لە گردبوونەوەی وان کودەتای قەیوم ئیدانە کرا

گەلی وان دژی داگیرکاری قەیوم ڕێپێوانیان کرد. لە چالاکییەکەدا پەیامی "بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە داگیرکاری نادەین" ڕاگەیەندرا.

لە شاری وان، بە پێشەنگایەی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە پارکی فەقیێ تەیران بەیاننامەیەک دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی گەورەی وان ڕاگەیاندرا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە بەسەدان کەس ئامادەی بوون، دروشمی "قەیوم دز، لە کوردستان بچۆ دەرەوە"، "قەیوم دەچن، گەل بەردەوامە"،"عەبدوڵا زەیدان و نەسلیهان شەدال شکۆی ئێمەن" بەرزکرایەوە.

لە گردبوونەوەکە ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی وان زەکیە کایا و ڕۆژبین بۆر بە ناوی تەژەئاوە قسەیان کرد و سڵاو لە بەرخۆدانی ٥ڕۆژەی گەلی وان دژی ستەم و زۆرداری کرد.

هەروەها عەبدوڵا زەیدان، هاوسەرۆکی شارەوانیی وان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەشکەنجەدانەکان چەند ڕۆژە گەل لە شەقامەکان بەرخۆدان دەکەن و وتی: "لێرەدا دەسەڵات بە هێزی پۆلیس هەوڵدەدات هیوای ئاشتی گەل لەناوببەن. بەڵام ئەم گەلە وەک جاری ڕابردوو وەڵامێکی گونجاویان دەدەنەوە."

هەروەها هاوسەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی گشتی کرێکاران، ئایفەر کۆچاک و نەسلیهان شەدال، هاوسەرۆکی شارەوانیی وان قسەیان کرد و ڕایانگەیاند، "ئەوانەی ئەمڕۆ ئیرادەی گەلی وان یان داگیرکردووە، پێویستە شەرم لە دایک، ژن و گەنجانمان بکەن کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە شەقامەکاندا بەرخۆدان دەکەن. بە دڵنیاییەوە ناتوان لەناومان ببەن و دەست بەسەر ئیرادەماندا بگرن. ئێمە کوردین و شانازی بە کوردبوونمانەوە دەکەین. ئەمە خاکی ئێمەیە و بە جێ ناهێڵین. گرنگ نییە چی ڕوودەدات، تەنانەت ئەگەر بمرین، ئێمە ئیرادەی خۆمان دەپارێزین."