بە دیمەن

چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە بگەڕێتەوە بۆ لای دار زەیتونەکانی

سەلڤا ئەحمەد شێخۆی ٦٤ ساڵ لە کەمپی بەرخۆدان، چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە بگەڕێتەوە بۆ لای دار زەیتونەکانی. هەرچەندە ماڵەکەی دووجار تاڵان کراوە، بەڵام بە بەرخۆدانی وەڵامی دوژمنی مرۆڤایەتی دەداتەوە.

سەلڤا ئەحمەد شێخۆی ٦٤ ساڵ خەڵکی گوندی قوتە لە ناوچەی بلبلێ. کوڕەکەی حەمزە شێخۆ (باران هاوار) لە ٢٩ی ئایار لە شاری حەڵەب شەهید بوو. لە ساڵی ٢٠١١دا هەرچەندە لەوێ خانووی هەبوو، ڕوو لە حەڵەب دەکات، لێرە بەشداری چالاکییەکانی ئەنجومەنی کردووە لە کەمپی بەرخۆدان. دایکە سەلڤا ڕۆژانە سەردانی دانیشتوانی کەمپەکە دەکات و دەڵێت پشتیوانی لە ژنان و گەنجان شتێکی پیرۆزە.

هەروەها دایکە سەلڤا باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ١٩٨٥ چاوی بە هەڤاڵانی پەکەکە کەوتووە و دەڵێت "ئەو کاتە ماڵمان لە حەڵەب بوو، ڕۆژێک لە دەرگاکەمانیان دا، پیاو و ژنی گەنج بوون، میوانداری لە لای ئێمە بەهێزە، هەرکەسێک لە درگامان بدات نایگەڕێنینەوە، ‌هێنانمە ماڵەوە دەستیان بە قسەکردن کرد. هاوژینەکەم سەرقاڵی هەندێ کاری جیا بوو، بەڵام من لەگەڵ منداڵەکانمدا لە گوندەکاندا دەگەڕاین و یارمەتیمان بۆ کۆ دەکردنەوە.

شارەکەی بەجێدەهێڵێ و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی

دوای ئەوەی چەتەکان لە ساڵی ٢٠١١ هێرشیان کردە سەر شاری حەڵەب، دایکە سەلڤا گەڕایەوە گوندەکەی خۆی لە عەفرین و وتی، "دار زەیتونمان هەبوو، ئیش و کارمان باش بوو، هەموو پێداویستییەکانی ژیانمانی دابین دەکرد، ساڵی ٢٠١٨ دوای هێرشەکەی دەوڵەتی تورک، ئێمە لە بلبلێ بووین، سەرەتا هێرشی سەر ڕاجۆ کرا هەموو شتێ وێران کرا، لە بلبلێ، بە تراکتۆر چووینە گوندی کورتکولاق، دڵمان دەلەرزین، چووینە ژێرزەمین لەوێ ماینەوە، پاشان لەویەوەگەیشتینە عەفرین و چووینە گەڕەکی ئەشرەفیە، لە کارگەی خزمەکانمان ماینەوە، ئاخۆ ئێمە چ تاوانێکمان کردووە دەبێ ماڵ و ژیانمان بە جێ بهێڵین؟ بە هۆی هێرشی فڕۆکەکانەوە ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا. هەموویان خزم و کەسوکارمان خەڵکی قرگول بوون. بەیانی هەموو شوێنێک بوو بە حەوزێکی خوێن.

دوای ٥٨ ڕۆژ لە عەفرینەوە کۆچمان کرد

ناچار بووین دوای ٥٨ ڕۆژ لەگەڵ خزم و کەس و کارمانەوە پێکەوە عەفرین بەجێبهێڵین. زۆری نەخایاند، لە کەمپی بەرخۆدان جێگیر بووین. چەند ڕۆژێک بیرمان لەوە دەکردەوە کە چی بکەین، پێویستمان بە شوێنی مانەوە بوو. سوپاس بۆ خوا کەمپەکان بە خێرایی دروست کرا. کاتێ هاتین کەس لێرە نەبوو. ئێمە بە زەحمەت گەیشتینە ئەم ڕۆژانە. گەنجەکان بۆ ئەوەی بتوانین لە کەمپەکەدا بژین بەردەوام کاریان دەکرد."

چاوەڕێین تا دەگەڕێتەوە بۆ عەفرین

دایکە سەلڤا سەرەڕای تەمەنی، ماوەی ٧ ساڵە لە کەمپی بەرخۆدان بەردەوامە لە بەرخۆدانی و دەڵێت "هەرچەندە ماڵێکمان لە حەڵەب هەیە، بەڵام نامەوێ ئەم کەمپە بەجێبهێڵم، تەمەنم ٦٤ ساڵە، ئەگەر خۆڕاگری نەکەم، گەنجان چۆن بەرخۆدان بکەن؟ هەرچەندە لە کەمپەکەدا ناتوانم زۆر شت بکەم، بەڵام مۆڕاڵ و هێزیان پێدەبەخشم. هەروەها بای عەفرین پێم دەگات و هەناسەم پێدەبەخشێت. لە کەمپەکەدا ژیان ئاسان نییە لە ژێر ئەم خەیمانەدا هاوین و زستان زۆر زەحمەتە من تەنیا لە نێو ئەم خەیمانەدا نیم، بەڵام هێشتا چاوەڕێی گەڕانەوەم بۆ عەفرین و دەمەوێ لە خاکەکەم لە لای دار زەیتوونەکانمادا بژیم."