ڤیلدان دۆغان، هاووتەبێژی دەبەپەی هەرێمی مەڕمەڕە ڕایگەیاند؛ دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ کوشتنی کەسانی مەدەنی، هێرش دەکاتە سەر دامودەزگا مەدەنییەکانیش و ئاماژەی بەوەشدا، کە دەبێت ئەو ڕاستییە لەبیر نەکرێت: "وەک بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان پێشتر وتبووی،'چەمکی دەوڵەت نەتەوە درەنگ یان زوو دەڕوخێت' ئەم ڕاستییە جارێکی دیکە بە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سوریا بینیمان.
ڤیلدان دۆغان، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئاژانسی فورات ڕایگەیاند؛ بە هۆی هێرشەکانی ئەم دواییە، ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا بوو بە پرسیارێکی جدیی. بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیە باش تێبگەین، دەبێت لە زۆر لایەنەوە مەسەلەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و وتی: "هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و حیزبوڵا، ئاگربەست لە لوبنان و کشانەوەی ڕووسیا و ئێران لە سوریا، هاوکات بێدەنگی ئەمریکا هەموو ئەمانە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ورد هەیە."
'ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی دەسکەوتی کوردانە'
دۆغان لە میانەی قسەکانیدا وتی: "تورکیا لەم کاتەدا دەستی بە هێرشەکانی دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد کردووە، بێگومان دەوڵەتی تورکیا بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنەکانی بۆ سەر ناوچەکە بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببات. لەم کاتەدا ڕژێم ڕووخاوە، دەوڵەتی تورک دەرفەتی بەدەست هێناوە. دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە پێشتر بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان وتویەتی چەمکی دەوڵەت نەتەوە درەنگ یان زوو دەڕووخێت، ئەم راستیەمان بە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سوریا بینی."
'پێویستە هەموومان پێکەوە دژی هێرشەکان بوەستینەوە'
دۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند؛ دەوڵەتی تورک بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر کورد و ئاماژەی بەوەدا کە بە تایبەتی دەبێت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ڕۆژئاوا بپارێزن و لەم پرۆسەیەدا دژی هێرشەکان بوەستنەوە. دۆغان ئەوەشی وت: "ڕوونە ئەو دەوڵەتەی نایەوێت کۆبانێ و منبج بە ئازادی بژین و لەسەر بنەمای کۆتایی هێنان بە کورد دامەزراوە، بۆیە هێرشەکانی چڕتر کردووتەوە، بۆیە نەک هەر کورد، بەڵکو دەبێت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بندەستان، گەلان هەموو دژی هێرشەکان بوەستنەوە."