نەورۆزی خەلفەتی: باقرخان داوای کۆبوونەوەی لە پەرلەمان کرد

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە پیرۆزبایی نەورۆزی خەلفەتی دا قسەی کرد و داوای لە پەرلەمان کرد بە گوێرەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە ئەنجام بدات و وتی: "دەبێت بە پەلە هەموارکردنەوەی یاسایی بکرێت."

له ناوچەی خەلفەتی ڕحا، شوێنی له دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، نەورۆز به دروشمی 'ڕێبەرایەتی ئازاد، کۆمەڵگای دیموکراتیک' بەڕێوه چوو.

لە میانی مەراسیمی پیرۆزبایی نەورۆزدا وێنەی ڕێبەر ئاپۆ بەرز کرایەوە و تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی قسەی کرد. باقرخان گوتی: "خەلفەتی بۆ پێکەوە ژیان و یەکسانی ناوەندێکی زۆر گرنگە، کورد لە خەلفەتی هۆشیاری خۆی وەرگرتەوە، لە خەلفەتی هەڵستایەوە."

باقرخان لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "کورد بە تێکۆشانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە خەلفەتیەوە ناسنامە، کەرامەت و ئاسایشی خۆی بەدەست دەهێنێت. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لە شوێنی لەدایکبوونی بەرێز ئۆجالان نەورۆز لەگەڵ ئێوەی هێژا پیرۆز دەکەم. چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووینەوە، سڵاوی لە هاوشاریانی خۆی خەڵکی خەلفەتی و ڕحا هەبوو و جەژنی نەورۆزی لێتان پیرۆز دەکرد، هیوادارم لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا داواکاریەکانتان قبوڵ بن و ببنە هۆی ئازادی بەڕێز ئۆجالان."

ئەمە دوایین بانگەوازییە دژی نکۆڵی کردن

باقرخان بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆی بە بیرهێنایەوە و رایگەیاند: "ئەم بانگەوازە بانگەوازیی دیموکراسییە. بانگەوازییە بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی ١٠٠ ساڵەی نکۆڵیکردن. بانگەوازییەکە بۆ ژیانێکی هاوبەش و یەکسان بۆ کورد و عەلەوی و گەلان و باوەڕەکانی دیکە زۆر گرنگە. بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێک خاوەنداری لەم بانگەوازییە بکەین، چونکە ئەم بانگەوازییە باس لە هاوڵاتیبوونێکی یەکسان دەکات و بانگەوازێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو نکۆڵیانەی ١٠٠ساڵە بەڕێوە دەبرێن."

'ئێمە سەربەرز و دڵخۆشین چونکە ڕێبەرێکی وەک بەڕێز ئۆجالانمان هەیە'

باقرخان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بەڕێز ئۆجالان پێی ڕاگەیاندین 'لە تورکیا بەبێ کورد، عەلەوی و ژنان دیموکراسی سەرناکەوێت، لە سووریا بەبێ کورد، ئێزدی، ئەرمەنی و گەلان و نەتەوەکانی تر دیموکراسی ناکرێت. بەرێز ئۆجالان ڕێبازێکی ڕزگاری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد، بەڕێز ئۆجالان نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو بۆ هەموو جیهان بە پارادایمەکەی بە چارەسەریەکەی بوو بە نموونە و بۆ ئێمە مایەی سەربەرزی و شانازییە کە ریبەرێکی وەک بەرێز ئۆجالانمان هەیە کە ٢٧ ساڵە لە ژوورێکی ١٢مەتریدا بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشان دەکات."

'بەم بانگەوازییەوە، هەموو شتێک لە نوێیەوە دەست پێدەکات'

باقرخان ڕایگەیاند، بەم بانگەوازییەوە هەموو شتێک کۆتایی نەهاتوو و وتی: "بەم بانگەوازییەوە هەموو شتێک سەرلەنوێ دەست پێدەکات. گەنجان بەرپرسیارێتی ئەم بانگەوازەیان لەسەر شانە بە ڕۆحی گەنجیەتیەوە ئەم بانگەوازییە بەڕێکخستن بکەن."

پێویستە مەرج و دەرفەتەکانی ژیان و دانوستان دابین بکرێت

باقرخان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە خەلفەتیەوە، ئەو شارەی بەرێز ئۆجالان تێدا لەدایک بووە، بانگەوازی لە دەسەڵاتداران دەکەم. ئێوە کەی بارودۆخی ژیان و دەرفەتەکانی دانوستانی ئازادانەی بەڕێز ئۆجالان دابین دەکەن؟ چاوەڕێی چی دەکەن؟ دەبێت هەلومەرجی ژیان و دانوستانی بەڕێز ئۆجالان هەرچی زووتر دابین بکرێت. دەبێت بۆ ئەوەی بەهەزاران کەس لە هاوڕێانی زیندانیمان وەک سەلاحەدین، فیگەن، لەیلا، ئایشە بتوانن لە گەڵمان دەست بەتێکۆشان بکەن هەلومەرج ئامادە بکرێت.

هەروەها باقرخان داوای کرد بۆ ژیانێکی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ کورد و گەلانی دیکەی تورکیا دەبێت گۆڕانکاری یاسایی دەست پێبکات و بانگەوازی ئاراستەی پەرلەمان کرد: "ئەم بانگەوازە بانگەوازێکی مێژووییە، پەرلەمان دەبێت لە بەرامبەر ئەم بانگەوازە مێژووییە بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی هەستێت و بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی دەستبەجێ کۆببێتەوە."

دوای وتارەکان ئاگری نەورۆز هەڵکرا و جەماوەر بە جۆش و خرۆشەوە بە گۆرانییەکانی هونەرمەند ئارهات سەمایان کرد.