"لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێ کردنی ئەجیندای تورکیا بوو"

پێشەنگ شێخ بورهان: "سەرکردایەتی کورد بەتایبەتی پەدەکە لەپێناو مانەوەیان لەدەسەلاتدا گۆێڕایەڵی ئەو ئامۆژگاری و هۆشداریانە نەبوون کە بووە هۆی لەدەستدانی ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستان".

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە، پرسی ڕیفراندۆم وردە وردە بووە ڕۆژەڤ لە هەرێمی کوردستان، ئەوکات حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش بوو، ئەو دەنگۆیانەی بە جدیی وەرنەگرت.

ڕیفراندۆم کەمترین پشتیوانیی ناوخۆیی و دەرەکیی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی زلهێزیش هۆشداریی و هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرد بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

حکومەتی عێراق لەدژی ڕیفراندۆم  هەڕەشەی کاردانەوەی سەربازیی دەکرد، بەڵام ئەوانەی کە پێشەنگایەتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دەکرد، بە زمانی زبر وەڵامی هەڕەشە و هەڵوێستی ووڵاتانیان دەدایەوە، بەجۆرێک بەرامبەر هەڕەشەکانی عێراق بێ منەتیی خۆیان نیشاندەدا و هەڕەشەی وڵامدانەوەی سەربازییان لێدەکردن.

بەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق و حەویجە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەبڕیاری بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچانەکشانەوە، کەوا بەخوێنی هەزاران شەهید لە چەتەکانی داعشیان پاراستبوو، تاکە هێزیش کە لە کەرکوک مایەوە و شەری دژی هێزە عێراقییەکان کرد، گەریلاکانی پەکەکە بوون، کە ژمارەیەکی زۆر کەمیان لەو شارە بوو.

دوای پێنج ساڵ لە لەدەستدانی کەرکوک و ناوچەکانی مادی ١٤٠ ، هیشتا دۆخی کەرکوک لەژێر حوکمی سەربازییە بەجۆرێک کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی ١٦ی ئۆکتۆبەر تا ئەمرۆش کە سێ رۆژە بەسەر ئەو یادەدا تێپەڕیەوە، هێزی سوپای عێراق بە تەواوی شەقام و گەڕەکەکانی شاردا بڵاوەی پێکراوە بەتایبەتی لە گەڕەکە کوردییەکان، بەهۆی بڕیاری هەڵەی سیاسی هاووڵاتیانی شاری کەرکوک لەشارێک دەژێن کە بە سەربازگەیەکی گەورە دەچێت.         

لەلای خۆیەوە پێشەنگ شێخ بورهان چاودێری سیاسی دیاری شاری کەرکوک سەبارەت هۆکاری لەدەستدانی کەرکوک لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی کوردیەوە و هەروەها دۆخی شاری کەرکوک و هاووڵاتیانی لەدوای پێنج ساڵ لە نەمانی دەسەڵاتی کوردی لەشارەکە، و چەند بابەتێکی دیکە، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.

ریفراندۆمەکەی پەدەکە ئەجیندای وولاتی تورکیا

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و دۆخی هاوولاتیانی ناوچە دابڕێندراوەکان لەدوای ٥ ساڵ لە کشانەوەی هێزی دەسەڵاتی کوردی لەشارەکە، پێشەنگ شیخ بورهان چاودێری سیاسی دیاری شاری کەرکوک ووتی: "دەرئەنجامەکانی ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی هەڵەی سیاسی سەرکردە سیاسیەکانی کورد بوو، بەدیاری کراوی سەرکردایەتی پەدەکە کە ریفراندۆم بووە مەهانە بۆ لەدەستدانی ٪٥١ی خاکی باشوری کوردستان، ریفراندۆمەکەی پەدەکە ئەجیندای وولاتی تورکیا بوو کە دەیویست ولایەتی موسڵ بخاتە سەر تورکیا، سەرکردایەتی پاراتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێفراندۆم مەهانەی یاساییان دایە هێزە عێراقییەکان کە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەنەوە وە تاکو ئیستا بەهۆی ئەو ڕیفراندۆمە سەقەتەوە کاریگەری عەسکەرتاریەت بەسەر شاری کەرکوکەوە ماوە".

پێویستە تێبگەن کە ئامانج لە ڕیفراندۆم جێبەجێ کردنی ئەجیندای تورکیا بووە

سەبارەت بە ئامانجی ڕاستەقینەی ڕیفڕاندۆم، ئەو چاودێرە سیاسیە ڕایگەیاند: "لەزاری سەرکردایەتی پەدەکە دەرکەوت کە ڕیفڕاندۆم بۆ دەوڵەت نەبوو و ناویان نا تاقیکردنەوەی هاووڵاتیان بەڵام ئەمە چۆن تاقیکردنەوەیەکی هاووڵاتیان کە باجێکی ئەوها قورس بدرێن بەهۆ تاقیکردنەوەی سەرکرایەتی سیاسی کورد، پێویستە خەڵکی ئاسایی لەوە تێبگەن کە ئامانج لە ڕیفراندۆم ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نەبووە بەڵکو جێبەجێ کردنی ئەجیندای تورکیا بووە، کە بەهانەیەکی یاساییان دایە دەست حکومەتی عێراق بۆئەوەی بەهێزی سەربازی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەدەست دەسەڵاتی کوردی سەندەوە".

بیری نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی زۆر جیاوازن

هەروەها ناوبراو ووتیشی: "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەرەڕای هۆشدارییەکان و پاشان لێکەوتەکانی کە ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەهۆی ناشارەزای سەرکردایەتی کورد لە سیاسەت نەبوو بەڵکو بەهۆی حەزی دەسەڵات بوو، سەرکردایەتی کورد شارەزاییان لە عەقڵیەتی تاکی کورد هەیە کە عاتفیانە بیر دەکاتەوە، بەڵام بیری نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی زۆر جیاوازن، سەرکردایەتی پارتی پاش ریفراندۆم چوون بۆ دادگای فیدڕالی و ئەنجامی ڕیفراندۆمیان هەڵوەشاندەوە و پاشان لە بەغدا شەڕی پۆست و شەڕی پارەیان کرد".

پەدەکە لەپێناو مانەوەیان لەدەسەلاتدا گۆێڕایەڵی هۆشداری ووڵاتان نەبوون

وەکو شاهەدحاڵێک کە لە کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ نوێنەری ئەمریکاو ئیرانییەکان بەشداربووە لەکاتی ڕێفراندۆم و سەبارەت بە هۆشدارییەکان لە لێکەوتی وەکو ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پێشەنگ شێخ بورهان ئاشکرای کرد: "من بۆ مێژوو شاهەد حاڵم لەو ڕووداوانە کە ٢ رۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا سەردانی مەکتەب سیاسی یەنەکە-یان کرد و کوردیان ئاگادار کردەوە لە مەترسییەکان وە هەروەها ئەمریکییەکان نامەکەی (ڕیک تێلەرسۆن) گەیاند کە زەمانەتی دابوو باشوری کوردستان ببێتە کۆنفدڕاڵی، بەڵام سەرکردایەتی کورد بەتایبەتی پەدەکە لەپێناو مانەوەیان لەدەسەلاتدا گۆێڕایەڵی ئەو ئامۆژگاری و هۆشداریانە نەبوون نەک لەبەر بەرژەوەندی میلەتی کورد".

هۆشدارییان دابوو کە ئاگری ڕیفراندۆم دروو بکەن لە کەرکوک

لە کۆتایدا سەربارەت بە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەو چاودێرە سیاسیە ووتی: "ئەمریکییەکان هۆشداریان دابوو کە ئاگری ریفڕاندۆم لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی مادەی ١٤٠ بەدوور بگرن بەڵام کەلە ڕەقی سەرکردایەتی پەدەکە چارەنووسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەری هەرێمی کوردستان گەیاند بەم رۆژە کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا کورد ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستانی لەدەستدا".

هـ . ب