هێلین ئومید: پێویستە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە پەیوەندیدا بین

هێلین ئومید گوتی: "بۆ ئەوەی بتوانین لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێبگەین، پێویستە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە پەیوەندیدا بین" و ڕایگەیاند پێویستە سیستەمی ئیمراڵی هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە هێلین ئومید لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەر، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکە، وە ئەو هەنگاوانەی لەم ڕووەوە نێردراون، هەڵسەنگاند. چەند خاڵێکی سەرەکی لە هەڵسەنگاندنەکانی هێلین ئومید بەم جۆرەیە:

"پێش هەموو شتێک بە ناوی هەموو جەنگاوەرانی پەکەکە و پاژک، خۆشەویستی و حەسرەت و ڕێزی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەردەبڕین. بە بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، گەیشتینە سەردەمێکی نوێ. لە ڕاگەیاندراوی پەکەکەدا، هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەڕوونی نیشان درا. ئێمە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆمان وەک "مانیفێستۆی سەردەم" پێناسە کرد؛ واتە وەک مانیفێستۆیەک هەڵسەنگاندمان بۆ کرد. ئێستە هەندێک گفتوگۆ هەن: ئایا ئەم بانگەوازە لەناکاو هاتەپێش، یان لە ئەنجامی کۆبوونەوەی چەند ساڵی ڕابردووی شاند و بەرپرسانی دەوڵەت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی "ئامادەکراوە".

سەرەتا دەمەوێت بڵێم. ئەم ڕوانینە هەڵە و چەواشەکارییە. ئێمە باش دەزانین، پارادایمێکی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، پرۆسەیەک هەیە کە چەند ساڵە کاری بۆ دەکات و دەیەوێت پێشی بخات. بۆیە ئەو شتەی ئێمە پێی دەڵێین "مانیفێستۆی سەردەم"، لەڕاستییدا بەرجەستەبوونی پارادایمی "کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـە کە ڕێبەر ئاپۆ بەتایبەت لەپاش پیلانگێڕیی نێونەتەوەییەوە خستییەڕوو. گرنگە ئەمە ببینرێت. ڕاستە، بانگەوازێکی کورت بوو، لاپەڕەیەک بوو، بەڵام وەک هەندێک شرۆڤەکار گوتیان، "کریستاڵیزە" کرابوو، پوختکردنەوەی فیکری ڕوونی وی بوو.

پەکەکە بە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی خۆی، پرسی کورد و هەبوون و پرسی ئازادیی گەلی کوردی خستە بەرچاو. وایکرد گەل ڕووبکاتە تێکۆشان و زەمینەیەک ڕەخسا کە ئیتر ئەم شتە بە ئامرازگەلێکی دوور لە چەکیش بکرێت. بێگومان لەمەودواش زیاتر تەرکیز لەسەر ئەم ئامرازانە دەکرێت.

ڕەنگە بڵێن، بۆچی ئەوەندەی خایاند؟ لەم ڕووەوە، لەگەڵ هەبوونی کێشەی ئێمە لەڕووی "گۆڕان و گۆڕانکاری"ـیەوە، بەتایبەت فشار و هێرش و هەوڵی تێکدان و کارتێکەرە دەرەکییەکان لەبەردەم "گۆڕان و گۆڕانکاری" بوونە بەربەست. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ چاودێری و هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداوەکانی هەرێمەکە کرد، هەروەها بینی بە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی ڕۆژەڤێک لە تورکیادا پێکهات، دەرگایەک کرایەوە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم دەرفەتەی هەڵسەنگاند. وەک هەموو جارێک، ئێمە پێمان باشبوو بەگوێرەی ئەو چوارچێوەیە مامەڵە بکەین کە لەلایەن ڕێبەرێتییەوە دەستنیشان کراوە. وەک پەکەکە هەڵوێستی ئێمە لەم چوارچێوەیەدایە.  

ئەگەر ئەم بابەتە ڕوون بکەینەوە؛ کێشەی گۆڕانمان هەیە، قەناعەتمان بەمە هەیە. لەگەڵ ئەو فشارانەی لەسەرمان هەن، بەڵام ئەمە ڕاستییەکە. واتە ئەگەر دەمانەوێت تێکۆشانی هەبوون و ئازادیی گەلی کورد بگەیەنین بە چارەسەرێکی درێژخایەن، هەروەها لە تێکۆشانی سۆسیالیزمدا ئەڵتەرناتیڤێکی نوێ پێشکەشی گەلان بکەین، ئەم گۆڕانە بۆ خۆمان وەک پێویستییەک دەبینین. ئەمە کاری لەپێشینەمان دەبێت.

هەڕەشە و فشار و هەوڵە هەڕەشەئامێزەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئێمەی ناچار نەکردووە. جەوهەری مەسەلەکە، ئەو سیستەمی بەهایانەیە کە ئێمە باوەڕمان پێیەتی. بۆیە وەڵامی ئێمە بۆ بانگەوازەکە لەم ڕاستییەدا خۆی دەبینێتەوە، بەرئەنجامی بناغەیەکی لەم جۆرەیە.

ڕەهەندێکی تری بابەتە ئەوەیە؛ بەڵێ، ئەم بانگەوازە بۆ پەکەکە بوو. بۆیە هەندێک لایەن دێن و دەڵێن، "پێشتریش بانگەوازێکی وەها هەبوو، ڕێبەری پەکەکە بانگەوازێکی وەهای کرد، بەڵام دەربارەی کێشەکانی نێو تورکیا، هێرشەکانی دیکتاتۆرییەتی ئەم دەسەڵاتە، هێرشە تاک‌پەرستییەکانی ئێستە، کارە نادیموکراتیکەکان، قەیوم و گرتن و فشار، هیچ شتێک نییە. بۆچی هیچ شتێکی لەم جۆرە نەبوو؟" چونکە ئەم بانگەوازە بۆ پەکەکە بوو. پێویستە وەها لەم شتە تێبگەن. هەڵوێستی ئێمە بەم جۆرەیە.

پێویستە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە پەیوەندیدا بین

دووەم شت ئەوەیە؛ هەڵوێستمان چییە بەرامبەر ئەم بانگەوازە؟ ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی: بانگەواز. ئێستە کەشوهەوایەکی وەها دەئافرێنرێت. پاش بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، وەک بڵێی بەم بانگەوازە ئیتر هەموو شتێک تەواو بووبێت. بەڵام ئەمە بانگەوازێکە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی. پێش هەموو شتێک دەبێت بانگەوازەکە قبووڵ بکرێت، دەبێت دەربکەوێت کە تۆ بەگوێرەی ئەم بانگەوازە کاردەکەیت و تێدەکۆشیت و خۆی ڕێکدەخەیت. لەم ڕووەوە، ئێمە وەک پەکەکە ئیرادەی خۆمان نیشان دا.

واتە لەسەر بناغەی بانگەوازی ڕێبەرمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆمان دەگۆڕین. لەسەر ئەم بناغەیە بڕیار دەدەین؛ گوتمان، ئێمە پێداگرییەکی وەهامان هەیە. بەڵام ئێمە لەبەردەم ڕەوشێکی لەم شێوەیەداین. ڕێبەرمان ٢٦ ساڵە لەنێو سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵیدایە.

بۆ ماوەیەکی زۆر سنووردار توانیمان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پەیوەندی ببەستین. ئەم پەیوەندیەش ڕاستەوخۆ نەبوو. وەک دەزانرێت بەرگرینامەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە ئێمە و کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی گەیشت. ئێمەش سوودمان لێ وەرگرت. جار جار دیدار لەگەڵ هەندێک شاند ئەنجام دەدرا، سەرەتا لەگەڵ پارێزەران. پرۆسەیەک هەبوو کە لەگەڵیدا پێشدەکەوت. بە دڵنیاییەوە ڕێگەی بۆ شتێکی لەم شێوەیە خۆش کرد. پێویستە هەموو کەسێک لەم ڕاستییە تێبگات.

بۆ ئەوەی بتوانین لەو پرۆسەی گۆڕان و گۆڕانکارییە تێبگەین کە ڕێبەرمان دەیخاتە پێش ئێمە، پێویستە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە پەیوەندیدا بین.  واتە بە هەڵسەنگاندن و فیکر، "ئایا ڕێبەر ئاپۆ چ دەڵێت"، ناتوانین بگەینە ئەنجام. بەڵێ، ڕاستە ئێمە تەڤگەری ڕێبەرێتین. هەڤاڵانمان هەموویان ئەم ڕاستییەیان درکاند. دوایین جار هەڤاڵ قەرەسوو لە بەرنامەیەکدا ئەمەی بەڕوونی درکاند. "ئێمە دڵسۆزی ڕێبەرێتین و هەمیشە باوەڕمان پێی هەبووە. ئەو چوارچێوەیەی ڕێبەرێتی پێشنیاری دەکات، هەرگیز ئێمەی بەسەر هەڵەدا نەبردووە. ئێمە باوەڕمان بەمەیە و بەگوێرەی ئەمە دەژین". نەوەک هەر ئێمە، هەڵوێستی گەلیش بەم جۆرەیە.

سەرنج بدەن، لە گفتوگۆی هەموواندا نیگەرانییەک بەدیاردەکەوێت. ڕاستی بڵێین، کەسیان باوەڕیان بەم دەوڵەتە نییە. لەگەڵ ئەمانەدا، چۆنە گەلی کورد هەڵوێستێک نیشان نادات، بۆ پاشەکشەکردن بە پرۆسەکە؟ چونکە باوەڕی بە ڕێبەر و گەل و تەڤگەری خۆیەتی. ڕاستییەکی وەها هەیە. بەڵێ، هەوڵدەدەین لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگەین، ئێمە ڕێبەرەکەمان باش دەناسین. ڕوونە کە ئێمە لە دیدگای ڕێبەرەکەمان تێدەگەین. ئێمە تەڤگەرێکی وەهاین، ئەمە ڕاستییەکە. بەڵام بۆ ئەوەی بەباشی لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەرمان تێبگەین، پێویستە لەگەڵیدا لە پەیوەندیدا بین. دەبێت ئەمە بزانرێت.

ئەوانەی ئەمە وەک مەرجێک هەڵدەسەنگێنن، ئەو لایەنانەن کە لە جددیەتی ئەم کارە تێناگەن و خاوەنی بەرپرسیارێتی نین. واتە لە ڕاستینەی پرسی کورد تێناگەن. وێڵی دوای بەرژەوەندیی ڕۆژانە و داهاتی خۆیانن.

پێویستە مەرجە یاسایی و سیاسییەکانی پرۆسەکە دابنرێت

لە ڕاگەیاندراوەکەی ١ ئاداردا چوارچێوەیەکی ڕوون هەیە. هەندێک هەن نایانەوێت ئەمە ببینن و گفتوگۆی لەسەر بکەن. سەرنج بدەن؛ دوای ئەوەی بانگەوازەکە ڕاگەیاندرا، میدیای شەڕی تایبەت هەوڵیاندا ئەم بابەتە بکەنە ڕۆژەڤی گۆڤارەکان. گوتیان، ئایا بە دیمەن دەبێت یان نا، ئایا بە فڵان شێوە دەبێت یان نا؟... بە واتایەکی تر زۆر هەوڵیاندا جەوهەری بابەتەکە بشارنەوە. چوارچێوەیەک هەیە کە دوای دیداری ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ عومەر ئۆجالان ڕوون بووەوە.

ئێمە ئەمەمان بینی. ڕێبەر ئاپۆ چی بە عومەر ئۆجالانی برازای گوت؟ گوتی "دەتوانم پرۆسەکە لە زەمینەی شەڕەوە بگوازمەوە بۆ سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی". گوتی "توانای پێویستم بۆ ئەم کارە هەیە".

بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پرۆسەیە، ڕێبەر ئاپۆ بەڵێنەکەی بردەسەر و ئیرادەی خۆی نیشاندا. سەرەڕای هەلومەرجی گۆشەگیری، بەتەنها ئەم هەوڵەی گرتەبەر. بەڵام شتانێک هەن دەبێت بکرێن. یەکێک لەو شتانەش، وەک پێشتر گوتم، ئامادەکردنی زەمینەی سیاسی و یاساییە بۆ ئەمە. بەم جۆرەی ئێستە نابێت. ڕێبەرێکی سیاسی هەنگاوی هاویشت و بانگەوازی کرد، هەندێک کەوتنەکار، هەندێک دیدار ئەنجامدرا، پرۆسەکە وەها بەڕێوەدەچێت. گەرەنتییەک بۆ ئەمە نییە. گەرەنتییەک نییە کە سبەی دەسەڵات پشت لەمە نەکات. پرۆسە بە قسەی تاکەکەسێک ناچێتەپێش. دەبێت هەمووان ئەمە بزانن. بۆیە دەبێت مەرجە سیاسی و یاساییەکانی بڕەخسێنرێت. ئەمە ڕەهەندێکی گرنگی بابەتەکەیە.

دەمانەوێت ڕێبەرێتی لە ئیمراڵی دەربچێت

واتە دەبێت دەرفەتی ئازادیی کارکردن بۆ ڕێبەر ئاپۆ بڕەخسێت. مادام کاتی هاتووە، دەمەوێت ئەمە بڵێم. ڕێبەرێتی لە ئیمراڵییە؛  ئەوان دەیانەوێت بابەتی ئیمراڵی نەیەتە بەرباس. بەڵام ئێمە ناتوانین سیستەمی ئیمراڵی قبووڵ بکەین. واتە ئێستە ڕێبەرمان بانگەوازی کرد، پەکەکە وەڵامی ئەرێنی دایەوە. دەبوو هەلومەرجی ئیمراڵی یەکسەر بگۆڕیایە. بەڵام هێشتا هاتن و چوون بۆ ئەوێ، بەستراوە بە ڕێگەپێدانی وەزارەتی دادەوە. هەلومەرجی کار بەم جۆرەیە. بۆیە دەمانەوێت سیستەمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە. دەمانەوێت ئیمراڵی بڕووخێنرێت. لەوەش زیاتر، دەمانەوێت ڕێبەرێتی لە ئیمراڵی دەربچێت.

پێشتر ویستم بڵێم، پێش هەموو شتێک دەبێت هەلومەرجی پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕێبەرێتی بڕەخسێت. باشە، ئێمە بەدڵسۆزییەوە مامەڵە دەکەین، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێبەرێتی تێبگەین، قەناعەت بکەین، دەبێت هەلومەرج بڕەخسێت تاوەکو پەیوەندی لەگەڵ ڕێبەرێتی ببەستین. بەڵێ، پەکەکە کۆنگرە دەبەستێت، بڕیاری جیاواز دەدات، پێکەوە کۆدەبنەوە، بەڵام ئەگەر لێی تێ نەگات، چۆن تاوتوێی بکات؟ بۆیە ئەم شتە پێویستە.

لەلایەکی ترەوە، پێشتر لەبارەی بابەتی ئاسایشەوە قسەمان کردووە. ئێمە ئاگربەستی تاکلایەنەمان ڕاگەیاند. واتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا بە گوتنی "ئایا شتێکی شاراوە هەیە، ئایا ڕێککەوتوون؟" ئەم شتە دەوروژێنێت. بۆ ئەوەی وەڵامێکی واتادار بە بانگەوازەکەی ڕێبەرمان بدەینەوە، ئاگربەستمان ڕاگەیاند. بۆ بەدیهێنانی پێویستییەکانی ئەم بانگەوازە، ئاگربەستمان ڕاگەیاند.

توندکردنەوەی ڕۆژەڤی تورکیا بە هەلومەرجی شەڕ، ناتوانێت بابەتە بەشێوەیەکی ئەرێنی بخاتە بەرباس و تاوتوێکردن. بیربکەنەوە، ڕۆژانە تەرمی گەریلا بچنەوە کوردستان، ڕۆژانە تەرمی سەرباز بچنەوە تورکیا. لە ڕەوشێکی وەهادا، کۆمەڵگە چۆن لەمە تێدەگات؟ ناتوانێت بە ئەرێنی تاوتوێی بکات. چونکە پرسەکە قورس و ئاڵۆزە. پرسەکە خۆی قورس وئاڵۆزە.

بۆ ئەمەش هەر ناوێکی لێ دەنێن، لێی بنێن، پێی بڵێن ئاگربەست، وەستاندنی شەڕ، بێدەنگکردنی چەک؛ بەڵام بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بۆ ئەوەی پەکەە بتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و دەست لە چەک هەڵبگرێت، دەبوو ئاستێک هەبێت کە تێیدا هەنگاو بنرێت. ئەگەر نا، هەموو شتێک لە ئاستی قسەدا دەمێنێتەوە.

بانگەوازەکە نیشانی دەدات کە پەکەکە لە پێگەیەکی بەهێزدایە

بانگەوازەکە کاریگەرییەکی مەزنی هەبوو. ڕاستییەکەی، ئەم ڕەوشە ئاستی کاریگەریی ڕاستەقینەی ڕێبەرێتی نیشاندا. لە چەندین وڵاتی جیهانەوە ڕاگەیاندراو هەبوون. دەوڵەتان ڕاگەیاندراویان هەبوو. وڵاتی چین ڕاگەیاندراوی هەبوو. ڕۆشنبیران و نووسەران و دەستبەژێران و لایەنە چەپ-سۆسیالیست_دیموکراتەکان هەڵوێستی زۆر ئەرێنیان نیشان دا. هاوکات ڕاگەیاندراوی ١ ی ئاداری پەکەکەش بەهەمان شێوە پێشوازی لێ کرا. ئەمەش هێزی کاریگەری پەکەکەی نیشاندا. دەبێت ئەم بانگەوازە و وەڵامی ئەم بانگەوازە بەباشی ببینرێت. بۆ تێگەیشتن لە پەکەکە، بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی ڕێبەرێتی، بۆ تێگەیشتن لە ئاستی پەکەکە، دەبێت ئەو ئەتمۆسفیرە باش هەڵبسەنگێندرێت کە ئەم بانگەوازەی ئافراندووە.

دەمەوێت پێش هەموو شتێک بە بەرپرسان بڵێم؛ با هیچ کەسێک خۆی فریو نەدات. کەس نەڵێت ڕێبەرێتی و پەکەکە لەکاتی لاوازیدا ئەم هەنگاوەیان ناوە. بەپێچەوانەوە، کاریگەریی ئەم بانگەوازە نیشانی دەدات کە چەند بەهێزە و چەند کاریگەری لەسەر گەلان و کۆمەڵگەکان و جیهان و هەرێمەکە دەکات".