فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار: شۆڕش بە دروشمی ژنانی کورد گوڕی سەند

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار ڕایگەیاند، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە بەدەست دەسەڵاتێکی تیۆکڕاتیکەوە دەناڵێنن، ئێستا چەقۆ بە ئێسک گەیشتووە. ڕاشیگەیاند، شۆڕش بە دروشمی ژنانی کورد گوڕی سەند و پارادیگمای دەوڵەتی تێکشکاند.

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار / KODAR) سەبارەت بە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

 بێریتان سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئازادیخوازانەی ڕۆژهەڵات و ئێران کرد. بێریتان سڵاوی لە بەرخۆدانی خەڵکی مەهاباد و سنە کرد و وتی: "خەڵکی مەهاباد و موکریان بە گشتی، لە چەندین قۆناغی مێژووی نزیکماندا پێشەنگی تێکۆشان بوون، بۆیە چاوەڕوان دەکرا بەم شێوەیە بن. هەروەها شاری سنەیش سەلماندنی، کە بە ئیرادە و رۆحی چل ساڵ لەوە پێشەوە بەرەنگاری دەکات!. 'سنەی خوێناوی' خاوەنداریی لە ناوی خۆی کرد و هەموو جیهان بینیی، کە چۆن کلتورێکی بەهێزی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی بەهێز دروست دەکات! سنە سەری ئێمەی بەرز کردەوە! هەموو گەلەکەمان قارەمانییەکی گەورەیان نیشان دا، کە جێگەی ڕێزە".

'داواکانی گەل ڕەوایە و لەجێگەی خۆیاندان'

فوئاد بێریتان ئاماژەی بەوەدا، داواکانی گەل زۆر ڕەوا و لە جێدایە و وتی: "گەل ساڵەهای ساڵە بەدەست دەسەڵاتێکی تیۆکڕاتیکەوە (ئاینییەوە) ئازار دەکێشێت و دەناڵێنێت، ئێستا چەقۆ گەیشتووەتە ئێسک! گەل ڕاپەڕیوە و مافەکانی خۆیان دەوێت. ڕاپەڕینی ئەومجارە زۆر جیاوازە و لە ئاستێکی گەورەدایە. ئەو ئاستە، کە ئەم ڕاپەڕینە پێی گەیشتبووە، پارادایمی ڕژێمی ڕووخاند و تێکیشکاند. کۆتایی ڕاپەڕینەکان هەر چییەک بێت ئیتر ئێران ناگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو! هیچ چارەیەکیش نەماوە، ئەو ڕژێمە تێکدەشکێت و سیستەمێکی نوێ دروست دەبێت. ڕەنگە بە خێرایی ڕوو بدات و ڕەنگیشە بۆ ماوەیەکی زۆریش بەردەوام بێت، ڕەنگە ڕژێم گەل سەرکوت بکات، بەڵام کۆتاییەکەی هەڵهاتنی ڕۆژی ئازادی دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی وڵات و ئێرانەوە. ئەوە حەقیقەتی ئەو ئاستەیە، کە گەلی پێی گەیشتووە. بە دڵنیاییەوە بەو ڕاپەڕینە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت. ئیدی ئەوە تەنیا شۆڕشی ئێران نییە.

دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' وای کردووە، کە سنوورەکان نەتوانن خۆیان بەرامبە بە بای ئەم شۆڕشە ڕابگرن. وەک شۆڕشگێڕانی پێشوو دەیانوت: شۆڕش لە بازنەی لاوازەوە سەرهەڵدەدات، ئێستا ئەوە ڕوویداوە. ناکۆکی و لاوازیی وڵاتانی ملهوڕ و دەسپۆت لە ناوچەکەدا بابەتی ' ژن ' بوو، کە ئیدی ئێستا تەقیوەتەوە. ئەوە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت. ئەم شۆڕشە کاریگەریی گەورەتر و زیاتری لە کاریگەریی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا دەبێت.  ئەمە گەورەکردن و زیادەڕەوی نییە لە هەڵسەنگانددا، بەپێی هەموو نیشانە و ئاماژەکان، بە دڵنیاییەوە شەپۆلی شۆڕشی ژنان بەتەنیا بە ئێرانەوە سنووردار نابێت. ئەوە ئەو ئاستەیە، کە شۆڕشی هێناوەتەوە پێشەوە و لە ئاستەدا سەریهەڵداوە!".

'دروشمی ژنپارێزی و داکۆکی لە ژن'

فوئاد بێریتان لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، لە ئێران زوڵمێکی گەورە هەیە، بەڵام گەورەترین زوڵم و دڵڕەقی و دەسەڵاتداری لە دژی ژنانە و  و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "چونکە تەقینەوەی شۆڕش لە دەوری دروشمی 'داکۆکی لە ژن / ژنپارێزی' و پێشەنگایەتیی ژنان شتێکی لۆژیکییە. هەروەها ئەوە کاریگەریی زۆربوونی متمانە بەخۆبوونی ژنانەوە هەیە، کە بە دڵنیایەوە سەد لەسەد کاریگەریی تێکۆشانی ژنانی کوردی بەسەرەوە هەیە. ژنانی کورد نزیکەی چل ساڵە بە شێوەیەکی تایبەت و خۆبەڕێوەبەرانە تێدەکۆشن. دەنگیان،  ڕەنگیان، ڤیدیۆ و دیمەن و وێنەکانیان بڵاو دەبێتەوە و ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر ژنان داناوە. نزیکەی ٣٠ ساڵە سوپایەک لە ژنانی کورد هەیە، کە ئێستا ژنانی گەنج لە تەمەنی ١٥ بۆ ٣٠ ساڵ پێشەنگایەتیی شۆڕشی ئێران دەکەن، واتە دایکەکانیان بە سوپابوونی ژنانی کوردیان بیستووە و کاریگەریی کردووەتە سەریان. ئەو ژنە گەنجانە ئەوانەن، کە لە کاتی لەدایکبوونەوە سوپای ژنانیان بینیوە و بەوەش بەختەوەر و کاریگەر گەورە و پەروەردە بوون.

کاتێک دەچەوسێنرانەوە و زوڵمیان لێدەکرا، بەهی ئەو ئیرادە و ورە و ڕۆحەوە، کە لەو سوپا و تێکۆشانەوە وەریانگرتبوو، ڕاپەڕین و بەرخودانیان کرد و بە چەخماخەیەک ئاگری گرت. هەروەها شەڕی ڕۆژئاوا و شەنگالیش کاریگەری گەورەی لەسەر ئەو کەسانە هەبوو. چەندین ژنی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژئاوا شەهید بوون، باشە کاریگەریی ئەوانە بەرەو کوێ دەڕوات؟ بێگومان بەشێک لەکاریگەرییان لەسەر ئێران دەبێت و هەیە! دیسان سەدان کچی ڕۆژهەڵات ئێستا لەسەر چیا ئازادەکان دەجەنگن و ئەمساڵیش لە بەرخۆدانی بادیناندا لێیان شەهید بووە، هەموو ئەوانە کاریگەرییان لەم شۆڕشەدا هەبووە.

ئێرانییەکان چەندین پارادایمیان تاقیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوت ئەوانە چارەسەر نین. نووسەرێکی ئێرانی وتی: 'چل ساڵە بە دوای دروشمێکدا دەگەڕێم، کە دەربڕی هەموو شتێک بێت و ئێمە کۆبکاتەوە، من ئێستا دەتوانم بە ئاسوودەیی بڵێم، ئێستا ئەو دروشمەمان دۆزیوەتەوە!'. ئەو وتەیە بە تەنیا گوزارشت لە کۆی دۆخەکە دەکات. ئێرانییەکان، بەئەزموون بۆیان دەرکەوتووە، کە پارادایمی تر ناتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت، بەڵام ئەو پارادایمە دەتوانێت وەڵام بداتەوە!'.

ئێستا بە باشی ئەوە دەرکەوت، کە کێ نکۆڵیی لێ دەکات، کێ قبوڵی دەکات! بەڵام گرنگ ئەوەیە، کە گەل لە دەوری ئەو دروشمە یەکیانگرت. خاوەنی دروشمەکەش ئەوەی دەیویست و گرنگیش ئەوەیە. ناوەڕۆکی ئەو دروشمە بۆخۆی نەیارەکان لادەبات و ئەوانەی باوەڕیان پێی هێناوە سەردەخات!".

فوئاد بێریتان تیشکی خستە سەر جاڕنامەی چارەسەری و بەرەوپێشچوونی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وتی: "ئەوەی ئێمە ڕامانگەیاند، ڕاگەیاندن نەبوو، جاڕنامە بوو. ئێمە ئەو بنەمایانەمان خستەڕوو، کە بە بڕای ئێمە دەبێت شۆڕش لەسەر ئەو بنەمایانە پێبکبێت و بەڕێوەبچێت. ئێمە گفتوگۆ و شیکاریش بۆ جاڕنامەکە دەکەین. ئێمە لە چوارچێوەی بیروباوەڕ و پارادایمی خۆماندا ئەو خاڵەمان دەستنیشان کردووە، کە دەبێت ببنە بنەمای کارکردن لە شۆڕشدا.

 ئەو خاڵانە، کە بڕوامان پێیان هەیە بریتین لە: فرەڕەنگی، دیموکراسی، ئازادی، خۆبەڕێوەبەری و ئێکۆلۆژی (ژینگەپارێزی) ئێمە هەمیشە گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە دەکەین، بەڵام بەپێویستمان زانی، کە سەرلەنوێ و بۆ جارێکیتریش باسیان بکەینەوە و دەستنیشانیان بکەین و ئێمە لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین هاوپەیمانی پێکبهێنین. ئەو خاڵانە دەتوانن ئازادی بۆ ئایندەی گەلەکەمان مسۆگەر بکەن، بەڕێوەبەریی باش دابمەزرێنن و شایستەی مرۆڤایەتی بن.

هەروەها ئێمە وتمان، ئەم خاڵانە بۆ هەموو ئێرانە بۆ گەلی کوردیشە. هەروەها پێشنیارمان کرد، کە ئاڵای کۆماری کوردستان وەک سیمبۆلی هاودەنگی و یەکگرتووی قبوڵ بکەین، تاوەکو لە کۆنگرەیەک، یان پلاتفۆڕمێکی سەروو حیزبی دا ئاڵایەک و هێمایەک هەڵدەبژێردرێت. ئامانجمان ئەوە بوو، کە جیاوازیی ڕۆژهەڵات نیشان بدەین. هەندێک هێز ئاڵای باشووری کوردستانیان هەڵگرتبوو، کە دەبووە هۆی ناکۆکی لەگەڵ هێزەکانی ئێران. ئەو هێزانە هەڵکردنی ئاڵای باشووری کوردستانیان بە جیابوونەوە دەزانی! هەڵکردنی ئاڵای هەرێمێکی فیدراڵی وڵاتێک (واتە عێراق) لە وڵاتێکی تردا دروست نییە. لەبەر ئەوە ئێمە ئەو پێشنیارەمان کرد. ئێمە ئاڵایەکمان هەڵبژارد، کە قبوڵکردنی بۆ هەندێک هێزی تر ئاسان بێت! ئێمە باوەڕمان وایە، کە ئەوە بۆ خێر و قازانجی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت ".

'مۆدێلی نەتەوەیی دیموکراتیک'

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار لەسەر پرسیاری سیستمی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی و نەتەوەیی دیموکراتیک، کە وەک پرۆژەی کۆنکرێتی چارەسەری ناساندویانە و لە وەڵامی بۆچی پڕۆژەیەکی ئاوا؟ وتیشی: "ئەوە پرۆژەی ئێمەیە. ئێمە باوەڕمان بە فرەڕەنگی هەیە، بۆ فرەرەڕەنگی پێویستی بە مۆدێلێکی بەڕێوەبردن هەیە. مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ ئەو مۆدێلانەدا، کە تەنها یەک ڕەنگ، تەنها یەک ئاڵا و تەنها یەک زمانیان قبوڵە پارێزگاری لە فرەڕەنگی بکات. نابێت قسەیەک بکرێت و پێویستییەکانی بۆ بەدیهێنان جێبەجێ  نەکرێت! ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە فرەڕەنگی هەیە، ئەوا پێویستیمان بە مۆدێلێک هەیە، کە فرەڕەنگی بپارێزرێت! مۆدێلێک کە تێیدا هەر هەرێمێک، هەر زمانێک، هەموو دیالێکتێک و زاراوەیەک ڕەنگ بداتەوە. ئەم مۆدێلە تاقیکراوەتەوە و مۆدێلێکی سەرکەوتووە.

لە زۆر شوێنی جیهان مۆدێلی نزیک لەو مۆدێلە تاقی کراوەتەوە و زۆر باش و وەڵامدەر بووە. هەروەها لە ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش وەها بوو. ئەم مۆدێلە پێشنیاری ئێمەیە، فەلسەفە و پارادایمی پێناسە کراوە و ستراتیژیەتی ڕوون و تاکتیکەکانی دیارن، لەگەڵ بزووتنەوەی گەل لە ئێران دا یەکدەگرێتەوە و هاوڕایە! واتە لە جێی خۆیدایەتی. ئێمە بەو مۆدێلە سەردەکەوین و بە ئازادی و مافەکانمان دەگەین".

'یەکگرتوویی بۆ هێزە کوردییەکان پێویستە'

فوئاد بێریتان ڕایگەیاند، گەل بە شێوەیەکی خۆڕسک و سروشتی ڕاپەڕین و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی: "چەخماخەکەى بە ژنکوشتنێک دەستی پێکرد! ئاگری ڕاپەڕین بەهێز بوو. ئێستا پێویستە ئەوە ڕانەوەستێت. ڕژێمی شکستیهێنا و پارادایمی هەبوونی ژێرکەوت و ڕووخا! دەیانوت، حیجاب بنەمای سەرەکی ئێمەیە. ئێدی ئێستا لە دوای ئەو ڕاپەڕینە قورسە ئەو بنەمایە بمێنتەوە. تەنانەت ئەگەر دەوڵەت بشتوانێت سەرکەوتی بکات، ئەوە دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و ئەوە نابێت! ئەوانیش ئەوە دەزانن، بەڵام دەبێت ئەو مایەپووچبوونی پارادیگمایە ببێت بە شکستێکی کرداری. دەبێت ڕژێم تێپەڕێنرێت و بەڕێوەبەریی گەل دابمەزرێنرێت، بۆ ئەوەش سەرەتا ڕوونبوونەوەی فیکری و هزری و بەرنامە پێویستە. پاشان ڕێکخستنێکی جەماوەری و گەلی. هەروەها یەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. گەل لایەنگری فرەڕەنگی و دیموکراسی و ئازادییە.

دەبێت هێزەکانی دژ بە ڕژێم کەمتر لەو خواستانە بیر لە شتی تر نەکەنەوە. هەندێک دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەوە پێش و بەڕێوەبەریی مونارشی و پاشایەتی دروست بکەنەوە، ئەوە هەرگیز ناکرێت! بۆیە پێویستە ئەو جۆرە بیر و بۆچوونانە تێپەڕێنرێن. هەروەها یەکگرتوویش بۆ هێزە کوردییەکانیش پێویستە. لە نێو گەلدا یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەیە، ئەگەر هێزە کوردییەکان یەکگرتوو نەبن، ئەوا دەبنە بارگرانی بەسەر گەلەوە، بۆیە ئێمە بە ڕوونی پرەنسیپەکانی خۆمان خستەڕوو تاوەکو گفتوگۆیان لەسەر بکەین و بگەین بەیەکڕیزی و یەکگرتوویی.

بەم جۆرە دیارە کە هێزە جیهانیەکان زۆر لەگەڵ ئەوەدا نین کە دەوڵتی ئێران بگۆڕدرێت. هەر بۆیە پێویستە کە گەل پشت بە کەس نەبەستێت. پشتی خۆیان بە هیج هێز و دەوڵەتێک نەبەستن.ئەگینا "بەهاری ئێرانی"یش بەلاڕێدا دەبرێت و کۆتاییەکەش لەو بەناو بەهارەی لە وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو باشتر نابێت. هەرێمەکە پڕ لە ئەزمون و هزر و بەرهەم و مۆدێلی سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووە. گەل دەبێت راستترین هزر و مۆدێلەکان هەڵبژێرێت.

'گەل داوای مافە رەواکانی دەکات'

بێریتان باسی لەوەکرد کە هەڵوێستی دەوڵەتی ئێران دیارە، دەوڵەتێکی نادادپەروەر و ستەمکارە و بەم جۆرە دوا: "هەڵوێستی رۆژانی رابردوویان سەرکوت و گوشار و پەستان بوو. چەندین کەس و بەتایبەتی گەنجانیان کوشت، شەهیدیان کردن. ژمارەیەکی زۆریان بریندار کرد. ژمارەیەکی زۆریان گرت، رفاند و بێسەروشوێنیان کردن. هەندێک کەسیش پەیدابوون کە بە گەل دەڵێن رێگە بۆ توندوتیژی نەکەنەوە و پاساو نەدەنە دەست دەوڵەت! ئەوانە نازانن چی دەڵێن! ئەوەی میکانیزمی توندوتیژی بەدەستەوەیە دەوڵەتە، رژێمە. هێزەکانی دەوڵەتن کە ستەم دەکەن و گەل سەرکوت دەکەن. دەبێت بەرامبەر بەوانە بوەستنەوە! گەل هیچ شتێکی بەدەستەوە نییە کە توندوتیژی پێ بکات! گەل داوای مافەکانی دەکات و کاتێکیش هێرشیان دەکرێتەسەر هەوڵ دەدەن خۆیان بپارێزن. تەنانەت بە باشیش ناتوانن خۆیان بپارێزن، چۆن دەتوانن هێرش بکەن؟ 'مافی پاراستنی رەوا' مافێکی مرۆیی و سروشتی و گەردونییە. هەر بۆیە بانگەوازی لەم جۆرە بۆ گەل لە رووی نەزانی و بێئاگایی و تێنەگەیشتنە لە یاسای سروشتی و مرۆیی. یاخود داواکاری هەندێک هێز و کەس کە ئەگەر بەم جۆرە بێت هەرگیز مایەی قەبوڵ کردن نییە! دەوڵەتی ئێران دەبێت بزانێت کە هەموو جۆرە توندوتیژییەکانی بێ وەڵام نابێت و رۆژێک باجەکەی دەدات. دەوڵەتی ئێران کە دەستی چووەتە خوێنی هاوڵاتیانمانەوە، حیسابی جیایە و دەبێت باش حیسابی خۆی بکات و بیزانێت. ئێمە لە جێبەجێکردنی پرەنسیب و بنەمای پاراستنی رەوادا روون و راشکاوین و نەخشەڕێگا و رێنوێنیشمان ئاشکرایە. ئێمە بزوتنەوەیەکین کە سەلماندوومانە کە چەندە پابەندی بنەماکانمانین! رەنگە هەندێک جار وەک پێویست نەجوڵابینەوە، بەڵام ئەگەر بەو جۆرەش بووبێت، بە دڵنیاییەوە هەندێک کێشە و ئاستەنگ هەبووە، ئەمەش بە واتای پێشێل کردنی پرەنسیبەکان نییە! هەر بۆیە گەلەکەمان دەبێت پێداگری لەسەر مافەکانی خۆی بکات و لەئێستاوە میکانیزمی پاراستنی رەوا لە چوارچێوەی ناوچەکانی خۆیان بخەنەگەڕ و جێبەجێی بکەن".

'سەرهەڵدان لە دژی ستەم پیرۆزە'

لە درێژەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی کۆدار فواد بێریتان داوای لە خۆپیشاندەران و سەرهەڵدێران کرد و وتی، "بە گەلی کورد دەڵێین کە سەرهەڵدانی ئێوە لە دژی ستەم پیرۆزە، جێگەی رێز و شکۆمەندییە. جیهان هەموو پێی سەرسام بووە. فەیلەسوفی گەورە ژیژک وتی، 'من تەنیا یەک کەموکورتی لە سەرهەڵدانەکەتاندا دەبینم، ئەویش ئەوەیە کە تەمەنی من رێگە نادات کە بێم و لەگەڵ ئێوە بەشداری لە راپەڕیندا بکەن'!' فەیلەسوفێکی ئەمریکیش کە ئێستا ناوەکەیم بیرنایاتەوە وتی، دروشمی ئەم سەرهەڵدانە زۆر پێشکەوتووانەترە لە شۆڕشی فەرەنسا! واتە تەواوی جیهان بایەخی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران دەزانێت. منداڵەکە لە دایک بووە تەنیا دەبێت رێگە بدەین بە شێوەی راست و حەڵاڵزادە گەورە ببێت! دەبێت رێگە نەدەن شۆڕشەکە بەلاڕێدا ببرێت، مەهێڵن کە هێزە سەرکوتکار و دواکەوتووەکان شۆڕشەکە بدزن! دەبێت پارێزگاری لە پێشەنگایەتی ژنان بکرێت، دەبێت مافی گەلان بەڕوونی باسی لێبکرێت. دەبێت هەموومان هەوڵ بدەین کە دەوڵەتێکی ناناوەندی لە ئێران بێتە سەر کار، رژێمی ئێران و هێزە تاکپەرستەکان بە ئازادیخوازان دەڵێن 'جودا خواز، ئەوانەی جوداخوازن ئەوانەن کە رێگە بە هەبوونی رەنگ و شێوەکان نادەن و هەمووشت یەکدەست دەکەن. هەربۆیە گەر وشیار نەبین، هەموو رەنج و زەحمەتەکانمان بەفیڕۆ دەچێت.هەروەها دەبێت گەل یەکگرتوویی خۆی زیاتر بکات، پزیشکەکان بریندار و نەخۆشەکان چارەسەر بکەن، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان ئەو کەسانە رزگار بکەن کە هەڵدێن. ماڵەکان دەرگاکانیان ئاوەڵا بکەن بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران کاتێک دەکەونە مەترسیەوە خۆیان حەشار بدەن. لەم کاتەدا کەگەل لە سەرهەڵداندایە ئەوەش ژینای دارایی و دابیکردنی بژێوی دژوار کردووە. کەسانی دەوڵەمەند دەبێت دەستی هاوکاری و یارمەتی بۆ هەژار و کەمدەرامەتان درێژ بکەن. گوندنشینان دەبێت ئەو دانیشتوانەی شار کە هەڵاتوون بشارنەوە و پەنایان بدەن. ئەوانەی کە چارەی تریان نەماوە بیانگەیەننە چیا بۆلای هەڤاڵان و دەربازیان بکەن. هەر کەس چی لەدەست دێت بیکات. هونەرمەندان کاری خۆیان دەکەن بەڵام دەبێت زیاتر بکەن. رۆژنامەوانان زیاتر لەپێناو سەرهەڵدانەکەدا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. هەموان ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

ئێمەش بە گوێرەی بەرنامەی خۆمان کارەکانمان دەکەین و زیاتریش دەکەین. لە هەموو گۆڕەپانەکاندا وەک رێکخستن، راگەیاندن و دیپلۆماسی و پاراستن ئەو ئەرکانەی کە دەکەونە سەرشانمان، هەوڵ دەدەین جێبەجێیان بکەین. هەڵبەت کەکورتیشمان هەیە و ئەو رەخنانەی کە لێمان دەگیرێت وەک یارمەتی و هاوکارییەکی هزری لێی دەڕوانین، هەوڵ دەدەین بە گوێرەی ئەوە خۆمان بەرەوپێش ببەین و زیاتر سود بە ئەم قۆناغەی شۆڕش بگەیەنین.

ئێرانێکی ئازاد و کۆنفیدڕاڵ

لەهەمان چوارچێوەدا ئێمەش داوا لە هێزە کوردییەکان دەکەین کە لە رووی رێکخستن، دیپلۆماسی و پاراستنەوە بکەوینە هاوکاری و هاریکاری پتەو و هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەمان دەستەبەر بکەین. ئێمە ئامادەین کە لە هەندێک بواردا کە هێزی هەندێک حزب و لایەن وەک پێویست نییە هاوکاریی ئەوانیس بکەین. کاتەکانی شۆرش کاتی دژوارن و دەمانەوێت لەم کاتە دژوارانەدا پێکەوە بین و هاوکاری یەکتر بکەین.  دەبێت بە گوێرەی راستییەکان بجوڵێینەوە. ئێمە داوادەکەین کە بە  بێ دڕدۆنگی و دوو دڵی لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و کۆنفێدڕالدا لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان دابنیشین. ئەگەر ئێمەی کورد تەبا بین و بە یەک دەنگ و بە ڕوونی بچینە بەردەم گەلانی تر، ئێمە دەتوانین وەک دروشمی شۆڕشەکە، لە هەموو رووەکانی تریشەوە پێشەنگایەتی بکەین. کورد زۆر ئەزمونی هەیە بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە بۆ گەلانی دیکەی ئێران، ئەگەر ئێمە لەناو خۆماندا ناتەبا و نایەکگرتوو بین ئەوانی دیکەش گوێمان لێناگرن. بەم جۆرە ستەمێک لە شۆڕشی ئێران دەکەین، ئێمە شۆڕشەکە لەو هەموو ئەزمونە بێ بەش دەکەین. لەراستیدا نابێت ئێمە ئەو ناحەقیە بکەین و دەبێت ببینە ئەو هێزەی کە شۆڕشەکە بەهێزتر دەکات و بەرەوپێشەوەی دەبات.

شۆڕش بە دروشمی ژنان بە گوڕ بوو

ئێمە بە هەموو هێزە ئێرانییەکان دەڵێین کە کورد لە زووەوە خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە بوون و بەردەوام قوربانیان لەپێناو وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆدا بەخشیوە! کوردان لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی کۆجی هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) رۆڵی سەرەکیان گێڕا و دواتر سەرکوت کران. لە شەڕی ئێران و عێراقدا گەورەترین زیان بەر کوردان کەوت و هەزاران کورد ماڵوێران بوون.ئێستاش شۆڕش بە کوشتنی ناڕەوا و ستەمکارانەی کچە کوردێک دەستی پێکرد و زیاتر لە چل رۆژە کە کورد لە گۆڕەپانەکاندایە. قوربانی دەبەخشن و نەبردی و داستان دەخوڵقێنن. شۆڕشەکە بە دروشمی ژنانی کورد بە گوڕ بوو، واتە کوردان لە یەک کاتدا لە رووی شەڕ و پراکتیکەوە و بەر لەوەش لە رووی هزر-فەلسەفەش ئەرکێکی گەورە بۆ هەموو ئێران جێبەجێ دەکەن. دەبێت لە ئێستاوە مافەکانی کوردان و هەموو گەلان بخرێنە بەرباس و پارێزگارییان لێبکرێت، هەمیش لە چوارچێوەی فرەڕەنگی و فرەدەنگی و فرەزمانیدا ئێمە لە دژی رژێمی سەرکوتگەر یەکبگرین و تێیپەڕێنین. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئێمە ببینە جێگرەوەی باش بۆ رژێم و ئەمەش بە جیهان نیشان بدەین. بەمجۆرە دەتوانین شایەنی رەنجی گەلانمان بین. ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین".

'ئازادی سەردەکەوێت'

هاوسەرۆکی کۆدار فواد بێریتان ئەوەی خستەڕوو کە بە کاتێکی زۆر گرنگ و زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبن و بەم وتانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئێمە بەختەوەرین کە شایەتی سەرهەڵدانێکی واتاداری بەم جۆرەین. مێژوو ململانێی نێوان راستی و ناڕاستی، روناکی و تاریکی، چاکە و خراپەیە. ئێمە ئێستا نوێنەری راستی، روناکی و چاکەین. بە دروستترین دروشم و دروستترین هزر و فەلسەفە پێمان ناوەتە گۆڕەپانی شۆڕشەوە. مەترسی زۆر گەورە لە بەردەمماندایە، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێکی بێ بەزەیی و نامرۆڤانە بەرەوڕووین. بەڵام هیوای گەورەس لەبەردەمماندایە. ئاسۆ روونە و رۆژ لەدوای رۆژ روونتر دەبێت. ئێمە هەموان بۆ ئەم بزوتنەوە و جموجۆڵە بانگهێشت دەکەین. ئێمە بەڵێن دەدەین کە تا سەرکەوتی دۆزی گەلان، تا سەرکەوتنی دیموکراسی و ئازادی راستەقینە، تا یەکسانی راستەقینە لەسەر بنەمای دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' نەسرەوین. وەک سەرهەڵدێرەکانی هەموو ناوچەکە دەڵێن 'ئێمە دەست لەم دیلان و گۆڤەندە بەرنادەین !سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و ئازادی سەردەکەوێت".

ژ. ت/ هـ. ب