کەرکوک، یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند شکور خەیات بەرزڕاگیرا
لە چالاکییەکی هونەریدا لە شاری کەرکوک، یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند و مامۆستای مەقامبێژی شوکر خەیات بەرزڕاگیرا.
لە چالاکییەکی هونەریدا لە شاری کەرکوک، یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند و مامۆستای مەقامبێژی شوکر خەیات بەرزڕاگیرا.
شوکر محەمەد قادر ناسراو بە (شوکر خەیات) مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە، وە لە ساڵی ١٩٥٣ چووەتە دونیای هونەری کوردییەوە و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە، شوکر خەیات لە ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی مامۆستا عەلی مەردان تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرزانانی بواری مەقام ناسرا و پاشان نازناوی سەدای ئەنفالی پێوە لکێندرا و تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی کوردی بوو.
شوکر خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧وە کاری خەیاتی دەکرد، چونکە نەیتوانیوە بە کاری هونەری بژێوی ژیانی دابین بکات، چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە، دوای مانەوەی ١١ ڕۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی ١٨/٨/٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.
بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو خزمەتەی کە هونەرمەند کردبووی بە هونەری ڕەسەنی کوردەواری، ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیران، هونەردۆستان، هەروەها کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسیەکانی شاری کەرکوک، لە چالاکییەکی هونەریدا یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو کەڵە هونەرمەندە بەڕێوەچوو.
نورەدین جاف لێپرسراوی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقامبێژی سەبارەت بە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شوکر خەیات هونەرمەندی گەورەی کورد و مامۆستا مەقامبێژی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گوتی: " ئەمرۆ یەکەمین مەڕاسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناودار و گەوهەری مەقامبێژی کوردی مامۆستا شکور خەیاتە، بەڕاستی هونەرمەند شکور خەیات توانی لە ژیانیدا کۆمەڵێک مەقام کوردی بەشێوەیەکی زۆر جوان تۆمار بکات، هونەرمەند ژیانی خۆی تەرخان کرد لەپێناو خزمەتکردنی هونەری کورد، هەرچەندە ئەو هونەرمەندە سەقاڵی دابین کردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی بوو لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی بۆ هونەرەکەی تەرخان کرد زیاتر لە ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵ خزمەتی هونەری ڕەسەنی شاری کەرکوکی کردووە".
هەروەها نورەدین جاف لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "داواکارم لە هونەرمەندان ئەم ڕێچکەیە بزر نەکەن و بەردەوام بن لەخزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی شاری کەرکوک کە ئەویش هونەری مەقاماتی هونەری کوردییە، روحی مامۆستا شوکر خەیات شادبێت".
لەلای خۆیەوە سەبارەت بە یادکردنەوەکە، عومەرە درێژ، مامۆستای مەقامبێژی و هاوڕێی هونەرمەندی کۆچکردوو، گوتی: " بەڕۆیشتنی ئەم کەڵە هونەرمەندە بەڕاستی لەدەستدانێکی گەورەبوو بۆ کورد بەتایبەت لە گەرمیان و لە کەرکوک، ئەم هونەرمەندە توانی ڕێچکەیەکی جوان هەڵبژێرێ ئەویش مەقامە ڕەسەنە کوردییەکان بوو، شارەزابوو لە مەقامە ڕەسەنە کوردییەکان ڕۆحی هونەرمەندی کۆچکردوو شادبێت، هیوادارین بتوانین خزمەتی میللەتەکەمان بکەین تاوەکو لە ژیان بم ئەتوانم خولی هونەری مەقامبێژی بکەمەوە گەنج بێنمە ناو ئەم کایە هونەرییەوە تاوەکو ئەم کلتورە جوانەمان لەدەست نەدەین".
هەروەها هونەرمەند عومەرە درێژ ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار گرت و گوتی: "زۆر داوام کردووە کە پاڵپشتی هونەری کوردی بکرێت بەڵام بەداخەوە ناکرێت، تائیستا دوو خولی هونەریم بۆ دەیان گەنجی شارەکە کردۆتەوە بەڵام بەداخەوە هیچ پاڵپشتییەک ناکرێین تاوەکو بتوانین زیاتر گەنجان بهێنین بۆ ناو کایەی هونەری کوردی".