دەستگیرکردنی گۆرانیبێژێکی بەرھەڵستکار لە ئێران کاردانەوەی لێکەوتەوە

دەستگیرکردنی ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، مەھدی یەراحی دوای بڵاوکردنەوەی گۆڕانی 'لەچکەکەت'، بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئێدانە کرا.

ڕۆژی ٢٨ی ئاب، ماڵپەڕی فەرمی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ھەواڵی دەستگیرکردنی ھونەرمەندی گۆرانیبێژ "مەھدی یەراحی" بڵاوکرەوە و ڕایگەیاند، ناوبراو بەفەرمانی داواکاری گشتی شاری تاران و بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نایاسایی گۆرانی 'لەچکەکەت'، کە بەرھەمێکی "دژ بە ئاکار و داب و نەریتی کۆمەڵگای ئیسلامی"یە دەستبەسەر کراوە.

مەھدی یەراحی لە ماوەی ڕابردوودا، گۆرانییەکی بە ناوی 'لەچکەکەت' بڵاوکردەوە و پێشکەش بە "ژنانی ئازادیخواز کرد کە لە ھێڵی پێشوەی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوێرانە دەدرەوشانەوە".  

ئەو ھونەرمەندە بەرھەڵستکارە لە دوای دەستپێکردنی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، بەرھەمی دیکەشی بۆ پاڵپشتی لەو سەرھەڵدانە بڵاوکردبووەوە.

"دەستبەسەرکردنی یەراحی بەڵگەیە لەسەر سەرکوتکردنی سیستماتیکی ئازادی ڕادەربڕن"

دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵ و وێنەی کاتی دەستگیرکردنی مەھدی یەراحی، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران کاردانەوەی بەرفراوان ھاتە ئاراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنی پێنی ئەمریکا وێڕای بە تووندی شەرمەزارکردنی دەستبەسەرکردنی ئەو ھونەرمەندە، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کرد.

ئەنجومەنی پێنی ئەمریکا جەختیشی کردووەتەوە، "دەستگیرکردنی یەراحی بەڵگەیە لەسەر سەرکوتکردنی سیستماتیک و بە شێوەی توندوتیژانەی ئازادی ڕادەربڕن".

لەسەر ئاستی ناوخۆیش زۆرێک لە ھۆنەرمەندانی ناسراو لەوانەش کەیھان کەلھۆڕ و مۆحسێن چاوشی و ھتد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەیان بەرامبەر دەستگیرکردنی یەراحی نیشان داوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو ھونەرمەندە دەربڕیووە.

چڕبوونەوەی گوشار و سەرکوتکارییەکان لە سەروبەندی سەرھەڵدانەکە

ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئەنجامی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد، ھەر زوو ئاراستەیەی دژە دەسەڵاتی بەخۆیەوە گرت و سەرانسەری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی تەنییەوە.

لە سەروبەندی ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، بنەماڵەی بەشێک لە گیانبەختکردووان، لایەن و گرووپە جیاجیاکان داوای دەستپێکردنەوە و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانیان کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران گوشارەکانییان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی، سیاسی و ھونەری، ھەروەھا بنەماڵەی گیانبەختکردووان چڕتر کردووەتەوە و ڕوژانە بە دەیان کەس لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دەستبەسەر دەکرێن.

ژ.ن