پەژاک: هەڤاڵمان شۆڕش قەڵات شەهید بوو-نوێکراوەتەوە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاند، رۆژی ٧ی خەزەڵوەر (٢٨ی تشرینی یەکەم) ئەندامی مەجلیسی پەژاک شۆڕش قەڵات لەسەر رێگەی پیرانشار-مەهاباد بە شێوەیەکی ناجوامێرانە شەهید بووە، هاوکات سەرجەم بانگەشەکانی دەوڵەتی ئێرانی لەوبارەوە رەتکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە شەهیدبوونی شۆڕش قەڵات ئەندامی مەجلیسی پەژاک رایگەیاندووە: "رژێمی ئێران سەرباری تەواوی گوشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، بەردەوامە لەسەر سیاسەتە فریوکارییەکانی و لە هەوڵی ئەوەدایە بەم جۆرە لە حوکمڕانی خۆی بەردەوام بێت. ئەم رژێمە لە هەموو لایەکەوە هەوڵ دەدات تا لە رێگەی گوشار و سەرکوت و دەستگیری و کوشتاری بە ئەنقەست و زیندانیکردنی سەرجەم ناڕازاییان و بەرهەڵستکاران، کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی گەلان و سەرجەم توێژەکان تووشی تۆقاندن و بێکاریگەری بکات و لەلایەکی دیکەوە بە شێوەیەکی دوور لە سەرجەم پێوەر و بنەما مرۆیی و ئەخلاقی و ویژدانییەکان هەوڵ دەدات دەنگی خەڵکی ناڕازی و داواکارییەکانیان بە هێز و دەوڵەتە دەرەکیەکان ببەستێتەوە و بەم جۆرە رەوایەتی بە فشار و سیاسەتە نامرۆڤانەییەکانی بدات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هکەر ئەم دەسەڵاتە ئامادەیە هەموو جۆرە سازشێک بۆ هێزە دەرەکیەکان بکات، تەنیا بەو مەرجەی ئەم کۆڕ وکۆمەڵە نێونەتەوەییانە لەبەرامبەر سەرکوتی گەلان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبێت. رژێم بە هۆی دەستەوەستانبوون لە بەرامبەر دۆخی هەنوکەیی و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵگە رێگەی ناپاکانە دەگرێتەبەر. ئەم دەسەڵاتە لەدوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی رەوایەتی خۆی لە ناو سەرجەم کۆمەڵگەی ئێران بە تەواوەتی لەدەستداوە و بۆ درێژەدان بە سیستمەکەی هەوڵ دەدات تا لەرێگەی هێزی سەربازی و دامەزراوە سەرکەوتکارانەکانی سەرجەم دەنگە ناڕازییەکان کپ بکات. بە تایبەتی هەوڵ دەدات زیندانیانی سیاسی و لەنێویاندا ژنان و گەنجان بخاتەژێر فشار و ئەشکەنجەی دەرونی و رۆحی و جەستەیی و بنەماڵەکان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات و هاوکاتیش لە بەرامبەر هێزە ئازادیخوازانەکان بە تەواوەتی بە توندوتیژییەوە هەڵسوکەوت دەکات.

"رۆژی ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ (٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤) لە سەر رێگەی پیرانشار – مەهاباد هێزەکانی ئیتلاعات بە هاوکاری سوپای پاسداران و بەکرێگیراوانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ناجوامێرانە هەڤاڵمان شۆڕش قەڵات (مەولان رۆستەمی)یان بە شێوەیەکی ناجوامێرانە و بە دەستڕێژی گولـلە شەهید کردووە و دواتر بۆ شاردنەوەی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیان سیناریۆیەکیان داڕشتووە کە گوایە هێزەکانیان گروپێکیان لەناوبردووە کە لە هەرێمی کوردستانەوە چوونە ناو ئێران.

پەژاک وێڕای رەتکردنەوەی ئەو بانگەشانە رایگەیاندووە: "سەرجەم ئەو زانیارییە پڕ لە چەواشەکارییەی رژێمی ئێران رەتدەکەینەوە و بە توندی رژێمی سەرکوت و سێدارە شەرمەزار و رسوا دەکەین و لە هەمان کاتدا رای گشتیی گەلەکەمان، وڵاتپارێزان، بنەماڵە و کەسوکاری هەڤاڵی شەهیدمان و گەل و کۆمەڵگەی ئێران ئاگادار دەکەینەوە کە هەڤاڵ "شۆڕش قەڵات" رۆڵەی ئەم خاک و گوند و بنەماڵە وڵاتپارێزە بووە و ساڵی ٢٠١٥ پەیوەست بووە بە ریزەکانی رێکخستن و پارتەکەانەوە و بە درێژایی ئەم ماوەیە لە ناوخۆی وڵات سەرقاڵی کاری رێکخستن و چالاکی ناسەربازی و وشیارکردنەوەی گەل بووە و لەم رێگەدا تا ئەندامێتی لە مەجلیسی پارتەکەمان چووە و تا سەر بڕوای بە چالاکی و کاری مەدەنی و لە ناو بەرەی گەلدا بووە و لەم پێناوەشدا بەشێوەیەکی ماندونەناسانە تێکۆشاوە. بە پێچەوانەی سەرجەم بانگەشەکانی رژێم، هەڤاڵمان "شۆڕش قەڵات" کەسایەتیەکی تاسەر وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕی ماندوویی نەناس بوو کە لە پێناو هێنانەدی ئاوات و داوکارییەکانی گەلەکەی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دیموکراتیکی گەلان هەموو هەوڵەکانی خستبووەگەڕ و لەم رێگەیەدا سڵی نەدەکردەوە و هیچ شتێک نەیدەتوانی ببێتە لەمپەر و بەربەست لە بەرامبەر هەوڵ و تێکۆشان و چالاکییە رێکخراوەییەکەیدا لەناو گەلەکەمان و کۆمەڵگە.

هەرلە راگەیەندراوەکەی پەژاکدا هاتووە: "بە بۆنەی شەهیدبوونی ئەم رۆڵە بەنرخی گەلەکەمان و ئەندامی مەجلیسی پارتەکەمان سەرەخۆشی لە بنەماڵە، منداڵان و سەرجەم هاوڕێ و خۆشەویستانی دەکەین و بەڵێن دووپاتدەکەینەوە کە لە سەر رێبازەکەی کە رێبازی ئازادی، یەکسانی و مرۆڤایەتیە پەرە بە تێکۆشانمان بدەین".

هەڤاڵ شۆڕش کەسایەتیەک بوو کە لەوپەڕی لەخۆبوردەیی و کەسێکی کۆمەڵایەتی بوو. هەرچەندە ژیانی هاوبەشی و هاوژینی ئەزمون کردبوو، بەڵام ئەمەی نەکردە لەمپەرێک لەبەردەم تێکۆشان و خەباتی ئازادیخوازانە و هەموو کات لە هەڵوێست و وتەکانیدا جەختی دەکردەوە کە ژیانی هاوبەش و دیموکراتیک، تەنیا بە تێکۆشان و خەبات و وڵاتپاڕێزی و خۆشەویستی وڵات دەستەبەر دەبێت، بەو جۆرە دادەمەزرێت، جگە لەوە ئاوێتەی خیانەت و لە ئاکامدا خۆبەدەستەوەدانە.

هەڤاڵ شۆڕش قەڵات بە رەنج و هەوڵ و ماندووبوونەکانی و هەبوونی کەسایەتیەکی تێکۆشەر ناسرابوو. پەیوەست بوو بە گەل و وڵات و ئازادی وڵاتەکەی و پێکەوەژیانی گەلان و لە سەرجەم بوارەکانی تێکۆشاندا بەبێ دڕدۆنگی و دوودڵی بەشداری دەکرد و سەرجەم هەوڵ و تواناکانی لە رێگەی هێنانەدی ئامانجەکانی شۆڕش و ئازادی گەل بەکاردەهێنا. بە سادەیی ژیا و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ناوەندە جەماوەرییەکان و هەڤاڵانیدا ساز دەکرد و هەڤاڵێتی و بنەما ئەخلاقییەکان بناغەی هەڵسوکەوتی بوو.

چالاکیی کۆمەڵایەتی و جەماوەری سەرەتاییترین یاسای گەلانە، کە تەواوی دنیا ئەوانەی بە فەرمی ناسیوە، بەڵام رژێمی ئێران بە پێداگری لەسەر سیاسەتی نادیموکراتیک و نامرۆڤانەی خۆی بە درێژایی زیاتر لە ٤٠ ساڵ نیشانداوە کە هیچ یەک لەم بنەما و پێوەرە مرۆیی، ئەخلاقی، کولتوری و سیاسیانەی گەلان بە رەوا نازانێت. گەلەکەمان و کۆمەڵگەی کورد و سەرجەم کۆمەڵگەکانی ناو ئێران دەبێت بزانن کە تەواوی بانگەشەکانی رژێم بۆ گۆڕانکاری، دوورن لە راستی و هیچ شتێک نین جگە لە چەواشەکردنی خەڵک و لەئێستاشدا دەبینین کە کوشتار و دەستگیرکردن و لەسێدارەدان و سیاسەتە هاوشێوەکانی دیکەی رژێم وەک خۆیان بەردەوامن.

جارێکی دیکە بە نوێنەرایەتی لە بزوتنەوەکەمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەگەڵ بنەماڵە و سەرجەم کەسوکاری شەهیدەکەمان و گەلەکەمان و سەرجەم ئازادیخوازان پەیمان دەبەستین کە شەهیدبوونی هەڤاڵ "شۆڕش قەڵات" و سەرجەم شەهیدانی دیکەی رێگەی ئازادی ئێمە لە تێکۆشان دوورناکاتەوە و بە پێچەوانەوە لەپێناو گەیشت بە ئاوات و ئامانجەکانی سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی و پێکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیکی گەلان بە هەوڵێکی زیاترەوە تێکۆشان و چالاکییەکانمان بەرەوپێش دەبەین. داواش لە گەلە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەکەمان دەکەین کە لەپێناو بەرزڕاگرتنی یادی شەهید شۆڕش و سەرجەم شەهیدانیان و بۆ وەفاداری بەوانەوە، رێگەی بونیادنانی ژیانی ئازاد و تێکۆشان بە ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی خۆیان دابنێین و لە رێگەی گەیشتن بەم ئاستەدا لە هەر ساتێکدا کەسایەتی خۆیان لەسەر بنەمای ئازادیخوازی پەروەردەبکەن. بەم جۆرە دەتوانین شایستەی هاوڕێیەتی لەگەڵ هەڤاڵ شۆڕش بین و تا هەتایە بە هەرمانی و نەمری بیانهێڵینەوە. پەیمان و بەڵێنمان بۆ تۆڵەسەندنەوە، تۆڵەکردنەوەیەکی راستەقینەیە لەم جیهانە نامرۆڤانە و پڕ لە فریوکاریە. شەهیدان بە رێبازەکەیانەوە زیندوون، شەهید شۆڕش هەموو کات زیندووە و شەهیدان خاوەنی راستەقینەی ئەم خاک و وڵاتەن.

زانیارییەکان لە بارەی ناسنامەی شەهید:

ناسناو: شۆڕش قەڵات

ناو و پاشناو: مەولان رۆستەمی

ناوی دایک: زەهرا

ناوی باوک: حسێن

لەدایکبوون: ١٩٧٩ گوندی سیسێری سەردەشت

پەیوەستبوون بە ریزەکانی تێکۆشان: ٢٠١٥

شەهیدبوون: ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣- ٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤