هێرشەکان دژی هەدەکە ئیدانە کران

ئۆپراسیۆنی قڕکردنی سیاسی دژی هەەدەکە و دەستگیرکردنی محەمەد تورکمەن لە زۆربەی شارەکان ئیدانە کرا و پەیامی "کاتی یەکگرتن و پەرەدان بە تێکۆشانە" ڕاگەیەندرا.

ئۆپراسیۆنی قڕکردنی سیاسی دژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و دەستگیرکردنی محەمەد تورکمەن، سەرۆکی گشتی بیرتەک-سەن لە زۆربەی شارەکان ئیدانە کرا.

هاتای

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی هاتای لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هێرش و گوشارەکانی سەر هەدەکەی ئیدانە کرد. جەماوەرێکی زۆر لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەشدار بوون. بەیاننامەکە لەلایەن هولیا کاڤوک ئەندام پارلمانی دەم پارتیەوە خوێندرایەوە.

هولیا کاڤۆک ڕایگەیاند کە ئەوان لە بەرانبەر فشار و دەستبەسەرکردنەکاندا سەر بۆ کەس نەوی ناکەن و بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی تێکۆشانی خۆیان بەردەوام دەکەن و ڕایگەیاند: "ئەوانەی بۆ یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی تێکۆشان دەکەن سەردەکەون".

هولیا کاڤۆک ئەوەش گوت: "پێویستە دەستبەجێ ئەم دەستبەسەرکردن و گوشارە نایاساییانە رابگرن و هەموو هاوڕێ و هەڤاڵانمان ئازاد بکرێن. پێویستە سەربەخۆیی دادوەری مسۆگەر بکرێت و گوشارە سیاسییەکان بوەستێندرێت، هەروەها پێویستە دەسەڵات دەستبەرداری سیاسەتی قەیوم و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان بێت و ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرێت."

مێرسین

هەروەها پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی مێرسین لە پارکی ئازادی سەبارت بە هێرشەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لە کاتی خوێندنەوەی بەیاننامەکەدا پانکارتی: "نابێت ڕێگری لە چالاکییەکانی سەندیکا و تێکۆشانی کرێکاری بکرێت، دەبێت دەستبەجێ محەمەد تورکمەن ئازاد بکرێت" هەڵکرابوو و بەردەوام دروشمی، "لەبەرانبەر گوشارەکان سەر دانانوێنین" و "محەمەد تورکمەن تەنیا نییە" وترایەوە.

هەروەها لە لە بەیاننامەکەدا وترا؛ ئاکەپە نەک هەر هێرش دەکاتە سەر ئۆپۆزسیۆن، بەڵکوو هێرش دەکاتە سەر کرێکار و کرێکاران. لێرەوە بانگەوازی دەکەین؛ ئەوانەی گیراون تەنها بەڕێوەبەری سەندیکاکان و هونەرمەند و سیاسەتمەدارانن، بەڵکوو تێکۆشانی کرێکاریشن. کات کاتی یەکگرتن و پەرەدان بە تێکۆشانە."

هەروەها سەرۆکی شاری ئەمەپە دژی هێرشە قڕکردنە سیاسییەکان ناڕەزایەتی نیشاندا و وتی: "ئەم گوشار و دەستگیرکردنانە ئێمە ناترسێنێ و بەرەنگاری کردەوە نایاساییەکانی دەبینەوە."