خەڵاتەکانی یەکەم فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسێلدۆرف دابەشکران

یەکەم فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسێلدۆرف لە ئەڵمانیا بە دابەشکردنی خەڵاتەکان کۆتاییهات.

لە کۆتا رۆژی فستیڤاڵەکەدا فیلمی 'جیران' لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل بە شایەنی بردنەوەی خەڵاتی یەڵماز گونای داندرا، خەڵاتی مافەکانی مرۆڤ پێشکەش بە بەڵگەفیلمی 'ئەرن' لە دەرهێنانی ماریا بینلەر کرا و فیلمی 'کاتێک نەمامەکان گەورە دەبن' لە دەرهێنانی رێگەر ئازاد کایا خەڵاتی خەلیل داغ بۆ سینەمای خۆڕاگریی پێبەخشرا.

بەڵگەفیلمی هێزا لە دەرهێنانی دەریا دەنیز 'خەڵاتی ژینا ئەمینی' وەرگرت.

لە بەشی کورتە فیلمدا چوار خەڵات دابەشکرام، ناوی فیلم و دەرهێنەرەکان کە خەڵاتیان وەرگرت بەم جۆرەیە؛

لە بەشی باکوردا بێریڤان ساروخان بە فیلمەکەی بەناوی 'ئەستێرەیەک لەسەر هێڵ' خەڵاتی وەرگرت. لە بەشی رۆژئاوادا گوڵێ وڵات بە فیلمی 'خەون'، لە بەشی باشوور ئەژین کاوە بە فیلمی ' رێگاکان' و لە بەشی رۆژهەڵاتیش سەید پەیام حشێنی بە فیلمی 'ڤۆدکای رووسی' خەڵاتی وەرگرت.

لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا فیلمی 'بەربو' نمایش کرا

بەر لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان فیلمی 'بەربو' وەک کۆتا فیلمی فێستیڤاڵەکە نمایش کرا. سەڤیناز عەڤدکێ دەرهێنەری ئەو فیلمە کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەشداری کردبوو، لەکاتی نمایشی فیلمەکەدا ئامادەبوو.

دوای نمایشکردنی فیلمەکە، عەڤدکێ چووە سەر شانۆ و وتەیەکی پێسکەش کرد و ژمارەیکی زۆر لە بەشداربووانیس قسەیان کرد و پەسنی ئاستی کارە هونەری و کولتورییەکانی رۆژئاوای کوردستانیاندا.

سەڤیناز عەڤدکێ باسی لەوەکرد، "تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەچیت، قوربانی بۆ دەدرێت. هیوامان ئەوەیە کە خۆمان بگەیەنینە ئەو رۆژانە کە چیتر دایکان فرمێسک نەڕێژن. سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەم کە هەڵسەنگاندنیان کرد. بەڵام ئێمە لەناو دژوارترین هەلومەرجیشدا بەردەوام بە رەخنەگرتن مامەڵە دەکەین و بۆ ئەوەی زیاتر هونەری بن ئەوەی لەدەستمان دێت هەوڵی بۆ دەدەین".

هـ . ب