وەزیرانی دەرەوەی ژنی ١٥وڵات سەركۆتی وەحشیانەی ژنانی ئێران هەڵدەسەنگێنن

وەزیری دەرەوەی كەنەدا دەڵێت؛ رژێمی ئیسلامی ئێران دەبێت كۆتایی بەهەرچەشنە توندوتیژی و ئازاردانێكی خەڵكی ئێران و بەتایبەتی بەكارهێنانی توندوتیژی وەحشیانە لەبەرامبەر بەژنان بهێنێت.

ملانی جولی، وەزیری دەرەوەی كەنەدا رایگەیاندوە؛ ١٥وەزیری دەرەوە ژن لە وڵاتانی جیهان لەم هەفتەیەدا بەمیوانداریەتی كەنەداکۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین بەڕێوە دەبەن و لەسەر سەركۆتی"وەحشیانە"ی ژنان و ناڕەزایەتیەكان لەئێران وتووێژ دەكەن.

جولی و ١٥وەزیری دەرەوەی ژن لەوڵاتانی دیكەدا بڕیارە رۆژی شەممە، ٢٠ی تشرینی یەکەم كاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی بەكاتی رۆژهەڵاتی ئەمریكا، لەكۆنفرانسێكی ئۆنلایندا لەسەر بارودۆخ و سەركۆتی ناڕەزایەتیەكانی ئێستای خەڵكی ئێران كۆببنەوە.

رویتەرز، لەزمانی وەزیری دەرەوەی كەنەداوە بڵاویكردۆتەوە كە، ملانی جولی وتوویەتی"من و هاوپیشەكانم كۆدەبینەوە تا پەیامێكی رۆشن و ئاشكرا بدەین. رژێمی ئێران دەبێت كۆتایی بەهەر چەشنە توندوتیژی و ئازاردانی خەڵكی ئێران و بەتایبەتی بەكارهێنانی توندوتیژی وەحشیانەی لەبەرامبەر بەژنان بهێنێت.

جولی هاوكات راشیگەیاندوە؛ وڵاتی كەنەدا لەپاڵ ئەو ئێرانیە ئازادیانە دەوەستێتەوە كە بۆ مافی مرۆڤ شەڕ دەكەن و پاراستنی دایكان، خۆشكان، هاوژین و كچان دەكەن پشتیوانی دەكەن. مافی ژنان، مافی مرۆڤە.

هـ . ب