ئەمڕۆ سێشەممە، لە بینای پارێزگاری کەرکوک، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی سەرگەڕان و گوندی شەناغەی شاری کەرکوک، هەروەها لێکۆڵینەوە لە هێرشی سوپای عێراق بۆسەر جووتیارانی کوردی شارەکە، لیژنەیەکی تایبەت لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بەسەرپەرشتی د.زیاد ئەلتەمیمی بریکاری وەزارەتی دادی عێراق سەردانی کەرکوکیان کرد و لەگەڵ پارێزگار و نوێنەری جووتیارانی کورد کۆبوونەوە.
پاش کۆبوونەوەی شاندەکە بەغدا لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک و نوێنەرانی جووتیارانی ناوچەی سەگەڕان و گوندی شەناغە، کۆنگرەیەک رۆژنامەوانی بەسترا و تیدا پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند، "پێویستە کۆتایی بەو زوڵم و ستەمانە بهێنرێت کە بەرامبەر چووتیارانی کوردی شارەکە دەکرێت".
ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ووتی: "ئەم ڕووداوانە کەڵەکەبوونی ٢٠ساڵی ململانیەی سیاسییە، هەنگاوی باشمان ناوە بۆ چارەسەری کێشەکان بەو مەبەستەش چەند کۆبوونەوەیەکمان سازکردووە لە ئەنجامدا وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاسپێردرا ئەو ناوچانەی کە کێشەی لەسەر نیە دیاری بکرێت تاوەکو فەرمانی سەرۆک وەزیرانی پێ وەربگرێت تاوەکو جووتیاران بتوانن کاری کشتوکاڵی خۆیان لەسەر زەوییەکانیان بکەن".
هەروەها پارێزگاری کەرکوک ووتیشی: "جێگای دڵخۆشییە ئەمڕۆ یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشوو بەعس و گەڕانەوەی زوی و زارەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕیندراوەکان لە ڕۆژنامەی "وەقائیعی" عێراق بڵاوکراوەتەوە کە ئەمەش واتای دوای مانگ و نێوێکی دیکە یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردن، ئێمەش وەکو پارێزگاری کەرکوک ئەرکی سەرشانمانە لە سەرجەم ناحیەکانی شاری کەرکوک و دەوروبەری لیژنە دروست دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی هەموو برگەکانی یاسای گەرانەوەی زەوی و زارەکان بۆ خاوەنەکانیان، لێرەش بە خەڵکی ناوچەی سەرگەڕان ڕادەگەینین کە دوای ٢٠ ساڵ لە ئارام گرتن ئەم یاسایە پەسەند کرا، ئێمەش وەکو حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەپی یاساکان چارەسی کێشەکان دەکەین کە لە بەرژەوەندی ئێوەی جووتیارە".
ڕێبوار تەنها باسی لەوەش کرد، کە هەندێک زەوی هەیە لە ناوچەکە کێشەی لەسەرە و دوای دانیشتن لەگەڵ ئەو لیژنەیەی لە بەغداوە هاتووە، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەڕایەتی کشتوکاڵی کەرکوک ڕاسپێردرا کە تاوەکو ئەم شەو هەموو ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی بکەنە کتێبێکی فەرمی و بۆ بەغدا بەرزبکرێتەوە.
سەبارەت بەو سەربازەی بەشێوەیەکی دڕندانە هیرشی کردە سەر جووتیارانی کورد، ڕێبوار تەها ئاشکرای کرد، هیچ هەڵوێستێکی تاک لایەنانە قەبووڵ ناکەین کە دژی جووتیارانی کوردی کەرکوک ئەنجامدەدرێت، ئەو سەربازەشی هیرشی کردۆتە سەر جووتیاری کورد دەستگیرکراوە و فەرمەندەی فیرقەکەش لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو سەربازە پێکهێناوە، لە دوێنێوە لەسەر هێڵین و بەردەوام دەبین بۆ چارەسەری ئەم دۆخە.
جێگا باسە، دوێنێ لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی ناوچەی سەرگەڕان لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و گرژی دروستبوو، لە کاتی گرژییەکانی نێوان سوپای عێراق و جووتیارانی کورد، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکەی لەلایەن سەربازێکەوە لەسەر تراکتۆرەکەی توندوتیژی و سوکایەتی پێکرا (ڕاکێشانی ملپێچی جوتیارە کوردەکە) ئەوەش کاردانەوەی زۆری شەقامی کوردی، بەرپرسان و پەلەمانتارانی کوردی لێکەوەتەوە، تائێستاش بەرپرسانی سوپای عێراق رێگەیان نەداوە جووتیاران زەوییەکانیان بکێڵن.
جێگای ئاماژەیە،٤٢ گوند لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە رۆژئاوای شاری کەرکوکی باشوری کوردستان هەن، پێنج گوند کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکن و کێشەیان ئەو گوندانەی کە کێشەیان لەسەرە بریتین لە گوندەکانی (شەناغە، پەلکانە، سەر بە شاخ، گابەرەکە و خەرابە).