لە کانتۆنی فورات یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس بەرزڕاگیرا

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کاننتۆنی فورات، لە یانزەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریس، رژانە گۆڕەپانەکان و شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژیەیان بەبیرهێنایەوە.

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ کە لە ئەنجامیدا یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە سەکینە جانسز، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە پاریس فیدان دۆغان و ئەندامی بزوتنەوەی گەنجانی کورد لەیلا شایلەمەز شەهیدبوون، رژانە شەقام و گۆڕەپانەکان.

لە رێپێوانەکەدا بە پێشەنگایەتی رێکخراو و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کانتۆنی فورات ئەنجامدرا، بنەماڵەی شەهیدان و بە سەدان کەس لە دانیشتوانی هەرێمەکە بەشدارییان کرد. رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد بە وتنەوەی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد و تا خوێندنگەی شەهید سەیدۆ بەردەوام بوو.

دواتر لە بەردەم خوێندنگەی شەهید سەیدۆ بە خولەکێک بێدەنگی رێز لە هەر سێ شەهیدەکەیئ ئەو کۆمەڵکوژیە و سەرجەم گیانبەختکردوانی بزوتنەوەی ئازادی گیرا. لەوێ ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) مهاباد کۆچەر قسەی کرد و رایگەیاند، کە سەکینە جانسز بە بەرخودانی خۆی بووە نمونە بۆ تەواوی ژنانی جیهان.

کۆچەر ئەوەی خستەڕوو کە ئامانجی کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕی لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیی کورد بوو و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: " بەدرێژایی مێژوو چەندین راپەڕینی گەل لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە سەرکوت کراون. هەوڵیاندا بەو هێرشانە کۆتایی بە بزوتنەوەی ئازادیی کورد بدەن. لە کەسایەتی ژنی پێشەنگ سەکینە جانسز ویستیان ئەوە جێبەجێ بکەن. هاوڕێ سەکینە بە هەڵوێست، بەرخودان و تێکۆشانی خۆی بووە نمونەی ژنی ئازاد".

دوای وتارەکان رێپێوانەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" کۆتاییهات.

هـ . ب