لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا و لە چوارچێوەی هەوڵی کەسایەتییەکان و لە دوای چەند جار دانیشتن و گفتوگۆ، کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیسستی ئێران) و سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەڕێوەچوو.
ئەو کٶبونەوەیە، کە لە ژێر ڕۆشنایی و سەرهەڵدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو گەلانی ئێران لە دوای کوژرانی بە ئازار و هەژێنەری ژینا ئەمینی و بەدوایدا سەرهەڵدان لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو. هەر دوو لا لە کۆبوونەوەکەیاندا پێداگریان لە بەگوڕکردن و پشتیوانیی هەرچی زۆرتری ئەم شۆڕشە و تێکۆشان بۆ بەردەوامی و بە ئەنجام گەیاندنی هەتا لەناوبردنی حکومەتی دیکتاتۆر و گەل کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
هەروەها باسیان لەوەکرد، لە ژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دا لە پێناو سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە و پێشگرتن لە بەلاڕێدا بردنی، دەستی هاوکاری و لێک نزیکبوونەوە بۆ یەکتر درێژ بکەن و لە ئێستا و دواڕۆژی نەمانی دەسەڵاتی ولایەتی فقیە لە ئێران لە هەموو بوارەکان بە تایبەتی لە بواری ڕاگەیاندن، لوجێستێک، پەروەردە و تەنانەت لایەنی سەربازی یارمەتیی یەکتر بدەن و ئەوەی لە دەستیان دێت ئەنجامی بدەن.
باسیشیان لەوەکرد، کار بکرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو حیزب و ڕێکخراو وهەموو کەسایەتییە سەربەخۆکان دا بەرەیەکی چەپی کوردستانیش پێک بهێنرێت و لە ئەنجامیشدا کار بو لەشکری یەکگرتوو بکرێت.
ژ.ت