دانیشتوانی کانتۆنی فورات لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان رێپێوانیان کرد

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ژێرخانی ئابووری باکوور-رۆژهەڵاتی سوریا ، دانیشتوانی کانتۆنی فورات رێپێوانێکی جەماوەرییان سازکرد.

بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات، لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رژانە شەقامەکان. رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ئازادی دەستپێکرد و تا گۆڕەپانی شەهید عەگید بەردەوام بوو.

لە چالاکیەکەدا بەردەوام دروشمەکانی "بەڵێن بێ تۆڵەدەکەینەوە"، "بژی بەرخودانی گەل" وترانەوە.

دوای ئەوەی خۆپیشاندەران گەیشتنە ئەو خێمەیەی بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیان هەڵدراوە، گردبوونەوەیەک سازکرا.

لە دووای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادی شەهیدان، هاوسەرۆکی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات عادل حاجی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا سەرنجی بۆ سەر بەرخودانی گەریلا لە دژی داگیرکەری راکێشا و وتی، "لەپێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان هەوڵ دەدەن و بەرخودان دەکەن".

عادl حاجی سڵاو ئاراستەی ئەو زیندانیانەش کرد، کە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە دژی گۆشەگیری مانیان گرتووە و رایگەیاند، "لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک گەلەکەمان خۆڕاگری دەکات. ئەو بەرخودانەی لە چیاکانی کوردستان دەکرێت، لە هیچ شوێنێکی جیهان هاوشێوەی نییە. بەرخودانێکی بێهاوتایە. سڵاو لە بەرخودانی هەڤاڵان دەکەین. دەوڵەتی تورک چەندین ساڵە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە قڕبکات و لەناوی ببات، پەنای بۆ هەموو کردەوەیەک بردووە. بەڵام بەردەوام رێگەی بەرخودان دەگرینەبەر".

هـ . ب