بە دیمەن

ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ئەڵمانیا یادکرانەوە

ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە ٢٣ ی ئاب لە نزیک ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران، بێرگیش گلادباخ یادکرانەوە.

بۆ ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە ٢٣ی ئاب لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک شەهیدکران، لە شاری بێرگیش گلادباخی ئەڵمانیا مەراسیمێکی یادکردنەوە ئەنجامدرا. ئولکەم ئیشەم خوشکی گەورەی گوڵستان تارا، کارمەندانی ڕاگەیاندنی ئازاد، ڕۆژنامەنووسان، نوێنەری ڕێکخراوە دیموکراتیکە کوردییەکان لە ئەڵمانیا، بەشێکی زۆر لە کوردستانیان و دۆستەکانیان بەشدارییان لە مەراسیمی یادکردنەوەکەدا کرد کە لە هۆڵی سال ٢٠٠٠ بەڕێوەچوو. وێنەی ڕۆژنامەنووسانی شەهیدکراو گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و وێنەی ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکان کە لە هێرشی فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوون لە هۆڵی یادەکە هەڵواسران. یادەکە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد.

سەرەتا خوشکی گەورەی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا، ئولکەم ئیشەم قسەی کرد، ڕایگەیاند هەرچەند تەرمی گوڵستان درەنگانی ئێوارە گەیشتە ئێلح بەڵام لەلایەن جەماوەرێکی فراوانەوە پێشوازی لێ کرا، ئەم کۆمەڵکوژییە لە چوار پارچەی کوردستان ناڕەزایەتی توندی لێ کەوتەوە.

لەڕێی کۆمەڵکوژییەوە دەخوازرێت دەنگی ڕاستی کپ بکرێت

لەسەر ناوی کۆماو، دایکە شەنگێ قسەی کرد، شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسەکانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند دەنگی ڕاگەیاندنی ئازادی دەنگی تێکۆشانی مافە، لەڕێی کۆمەڵکوژییەوە دەخوازرێت دەنگی ڕاستی کپ بکرێت. بانگەوازی لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەگەریی نێونەتەوەیی کرد، دژی کۆمەڵکوژییەکانی سەر ڕاگەیاندنی ئازاد هەڵوێست وەربگرن.

پێداگری گوڵستان لەسەر پاراستنی ڕاستی، بۆ هەموو کوردستانیان شەرەفێکی مەزن بوو

لەسەر ناوی دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ڕۆژین، ڕۆنی ئایلەم قسەی کرد، ڕایگەیاند پێداگری گوڵستان لەسەر پاراستنی ڕاستی، نەوەک تەنها بۆ بنەماڵە و هاوڕێکانی، بەڵکو بۆ هەموو کوردستانیان شەرەفێکی مەزن بوو. جەختی کردەوە گوڵستان نوێنەرێکی گرنگی کەلتووری بەرخۆدانە کە لە مێژووی تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازاد، دژی کۆمەڵکوژی و فشار پێشخراوە. ڕایگەیاند گوڵستان لە تێکۆشانی ڕاستی و ئازادیدا سیمبولێکە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای تەمەنی کەمی، هێرۆ بەهادین لەسەر نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد خۆی پێشخست، لەسەر ڕێچکەی مامۆستاکەی کە گوڵستان تارا بوو، بووە بە شێک لە ڕاستی.

بنەماڵەی بارزانی دەستیان لە کۆمەڵکوژییەکەدا هەیە

لەسەر ناوی بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا، پەرۆ دوندار ڕایگەیاند هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ کپکردنی ڕاستی بێ ئاکام دەبێت. جەختی کردەوە هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان دژی کارمەندانی ڕاگەیاندنی ئازاد و سیاسەتمەدارانی کورد و وڵاتپارێزانی باشووری کوردستان، خیانەتی بنەماڵەی بارزانییە. بەهۆی خیانەتی بنەماڵەی بارزانییەوە سنوورەکانی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هەڵوەشاوەتەوە و بە پشتگیری هەواڵگری کارمەندانی تێکۆشانی ئازادی شەهید دەکرێن. جەختی کردەوە، گوڵستان تارا وەک ڕۆژنامەنووسێک لە ٤ پارچەی کوردستان پارێزگاری لە ڕاستی دەکرد.

پاشان سینڤزیۆنێک دەربارەی تێکۆشانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین پیشاندرا. دواتر هاوڕێی هێرۆ بەهادین، ڕۆژنامەنووسی سلێمانی ڕێز لەتیف قسەی کرد.

ڕۆژنامەنووس ئارەزوو دەمیر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کرد، جەختی کردەوە وەک ڕۆژنامەنووسێکی تورک پێی وایە ڕزگاری بە تێکۆشانی هاوبەشی گەلی کورد و تورک دێتەدی. ئاماژەی بەوە کرد بە کار و خەباتیان یادی گوڵستان و هێرۆ زیندوو ڕادەگرن.

پاشان هونەرمەند بەرمال چەم بۆ یادی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گۆرانی چڕی و مەراسیمەکە کۆتایی هات.