لە دەیرەزۆر سەرچەتەیەکی داعش کوژرا

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێک لە گوندی جەرزی دەیرەزۆر، سەرچەتەیەکی داعش کوژراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکە، ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی خەباتی یەکینەکانی پاراستنی ئەنتی تیرۆر (یات) دژی داعش و بە پشتگیری ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدراوە.

قەسەدە لە ڕاگەیاندراوەکەی دەڵێت: "٧ ی کانوونی دووەم، لە گوندی ئەلجەرزی دەیرەزۆر ئۆپەراسیۆنێک دژی سەرچەتەیەکی داعش ئەنجامدرا، هێزەکانمان هەڵیانکوتایە سەر ئەم سەرچەتەیە بەناوی محەمەد عەتیە بە ناسناوی ئەبو مەحمود، سەرەڕای بانگەوازی هێزەکانمان، بەڵام تەقەی لە هێزەکانمان کرد. لە ئەنجامدا شەڕ ڕویدا و کوژرا".

قەسەدە ڕایگەیاند، چەک و جبەخانەی دەستی چەتەکە کەوتۆتە دەستی هێزەکانیان لەوانە: تەلەفۆن کڵاشینکۆفێک، ٨ مەخزەنی کڵاشینکۆف، ٤ بۆمبی دەستی، چەندین فیشەک، کامێرا، بەڵگە و ناسنامە.