لە کەرکوک دەربارەی "خوێندنەوەی مێژوویی بۆ میوزیک و گۆرانی کوردی" پانێڵێک سازکرا

لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی (خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ میوزیک و گۆرانی کوردی لەمیانی سەد ساڵدا) سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان پانێڵێکی سازکرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک لە باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی هونەری و هونەردۆستان، لقی کەرکوکی سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان، لەژێر ناونیشانی (خوێندنەوەیەکی مێژویی بۆ موزیک و گۆرانی کورد لەمیانی سەد ساڵدا، ئاڵنگارییە هونەرییەکانی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە کوردستاندا) هەستان بە سازکردنی پانێڵێک بۆ هەریەکە لە دکتۆر "ئامانج غازی، سرود فواد و مامۆستای هونەر چالاک سدیق".

'داگیرکەران هەوڵی سڕینەوەی هونەری کورددیان داوە'

بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان سیروان عومەر لە بارەی ئامانجی پانێڵەکە بۆ ئاژانسمان قسەیکرد بەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا هونەر و میوزیکی کوردی چ کاریگەری و پەرەسەندنێکی بە خۆیەوە بینیوە.

هەر لە قسەکانییدا سیروان عومەر باسی لە هەوڵەکانی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کرد بۆ سڕێنەوەی کلتور، هونەر وشوناسی کوردان و گوتی: "سەرجەم ئەو حکومەتە یەک لەدوای یەکانەی عێراق کە هاتوونەتە سەر دەسەڵات بەردەوام هەوڵیانداوە پرۆسەیەکی چڕی بەعەرەب کردن دژی کورد بەڕێوەبەرن کە هونەریش بەر ئەو پرۆسەیە کەوتووە بەتایبەتی لە شاری کەرکوک کە هەوڵدراوە شوناس و کلتوری کورد بسڕنەوە، خۆشبەختانە کۆمەڵێک هونەرمەندی بەتوانا و مەقامبێژ و پەیمانگای هونەرە جوانەکان لەو سەردەمە رۆڵی باشیان هەبووە کە ڕێگربوونە لە لەناوچوونی کلتوری هونەری کوردی لەوانەش هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان".

'بۆ تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکان پێویستی بە توێژنەوەیە'

هەر سەبارەت بە  پانێڵەکە د. سرود فواد، مامۆستای هونەر لە زانکۆی سەڵاحەدین بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و وتی: "ئەمڕۆ لەم پانێڵەدا باسی مێژوویی میوزیک و گۆرانی کوردیمان کرد لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، هەروەها تیشکمان خستەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوی هونەری کوردی بوونەتەوە لە باشوری کوردستان  بەتایبەتی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە بوونەتە بەربەست لەبەردەم هونەری کوردیدا، هەروەها باسمان لە پەیوەندی نێوان هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان کرد، بۆ چارەسەری ئاڵنگارییەکان پێویستە توێژەران هانبدەین کە توێژینەوەی زیاتر بکەن بۆ ڕووبەڕوونەوەی ئاستەنگییەکان".

'هەزاران بەرهەمی هونەری کوردیان دزیوە'

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، د. سرود فواد، باسی لە دزینی هونەری کوردی کرد لەلایەن گەلانی دراوسێ و داگیرکەرانی کوردستان و ڕایگەیاند: هەروەها باسمان لەو هێرشە کلتورییە کرد کە کراوەتە سەر کلتور و هونەری کوردی بەتایبەتی لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی ٢٠دا، لەکاتی دروستبوونی ڕادیۆ و ناوەندە میدیاییەکان هەزاران بەرهەمی هونەری کوردی لەلایەن نەتەوەکانی دیکەوە دزراون".

'بە توێژینەوەی زانستی مۆرکی ڕەسەنێتی هونەری کوردی دەربخەین'

لەلای خۆیەوە، د. ئامانج غازی سەبارەت بە دۆخی ئیستای هونەری کوردی، گووتی: "پێویستە بزانین کە چۆن ئەو میلۆدیانەی هونەر لە باوەشی هونەرێکی کەلەپوری و کوردیدا بخرێتە کار، دواتر بگەینە میوزیکی مودێرنی کوردی کە لەگەڵ چاخی ئیستادا بگونجێت، دەستپێکردن لە ڕەسەنایەتی و بەستنەوەی بە هاوکێشەی نوێگەرییەوە وەکو هونەرمەندانی ئەکادیمی کاری لە پێشینەمانە، لە ئەنجامی توێژینەوە و گەڕانی مەیدانیمان بگەینە ئەو ئامانجەی جیاکردنەوەی مۆرکی گۆرانی کوردی لەگەڵ گۆرانی گەلانی دراوسێ، تاوەکو بتوانین کار لە نمایشی چڕینی گۆرانی کوردی بکەین بەمەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی کە مەبەستمانە".