هێشتاش کلیلی ماڵەکەی لە عەفرینی لەلای خۆی هەڵگرتووە

دایکە هاجەر کە کلیلی ماڵەکەی، چارۆکە و جلوبەرگەکانی نەتەوەییەکانی خستەناو جانتایەک و لە گوندەوە رووی کردە عەفرین، بە هیوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی تائێستاش لە شەهبا کلیکی ماڵەکەی خۆی هەڵگرتووە.

دایکە هاجەر کە بەرلە داگیرکرانی عەفرین ژیانێکی ئارام و دڵخۆشانەی هەبوو، باس لە ژیانی خۆیان بەر لە داگیرکەری دەکات و دەڵێت، "ژیانێکی ئاراممان هەبوو. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سوریا خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی دەوروبەرەوە روویان کردە عەفرین. عەرەب، کورد، ئێزدی و تورکمان پێکەوەژیانی ئاشتیانەیان هەبوو. برایەتی گەلان لە عەفرینەوە سەریهەڵدا. عەفرین ببووە شاری دیموکراسی، دادپەروەری و یەکسانی. لەناو گەلدا بەڕێوەبەرایەتیەکی سروستی بونیادنرابوو. سەرباری ئەوەی رووبەرێکی کەمی هەبوو ئامێزی بۆ هەموو گەل کردەوە، دڵی گەلی عەفرین گەورەبوو. لەنێوان گەلاندا جیاکاری نەدەکرد، هەر کەسێک بە دڵی خۆیەوە بە ئایین، ئایینزا و باوەڕی خۆیەوە دەژیا.

لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ خۆڕاگرییان دەکرد

دایکە هاجەر کە شایەتی داگیرکردنی عەفرین بووە، باسی ئەو کاتە دەکات، "خەڵکی عەفرین هەرگیز رووبەڕووی هێرشێکی بەو جۆرە نەببونەوە. بە بێ گوێدان بە منداڵ و بەتەمەنەکان هێرشیان کردە سەر هەموو کەس و گەلەکەمانیان کوست. ئەو مرۆڤانەی بە رێگەوە بوون، ئەو منداڵانەی چووبوون نان بهێنن، ئەو مرۆڤە بێتاوانانەی پێداویستی ماڵەکانیان دابین دەکرد، کوژران. سەرباری هێرسی درندانەش لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ ٥٨ رۆژ ئێمە خۆڕاگریمان کرد. کێ چی لە دەست دەهات دەیکرد. دایکان خواردنیان بۆ هێزەکانی شەڕڤانان ئامادە دەکرد. کاتێک پێویست بوایە لە ریزەکانی پێشی پێشەوە شان بە شانی رۆڵەکانیان شەڕیان دەکرد. تەنیا گوندەکەی ئێمە ٧ جار بە فرۆکەی شەر بۆردومان کرا، گوندەکەمانیان تەختی زەوی کرد. ژمارەیەک زۆر لە گوندنشینان شەهیدبوون. مەڕوماڵاتەکەشمان لەناوچوون.

هێشتا جانتاکەی لای خۆی هەڵگرتووە

ئێمە ناچاربووین گوندەکەمان جێبهێڵین، بەڵام پلانمان نەبوو کە بە تەواوەتی جێیبهێڵین. بۆ نەورۆز جلم دوریبوو. ئەوەم خستە ناو جانتاکەمەوە. دەرگای ماڵەکەمم داخست و کلیلەکەم خستە جانتاکەمەوە. لەگەڵ دایکم و کەڕەکەم روومان کردە سەنتەری عەفرین. جلی نەتەوەیی خۆمم لەبەر کرد بۆ ئەوەی لە عەفرین جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەین. جلەکانم، چارۆکەیەک و کلیلی ماڵەکەم هێستا لە جانتاکەمدایە، لەگەڵ خۆم هەڵمگرتوون. بۆ ئەوەی رۆژێک بگەڕێینەوە بۆ عەفرین تائێستاش کلیلەکە دەشارمەوە. زۆر لە ناو شارەکە نەماینەوە. دوای سێ رۆژ ناچاربووین کە لە ناو عەفرینیش بچینە دەرەوە، نەماندەزانی کە بەرەو کوێ دەچین".

تێگەیشتین کە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ عەفرین

براکەم دەبوایە دوای ئێمە بەڕێبکەوتایە، بەڵام لە بوردومانی فرۆکەکانی تورکدا شەهید بوو. هاوژین و منداڵەکانی لە پاش خۆی بەجێمان. زۆر چاوەڕێمان کرد، نەهات، دوای چەند رۆژ زانیمان کە شەهیدبووە. نەماندەتوانی بە تەلەفون پەیوەندی بە کەسوکارمانەوە بکەین. ئاگامان لە کەس نەبوو. هەمووشتێکمان بەجێهێشتبوو. نەماندەزانی بەرەو کوێ دەچین. تەنیا دەرۆیستین. بیرمان دەکردەوە کە بگەڕێینەوە بۆ عەفرین. لەسەرلەبەیانیدا کەوتینەڕێ، زانیمان ئەوە گەڕانەوە بۆ عەفرین نییە و روومان کردە شەهبا.

بۆ ئەوەی عەفرین لە بیر نەکات لە کەمپ دەژی

من قەبوڵم کە لە شەهبا بەشێوەی هەمیشەیی نیشتەجێ ببم. بیرم کردەوە کە ئەگەر ماڵێک دروست بکەم، بە شێوەی هەمیشەیی نیشتەجێ ببم، من عەفرین لەبیر دەکەم. لەبەر ئەوە بڕیارمدا کە لە کەمپ بمێنمەوە. شەهبا وەک عەفرین شوێنێکی سەوزایی نییە. وەک بیابانە. تەنیا خۆڵ و خاک هەیە. گوڵێک کە مرۆڤ بۆنی پێوەبکات، شینکاییەک نییە، سروشتێکی بەو جۆرە نییە کە مرۆڤ هەناسەی تێدا بدات. خەڵکی عەفرین بە ئاوێتەبوونیان لەگەڵ سروشت دەناسرێن. هەربۆیە دوای ئەوەی خێمە هەڵدران دەستمان بە سەوزکردنی دەوروبەرمان کرد. بەهیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین لەگەڵ کوڕەکەم لە کەمپی بەرخودان مامەوە. سەرباری هەموو هێرش و گەمارۆکانیش خەڵکی عەفرین لە کەمپەکان خۆڕاگری دەکەن و بە بەرخودان چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ عەفرین."

هـ . ب