆری و پراکتیکی دەکەین بە هەزاران ژن ژیانی خۆیان داوە، بە تێکۆشان و ژیانی خۆیان قوربانیان دا. دەتوانین وەک سیمبوڵ باسی هەندێک لەو قارەمانانە بکەین، نموویان بیریتانە، کە لەبەرامبەر خەتی خیانەت تەسلیم نەبوو، یان زیلان کە لەبەرامبەر کۆمپلۆ (پیلانگێری) لەسەر ڕێبەری گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی چالاکیی گیانبازیی کرد، ڤیان جاف، ڕەهشان، زەکیە، بێریڤان، ڕووناهی، ئارین میرکان، شیرین عەلەمهولی، کە تەسلیمی ڕژێمی ئێران نەبو. بە دەیان و هەزارانی تر، کە قوربانیی زۆر گەورەیان داوە لە پێناو هێڵی ژنی ئازاد.

بە گوێرەی وتارێک کە لەمەڵپەری فارسی کەناڵی BCC بڵاو کراوەتەوە، یەکێک لە چالاکوانانی ژن ئاماژە بەوە دەکات، کە جاری یەکەم درووشمی ' ژن، ژیان، ئازادی" یان لە شیرن عەلەمهولی بیستوە. ئەوەش بەڵگەیکی گەورەیە. لە هەمان کاتدا لەم ڕۆژانە دوایدا مەحمەد ئەمین پێنجووێنی، کە پێشتر چەندین جار چووەتە لای ڕێبەری گەلی کورد لە سوریا و دۆڵی بیقاع وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:' لە ساڵی ١٩٩١ بۆ جاری یەکەم کاتێک چومە بیقاع، کە زیاتر لە هەزار گەریلای لێ بوو، ڕێىەری گەلی کورد وتارێکی پێشکەش کردن و بۆ جاری یەکەم لەو وتارەی ڕێبەر ئاپۆ گوێم لێبوو، کە درووشمی ' ژن، ژیان، ئازادیی' بەکار هێنا و ئەوەم بە چاوی خۆم دیت".

'دەیانەوێت ناوەڕۆکی درووشـمەکە بەتاڵ بکەن و لە ڕاستی دووری بخەنەوە'

قەرەداغی سەرنجی ڕاکێشایە سەر مەترسیەکانی دەسەڵاتداران، کە دەیانەوێت بۆ پووچڵکردنەوەی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕؤژهەڵاتی کوردستان ناوەڕۆکی درووشمەکە بەتاڵ بکەن و لە ڕاستی دووری بخەنەوە و لەو بارەیەوە وتی، "خیانەتی گەورە هەیە، داگیرکەر دەیانەوێت هۆشمەندی نەتەوە پەرستی، پیاوسالاری درێژە پێ بدەن، بۆیە دەیانەوێت پێش لەو درووشمە بگرن. لە مێژوودا نموونەی ئاوا زۆرە. دڕووشمەکە دەگرن و دەستکاریی دەکەن و پێچەوانەوە دەکەنەوە. لە ناوەڕۆکی خۆی دووری دەخەنەوە و بەتاڵی دەکەنەوە. لە لایکی تریش هەندێکی تر دەیانەوێت ئەو درووشمە بکەنە ماڵی خۆیان و دەڵێن پێشتر بزاڤی ژنان بوونیان هەبوە، ڕاستە بزاڤی ژنان بوونیان هەبوە، بەڵام لە راستیدا دەبێت پرسیار بکەین ئایە ئەو بزاڤانە ئاستی بە ئیرادە بوونی ژنان و ئێرادەبوونی کۆمەڵگەیان چەندوە بووە؟ بەشداربوونی ژنان لە چی ئاستێکدا بووە؟ لە هەموو بەشەکانی ژیان ژنان تا چەندە بوونیان هەبوو؟ لەبەرامبەر داگیرکاری ناوخۆ و دەرەکی ئاستی تێکۆشانیان چەندە بوو؟

بزاڤی فێمێنیزم نەیتوانی ئازادیی ژن لە دەسەڵاتداری و دەوڵەت دابڕێنێ

پێشتریش هەندێک درووشم بونیان هەبوو. لە شۆڕشی فەرەنسنا درووشمی' بەرایەتی، یەکسانی، ئازادی' ئەوە درووشمی شۆڕشی فەرنسا بوو، بەڵام بینمان لە قۆناغی دوای ئەوە ژن چەندە توانیی بە ئیرادە ببێت. بە پێچەوانە قۆناغەکە دەوڵەت زیاتر خۆی بە ڕێكخستن دەکات. ئیرادەی کۆمەڵگا لە ناو هەندێک ڕێکخراو و قانون دا بە ئەساس دەگرێت. بەرنگاربوونەوەی ژنانیش لەبەرامبەر ئەوە بووە هۆی مردنی خۆیان، قۆناغی لە سیدارەدانی ژنان، نە هێشتنی ئیرادەی ژنانی لەگەڵ خۆی هێنا، لە بنەڕەتدا بزاڤی فێمینیزم لەبەرامبەر ئەو چەوسانەوەیە سەریان هەڵدا. دوای ئەوە ئەوانیش درووشمەکانی 'نان، کار، ئازادی' و درووشمی چەپی مارکسیزم 'کریکارانی جیهان یەک بگرن' بەرز کرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئیرادەی ژن بە ئەساس وەرنەگیرا و ژن وەک لایەکی ئەساسیی کۆمەڵگا حیسابی بۆ نەکرا.

دەیان گوت سەرەتا دەبێت ببینە دەسەڵاتدار و دواتر مەسەلەی ژن چارەسەر بکەین، لەو قۆناغانەدا بزاڤەکانی فێمینیزم سەریان هەڵدا. هەموویان قۆناغی جیاجیان بە خۆیانەوە بینی. ناکرێت هەموویان وەک یەک بنرخێنین، بەڵام ئەوانیش مژاری ژنیان وەک بابەتی ئازادی تاکە کەسی گرتە دەست نەک وەک قۆناغی ئازادی کۆمەڵگا. لەبەر ئەوەش هیوا ئەوە بوو، کە لە ناو دەوڵەت و دەسەلاتداریدا ئازادیی کۆمەڵگا و ئازادیی ژن وەر بگیرێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ خۆ هەڵخەڵتاندنە. دەوڵەت و دەسەڵاتداری دژی ژن، ژیان و ئازادین. چۆن دەکرێت مرۆڤ چاوەروانییەکی وای هەبێت، کە دەسەڵاتداری و دەوڵەت مافەکانی پێ بدات.

تەڤگەرێکی شۆڕشگێڕییە

ئەوە شتانەی ئێمە لە مەیدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەیبینین، تەڤگەرێکی شۆڕشگێڕییە، شۆڕشێكی کۆمەڵایەتیی تەواوی کۆمەڵگایە. هاوکات دەستێوەردانی دەرەوەشی تێدا دەکرێت، هۆشمەندیی دەسەڵاتداری و نەتەوەپەرستی هەوڵی دەزە کردن دەدات بۆ ناو ئەو شۆڕشە. ئێمە دەبێت لەبیری نەکەین، لە قۆناغەکانی پێشووتر زۆر هەوڵ هەبوون بۆ دزەکردنە ناو شۆڕشەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە شاهیدی شۆڕشی گەلانین لە ساڵی ٢٠١١، کە چۆن بزاڤە ڕادیکاڵە ئیسلامیییە سیاسیییەکان سەریان هەڵدا و بەرهەمی شۆڕشی گەلانیان بۆ خۆیان دزی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مەترسی دۆخێکی وەها هەیە، ئەو ئیرادەیە لە کۆڵان و مەیدانەکان دەیبینی باش دەستی پێکردووە و گەورە بووە و ئەگەری گۆڕانکاری گەورە هەیە، بۆیە گرنگ داکۆکیی لێ بکرێت و ناوەرۆک و دروشم و ئامانجەکانی بپارێزرێت.

ژ.ت