ئەو جانتایەی سارا پێی بەخشیبوو تا ئێستاش ماوە

دڵبیرین تەمێ لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا سەکینە جانسزی ناسیوە. تا ئێستاش ئەو جانتایەی کە دایکی پێی سپاردووە، پاراستوویە. دڵبیرین تەمێ وتی:"هەڤاڵ سارا، تەنها سێ ڕۆژ لە ماڵی ئێمە مایەوە، بەڵام وەک سێ ساڵ وابوو".

کامیلە تەمێ دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٢ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکەی ناسی، ماڵەکەی لە گوندی مەرگا میرە لە دێریکی بەڕووی گەریلاکاندا کردەوە. لەم ماڵە کە عەزیمە و بەنەڤش دەژیان، سەکینە جانسزیش میوان بوو.

دایە کامیلە پێش مردنی لە ساڵی ٢٠٢١ ئەو جانتایەی کە سەکینە جانسز پێی بەخشیبوو بە ئەمانەت سپاردی بە دڵبیرین تەمێی کوڕی. دلبیرین هێشتا تەمەنی ١٢ ساڵ بووە کە سەکینە جانسزی بینیوە. دلبیرین بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی سەکینە جانسز لە گەڵ ئاژانسی فورات قسەی کرد. دڵبیرین لە ساڵی ١٩٩٣ کاتێک سەکینە جانسز لە لوبنانەوە گەڕاوەتەوە بینیویە و وتی:"ئەو هاتە ماڵی ئێمە بۆ ئەوەی لەوێیەوە بچێتە شاخ، ماڵەکەمان لە مەرگا میرە شوێنی کۆ بوونی گەریلاکان بوو لەوێیەوە دەچوونە شاخ، هەڤاڵ سارا یەکێک بوو لەو گەریلایانە، ژمارەیان زیاد بوو، بەڵام هەڤاڵ سارا سەرنجی ڕاکێشام، تایبەتمەندی جیاوازی هەبوو".

وەک منداڵی دایکم وابوو

دڵبیرین تەمێ باسی پەیوەندی سێ ڕۆژەی سەکینە جانسیز لە گەڵ بنەماڵەکەی کرد و وتی:"کاتێک هاتە ماڵەکەمان کەس هەڤاڵ سارای نەدەناسی، ئەو ڕووخسارێکی نوێ بوو بۆ ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆژی یەکەمدا وەک کچێکی ماڵەکەمان ڕەفتاری دەکرد، لەگەڵ بنەماڵە تەواو تێکەڵ بوو، خۆی وەک غەریبە نەدەبینی، پەیوەندی لەگەڵ منداڵ، ژن، پیاو، وەک منداڵی دایکم بوو، وەک خاوەن ماڵ بوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماڵەکەدا بوون نزیکەی ٥٠-٦٠ کەس بوون، بەڵام هەڤاڵ سارا لەناو ئەو جەماعەتەدا سەرنج ڕاکێش بوو".

هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی سنوور

دڵبیرین ڕایگەیاند کە یەکەم هەوڵی سەکینە جانسز بۆ بەزاندنی سنوور سەرکەوتوو نەبوو و وتی:"جارێکی دیکە گەڕایەوە ماڵەوە. لە ڕاستیدا گەڕانەوەی دڵخۆشی کردین. لە هەمووی زیاتر دایکم دڵخۆش بوو، دایکم وتی ' کچەکەم گەڕایەوە ماڵەوە'. زۆر گرێدراوی هەڤاڵ سارا بوو، هەڤاڵ سارا کاتێک ڕۆیشت بە دایکمی گوت،'تۆ دایکی منیت، ئێستا ماڵێکم لێرە هەیە' و جانتایەکی بە دایکم بەخشی. تەنها سێ رۆژ لە ماڵمان مایەوە، بەڵام وەک ئەوە وابوو ساڵانێکە یەکتر دەناسین، سێ ڕۆژ وەک سێ ساڵ بوو، لە هەڵسوکەوتیدا دیار بوو کە کەسێکی شارەزایە، بۆیە زۆر وابەستەی بووین.

جانتاکەی ئەمانەتێکی پیرۆزە

هەڤاڵ سارا دایکمی وەک دایکی خۆی دەبینی، خۆشی دەویست و بەهۆی ئەوەی ڕێزی بۆ بنەماڵەکەمان دادەنا، جانتاکەی بە دیاریی بە دایکم بەخشێ. دایکم تا مرد جانتاکەی هەڵگرتبوو. جانتاکە هێشتا لای ئێمەیە وەک ئەمانەت هەڵمانگرتووە. وەک دیارییەکی پیرۆز دەیبینن.

سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو بۆ دایکم. بنەماڵەمان وڵاتپارێز بوون، بەڵام زۆر لە ژێر کاریگەری هەڵوێستی هەڤاڵ سارادا بوون. دوای ناسینی هەڤاڵ سارا، دایکم زیاتر گرێدراوی بوو، وتی:"بەڵێنم بە سارا داوە" هەڤاڵ زۆر دەهاتنە ماڵمان، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی سارام ​​لەبیرە".