هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم)، تولای حاتەم ئۆغولاری و تونجەر باقرخان کە دوابەدوای بانگەوازییە مێژووییەکەی رێبەر ئاپۆ دەستیان بە سەردان و کۆبوونەوە لە گەڵ پارتە سیاسییەکان کردووە، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ سەرۆکی پارتی سەعادەت مەحموود ئارکان کۆبوونەوە.
شاندی دەم پارتی لەلایەن مەحموود ئارکان سەرۆکی پارتی سەعادەت و مەسعوود دۆغان بەرپرسی کاروباری سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە مستەفا کایا و سەرۆکی لقی ژنان و بولێنت کایا جێگری سەرۆک گروپی پەرلەمان نورگول بەیتییە ئەکینجی پێشوازییان لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکەیان لە پێش ڕۆژنامەنوسان لێدوانێکی هاوبەشیان ڕاگەیاند.
باقرخان: دەوڵەت پێویستە نەخشە ڕێگایەک دەست نیشان بکات
تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە و گەیشتنە چەندین خاڵی هاوبەش و وتی: "ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی کاتی سووریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریامان هەڵسەنگاند. هەروەها باسمان لە پرسە جیاوازەکانی تری ناوخۆی تورکیا کرد. بانگەوازییەکە گرنگ بوو بۆیە لە گەڵ زۆربەی لایەنەکاندا لە کۆبوونەوەکان باسمان لەسەر کرد. لە بانگەوازەکەدا ڕۆڵی پەرلەمان دەست نیشانکراوە بۆیە بە پێویستی دەزانین پەرلەمان دەبێت نەخشە ڕێگایەک پێشکەش بکات.
حکومەت چاوەڕێی چی دەکات؟
دوای بانگەوازییەکە ئێمە سەردانی هەموو دامەزراوە و لایەنە سیاسیەکانمان لە تورکیا و هەموو جیهان کرد، هەموو کەس بڕیاریانداوە بە گرنگیەوە لە پرۆسەکە نزیک دەبنەوە و پێویستە بە ئاشتی بگاتە ئەنجام. ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە لە هەر شوێنێک لەو بارەوە لێمان پرسیار دەکرێت. پێشوازیەکی زۆر هەیە. لەیەک تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی هەیە. هەمووان دەبپرسن باشە حکومەت ئیتر چاوەڕێی چی دەکات؟ هۆکار چیە تا ئێستا هیچ کارێک نەکراوە و چ ئاستەنگێک لەبەردەمدا هەیە؟
بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان ڕێگەی ئاشتی لە سووریا کردەوە
بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی بەرەوپێش بڕوات، یەکەم کار ئەوەیە کە دەرفەت بۆ بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێندرێت هەتا دەست بە دانوستان بکات. سەیرکەن، بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان، لە سووریاش دەرفەتی بۆ ئاشتی کردەوە. دڵنیابن ئەو بانگەوازییە بەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەڕێوەبەری دیمەشقی لە دەور یەک کۆکردەوە و زەمینەی بۆ پێشکەوتنە گرنگەکان هەموار کرد.
ئەو پرۆسەیەی ئێمە لە نزیکەوە بەدوادا چوونی بۆ دەکەین و گرنگی پێدەدەین، کلیلی چارەسەری ئەم پرۆسەیە بە مەرجێ بە دروستی بەڕێوەبچێت، دەتوانێت سووریایەکی دیموکراتیک بنیات بنێت. بۆیە بەرێز سەرۆککۆماریش لەو بارەیەوە شتی زۆر گرنگی باس کرد. سەرکەوتن تەنیا بۆ گەلی سووریا نییە، ئێمە و گەلانی تورکیاش دەگرێتەوە ئەو پرۆسەیە لە تورکیاش بەڕێوە دەچێت.
بەم بۆنەیەوە بانگەوازی لە حکومەت دەکەین؛ ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئێوە لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیوەندی دروست بکەن. دەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵیان کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن. ئیمەش ئێستا لە پرۆسەی گفتوگۆداین. هەروەک چۆن گفتوگۆ لە سووریادا ڕێککەوتنی بەدوای خۆیدا هێنا؛ بەهەمان شیوە هیوادارین ئەم گفتوگۆیانەی ئێمەش سەبارەت بە چارەسەری لە تورکیا بە هەنگاوی یاسایی بگاتە ئەنجام.
باقرخان لە کۆتاییدا باسی لە سەرۆکی دامەزرێنەری پارتی سەعادەت ئەرباکان کرد و سەرنجی خستەسەر هەوڵەکانی ئەرباکان بۆ چارەسەری پرسی کورد.
ئارکان: پێویستە حکومەتیش هەندێ هەنگاو بنێت
ئارکان دوای باقرخان قسەی کرد و وتی: "ئێمە لە سەردەمێکی نائاساییدا دەژین، کاتێک سەیری ڕووداوەکان دەکەین هەم لە وڵاتەکەمان و هەم لە وڵاتانی دەوروبەر دەبینین کە چەندە گرنگە لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە و لەسەر پرسەکان دانوستان بکەن. دڵنیام بەم کۆبوونەوانەوە هەموو پرسیارەکان دەڕەوێنەوە.
پارتی سەعادەت لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورددا مێژوویەکی ٥٦ ساڵەی هەیە. دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە ٥٦ ساڵە سەرنجمان لەسەر ئەم بابەتە هەیە و هەتا ئەمڕۆ بەردەوامین. بێگومان دوای ٣ ڕۆژی دیکە دەچینە ١٤ـەمین ساڵی شەڕی ناوخۆی سووریاوە. لێرەوە دیسان بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویدا نیگەرانی خۆم دەردەبڕم. بەڕاسی گرنگە شەڕ ڕاوەستێ و یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت و گەلانی سووریا بە دانوستانەوە ئاڵۆزییەکانی چارەسەر بکەن.
زۆرێک لە کێشەکان بەبێ گفتوگۆ ماون
لە کۆبوونەوەکەمان باسم کرد. ئەگەر لە تورکیا دیموکراتیکبوون هەبێت، ئەگەر بەڕاستی ئەو ڕووداوانەی کە نزیکەی ٥٠ ساڵە لە تورکیا ڕوودەدەن، بیانەوێت چارەسەر بکرێن، دەبێت حکومەتیش هەندێ هەنگاو بنێت. لە ڕاستیدا زۆرێک لە کێشەکان بی گفتوگۆ ماونەتەوە. بەتایبەت حکومەت دوودڵە لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە، بۆیە بە شێوەیەکی ڕوون پێویستە جەماوەر و لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەکە ئاگاداربکرێنەوە، چونکوو ئەم هەڵوێستەی حکومەت ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە.
ئارکان داوای لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی ڕادەربڕینی کرد و دژی دانانی قەیومەکان کاردانەوەی نێشاندا.
'پێویستە سەرۆککۆماریش بەشداری پرۆسەکە بێت'
باقرخان لە وڵامی ڕۆژنامەنووساندا کە پرسیاری: "بەڕێز ئەردۆغان لێدوانێکی دا و گوتی، ئەگەر شاندی ئیمرالی داواکاری بۆ کۆبوونەوە بکات، لەگەڵیان کۆدەبمەوە، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ لە وەڵامدا وتی: "بێگومان شاندەکەمان لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان کۆدەبێتەوە، بۆچی کۆنابینەوە، ئەو وڵات بەرێوە دەبات. ئەو یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی چارەسەری پرسەکەیە. لە کاتێکدا ئێمە لێرەین، شاندەکەمان ئامادەکاری بۆ داواکاریی دەکات. ئەمڕۆ یان سبەی داواکارییەکەمان پێشکەش دەکەین. ئەڵبەت دەبوو زووتریش ئەو کارە بکرایە. ئێمە باسی پرسێکی ٥٠ ساڵەی تورکیا دەکەین. ئێمە باسی پرسێکی زۆر گرنگ دەکەین بۆیە سەردان و گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە زۆر بە گرنگ دەبینین."