سێ لە شەهیدانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین بە خاک سپێردرا

سێ شەهیدی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین بە مەڕاسیمێکی شکۆدار لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بە خاک سپێردران. لە مەڕاسیمەکەدا پەیامی بەردەوامی تێکۆشان و پشتیووانی قەسەدە درا.

ئەندامی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە (هەپەجە) محەمەد شەفیق ئیسماعیل، ئەندامی پەیەدە محێدین عومەر و ئەندامی هەپەجە-ژن خەزنە عەبدی لە ٢١ و ٢٢ی کانوونی دوووەمدا لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی ئێشکگرانی بەنداوی تشرین شەهیدبوون، ئەمڕۆ بە مەڕاسیمێکی شکۆداری جەماوەری بە خاک سپێردران.

دانیشتوانی شاری دێرک و گوندەوارانی بۆ بە خاک سپاردنی شەهیدان لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک کۆبوونەوە.

'بەرخۆدانی تشرین بە خوێنی شەهیدان دەنوسرێت'

لە مەڕاسیمەکەدا ئەندامی بنەماڵەی شەهیدانی شاری دێرک سوعاد موستەفا قسەی کرد و سڵاو لە بەرخۆدانی تشرین کرد، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو بەرخۆدانە بە خوێنی شەهیدان دەنوسرێت و دەبێت هەمووکەسێک خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی تشرین بکات.

سوعاد موستەفا ئاماژەی بەوەکرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەوڵدەدات گەل قڕ بکات و گوتی: "بە هەموو کەسێک دەڵێن هەموومان قەسەدەین و هەموو ژنێک شەڕڤانی یەپەژەیە. دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەپارێزین و بۆ ژیانێکی شکۆمەند بەرخۆدان دەکەین".

'بەرخۆدان هەتاوەکو سەرکەوتن بەردەوامە'

ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە تەڵعەت یونس لە مەڕاسیمەکەدا گوتی: "شەهید بوونی هەر سێ کەسایەتی وڵاتپارێز پەیامێکە بۆ تەواوی جیهان کە بەرخۆدانی گەلەکەمان لە بەنداوی تشرین بەردەوامە".

ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک شێخ مازن محەمەد شەریف تیشکی خستەسەر گرنگی شوێنی شەهیدان و گوتی: "شەهیدبوون پلەیەکی زۆر بڵندە. خاوەندارێتی کردن لە شەهیدان بەردەوامی ڕێگەی ئازادی و شکۆمەندیە. بەڵێن دەدەین کە درێژە بە رێگەی ئەوان دەدەین".

لە مەڕاسیمەکەدا ئەندامی هەپەجە-ژن منەوەر یوسف ئاماژەی بەوەکرد کە لە پاراستنی دانیشتووان بەردەوامن و لە تەنیشت هێزە سەربازییەکانەوە وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.

لە دوای قسەکان ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

جەماوەر تەرمی هەر ٣ شەهیدی بە دروشمی "شەهید نامرێت" و هەلهەلەی دایکان بە خاک سپارد.