لە کەرکوک کۆڕێکی هونەری مەقام خوێندن بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "شەوچەرەیەک بۆ مەقام" کوڕێکی مەقام خوێندن بۆ دۆستی ساماڵ مەقام بێژی بەتوانای شارەکە سازکرا.

مەقام بێژی

شەوی دوێنێ چوارشەممە، لە کتێبخانەی کارێز لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی ڕۆشنبیر، هونەرمەند و هونەردۆستان، لەژێر ناونیشانی "شەوچەرەیەک بۆ مەقام" کوڕێک سەبارەت بە مەقام خوێندن و جۆرەکانی، بۆ 'دۆستی ساماڵ' مەقامبێژی بە توانای شاری کەرکوک سازکرا کە تیدا ناوبراو چەندین مەقامی چڕیییەوە.

هونەرمەند دۆستی ساماڵ، گەنجێكی مەقامخوێن و مەقامناسی بەتوانای شاری كەركوکی باشوری کوردستانە، ناوبراو خاوەن دەنگێكی زوڵاڵ و توانایەكی بەرزی مەقام خوێندنە، وە بەشێوەی ئەكادیمی مۆسیقای خوێندووە، هونەری مەقامیشی لە تەكیەی تاڵەبانی خوێندووە، بەهرەیەكی بەرزی مەقامناسی و مەقام خوێندنی هەیە.

'هونەری مەقام ناسنامەیە بۆ شاری کەرکوک'

لەلای خۆیەوە، مەقام بێژ دۆستی ساماڵ، سەبارەت بە گرنگی مەقام بێژی بۆ نەتەوەی کورد بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی، گووتی: "مەقام لە کلتوری نەتەوەیی کورد چەسپاوە، بەداخەوە لەئیستادا هونەری مەقام خوێندن لاوازبووە و بەرەو فەوتان دەچێت، ئێمەش هەوڵدەدەین ئەم هونەرە ڕەسەنە زیندوو بکەینەوە، هەر شارێک ناسنامەیەکی هەیە مەقام بۆ شاری کەرکوک ناسنامەیە، پێویستە هەوڵبدەین ئەو ناسنامەیەی کەرکوک بپارێزین، لەم کۆڕەشدا جۆرەکانی مەقاممان خوێندن کە بریتیبوون لە (ئورفا، سەبا، حیجاز، مەسنەوی، خەوکەر، قەتار، ئەڵاوەیسی و خورشید)، ئێمەش مەقامان لە کەڵە هونەرمەندەکانی شارەکە بۆ ماوەتەوە، لەوانەش هونەرمەندان "عەلی مەردان، حوسێن عەلی، سەڵاح داودە، شوکرد خەیات، سەید محەمەد کویستانی و چەندین هونەرمەندی دیکە".

'هونەری مەقام بێژی بپارێزن'

لە کۆتایی قسەکانیدا، دۆستی ساماڵ مەقام بێژ، داوای لە گەنجان کرد لەپێناو پاراستنی ئەم هونەرە ڕەسەنەی کورد، بەشێوە و ڕێچکەو قالبی ڕەسەن مەقام بخوێنن، هەروەها داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم لەوانەش هونەرە جوانەکان کە مەقام زیندوو بکەنەوە و گرنگی پێبدەن.

'مەقام ناسنامەی نەتەوەییە بۆ کورد'

ستار جەباری، نووسەر و مێژووناس، کە لە کۆڕەکەدا ئامادەبوون سەبارەت بە گرنگی هونەری مەقام بۆ گەلی کورد، بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا، "مەقام ناسنامەی نەتەوەییە بۆ ئێمەی کورد، لە کەرکوک و ناوچەی گەرمیان پێنج جۆرە مەقاممان هەیە کە بریتیین لە (ئای ئای، خاوکەر، قەتار، ئەڵاوەیسی، خورشیدی) هەروەها لە بادینان لاوک لە هەولێریش حەیران، ئەمانە تەنها لە کلتور و هونەری کورد دا هەیە، پێویستە هونەری مەقام بێژی لە فەوتان بپارێزین وکاری لەسەر بکەین و زیندوویان بکەینەوە، نەتەوەی کورد بە گۆرانی و مەقام بەناوبانگە چونکە نەهامەتی زۆری بەسەرهاتووە، لاوانەوەی مەقامیش جۆرێکە لە دڵدانەوەی مرۆڤی کورد لەکاتی لەدەستدانی کەسێکی، کە لە سەردەمی ئاینی سەردەشتیت بەو شێوەیە بووە لە کاتی مردن مەقامیان چڕیوە، پێویستە هەموومان لەخزمەتی مەقام بین چونکە گەنجینەی نەتەوەییمانە و پێویستە بیپارێزین".

'لەم ناوچانە مەقام تایبەتمەندی خۆی هەیە'

هەروەها، ستار جەباری باسی لە تایبەت مەندی مەقام کرد بە پی ناوچەکانی کوردستان و ووتی: "لە ناوچەی گەرمیان مەقامەکانی هەردەی گەرمیان هەیە کە مەقامەکانی (ئای ئای، قەتار، خاوکەر، ئەڵاوەچی، خورشیدیە) هەیە کە تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زەردەشتییەکان، لە کەرکوک و ناوچەی گەرمیان مەقام نەفەسی درێژی ئەوێت چونکە ناوچەی گەرمیان ناوچەیەکی تەختاییە و نەفەسی درێژی دەوێت بەڵام لە مەقامەکانی لاوک و حەیران چونکە ناوچەی شاخاوییە هەناسەی کورتە، هەروەها دەتوانیت بلین شاری مەهاباد و هەولێر پایتەختی حەیرانن بەڵام لە مەهاباد ژنان زیاتر حەیران دەلێن بەڵام لە هەولێر بە پێچەوانەوەیە".