لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان" ڤستیڤاڵێک سازکرا

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان" فستیڤاڵی پاریس بۆ نمایشکردنی کاری خۆماڵی سازکرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە پارکی خەیام لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەسەرپەرشتی 'ڕێبوار تەها' پارێزگاری کەرکوک و لەژێر ناونیشانی "پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان"، فیستیڤاڵی پاریس بۆ کاری دەستی و بەرهەمە ناوخۆییەکان لە شاری کەرکوک سازکرا، بڕیارە فیستیڤاڵەکە تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەو کراوە دەبێت.

جێگای باسە، فیستیڤاڵەکە بەمەبەستی گرنگیدان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی و پیشەی تایبەت و کاری دەستی بوو، لە ڤستیڤاڵەکەدا بەشداربووانی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە بەشداربوو بوون، لەنێوان بەشداربووانیش کاک ئازاد جووتیارە نموونەیەکەی شاری هەڵەبجە وەکو میوان سەردانی ڤستیڤاڵەکەی کردبوو، هەروەها دەیان کەس بەرهەم و کارە دەستییەکانی خۆیان نمایش دەکرد، جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداری ڤستیڤاڵەکە بوون و تێیدا بەرهەمەکانیان نمایش کردبوو کە پێکهاتووە لە بەرهەمە خۆراکییە ناوخۆییەکان و کاری دەستی ژنان وەکو دەست بەند و ملوانکەی ڕەنگاو ڕەنگ، دەرمانی جوانکاری، گوڵ و نەمام، چنین و چەندین کاری دیکەی دەستی ژنان، هەروەها بەشێکی دیکەی ڤستیڤاڵەکە پێکهاتبوو لە خواردنی میللی گەلی کورد لەنێوانیاندا کەلانە و چەندین خواردنی دیکەی کوردەواری.

کاک ئازاد جووتیارە نموونەیەکەی شاری هەڵەبجە کە وەکو میوان سەردانی ڤستیڤاڵەکەی کردبوو، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و گوتی: "ئەو فیستیڤاڵانەی کە ئەیبینم بەشێکە لە بازاڕکردنی بەروومەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمووی گرنگتریش ئەو خانمە دەستڕەنگینانە و ئەو گەنجانەی کوردستانن کە تائێستا بەهرە و تواناکانیان ونە بەڵام لەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەرئەکەوێت کە میللەتی کورد چەند دەست ڕەنگینە، من وەکو جووتیارێک حەزئەکەم هەموو گوندەکانی هەرێمی کوردستان فیستیڤاڵی تێدا ساز بکرێت بۆ بەرهەمی گوندەکان و شارەکان، لە هەر شوێنێکیش فیستیڤاڵ هەبێت من زۆر خۆشحاڵم کە وەک جووتیارێک ئامادەم بەشداری تێدا بکەم".

ئایا کەرکوکی کچێکی دەست ڕەنگین و دیزاینەری گوڵی سروشتییە، سەبارەت بە ڤستیڤاڵەکە  بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گوتی: "من وەکو کچێکی کورد توانیم بەشداری بکەم لەم فێستیڤاڵە گەورەیە کە فیستیڤاڵی 'پاریس'ە تاوەکو بتوانم وەکو کچێکی کورد بەهرە و بەرهەمەکانم نمایش بکەم، لەم فیستیڤاڵەدا کاری دەستڕەنگینی من بریتییە لە دزاینەری و ڕازاندنەوەی گوڵی سروشتی و گوڵی سروشتی ئەفرۆشم، حەزم بەم کارە هەیە چونکە گوڵی سروشتی وەکو نەتەوەکانی کەرکوک جوان و فرە ڕەنگە".

ئایا کەرکوکی، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "لەم فیستیڤاڵە بەشداریم کرد تاوەکو بەهرەی خۆم پیشان بدەم و خەڵکی ببینێت کە هەموو بەشداربووان خاوەن بەهرەیەکی تایبەت بەخۆیانن و هەر یەکەیان دەستڕەنگینییەکی خۆی هەیە لە کاری دەستی و پیشەی تایبەت بەخۆی، ئێمەی کچانی دەست ڕەنگین کە بەشداری ئەم فیستیڤاڵە بووینە تاوەکو نیشانی بدەین کە کچان بێهێز نین و خاوەن بەهرەی تایبەت بەخۆیانن".