ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەری شەرمەزارکرد و ڕایگەیاندووە، سوپای تورکی داگیرکەر لە هێرشەکانیدا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.
لە راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال دا هاتووە:
"سوپای تورک سەرباری ئەوەی بەرزترین تەکنیکی جیهان لە دژی گەریلا بەکاردەهێنێت، بەڵام ناتوانێت ئیرادەی گەریلاکان بشکێنێت و بە پێچەوانەی ئامانجەکانییەوە سوپای تورک بەهۆی بەرخودان و بەربەرەکانێی گەریلادا لە لێواری تێکشکاندایە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ شاردنەوەی شکستەکەى هەموو جۆرە چەک و چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت و بەپێی ئامارەکانی ناوەندی پاراستنی گەل، دەوڵەتی تورک لە ماوەی شەش مانگدا نزیکەی ٢٥٠٠ جار بە چەکی کیمیایی، یان چەکی قەدەغەکراو هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی گەریلا. بەتایبەتی لەم دواییانەدا هەموو ڕۆژێک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و تەنیا لە دوو مانگی ڕابردوودا ١٧ گەریلای ئازادی بە شێوەیەکی دڕندانە بەو چەکانە شەهیدبوون.
ئەو هێرش و تاوانکارییانە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجام دەدرێن، هێزەکانی گەریلا چەندین ڤێدیۆ و وێنە و بەڵگەیان سەبارەت بەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووەتەوە و بە ڤیدیۆ و وێنە تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان سەلماندووە، لەبەر ئەوەش چەند ڕێکخراو و تاکێکی سەربەخۆ هەوڵیاندا بچنە باشوری کوردستان و بچنە مەیدانەکانی جەنگەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەڵام ئەمجارە پارتی (پەدەکە) ڕێگریی لەو شاندە کرد، کە لێکۆڵینەوە بکەن و بەو شێوەیە هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان دا. لەبەر ئەو ڕاستییەش پارتی (پەدەکە) هاوبەشە لەم تاوانانەى دژ بە مرۆڤایەتیانە و بەرپرسیارە لە شەهیدبوونی گەریلاکان.
پێش هەموو شتێک داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها داوا لە هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان، دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین، لە دژی تاوانەکانی مرۆڤایەتی سوپای تورک دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە. دەبێت رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەست بە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بکەن. بەتایبەتی پێویستە دەوڵەتی عێراق بەرامبەر هێرشی داگیرکاری و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوەستێتەوە و ئەم هێرشانە بکاتە ڕۆژەڤ و ئەجێندای خۆی و هەنگاوی پێویست بنێت. دەوڵەتی عێراق نابێت مێژووی ئازاردانە گەورەکانی خۆی بەهۆی چەکی کیمیاییەوە لەبیر بکات و هێشتا خەڵکی عێراق ئەو ڕۆژە کیمیاییانەیان لەبیرنەکردووە.
ئێمە کۆمەڵگای ئێزدی و خەڵکی شەنگال بە هەموو هێز و خۆشەویستییەوە لەگەڵ گەریلاکانی ئازادیداین. دڵمان لەگەڵ گەریلاکانی ئازادیدایە و بۆ ڕێگری لەو هێرشە کۆمەڵکوژییانە بە هەموو هێزمانەوە دەست بە جموجوڵ دەکەین".
ژ.ت