کوچوکباڵابان: قەیوم لەمپەرە لەبەردەم ئاشتی!

هاوسەرۆکی گشیی ئیهەدە حسێن کوچوکباڵابان کە لە سێ شار کە شارەوانییەکان زەوت کراون دەستیان بە لێکۆڵینەوەکردبوو، باسی لەوەکرد کە قەیوم رێگەی ئاشتی دەگەیەنێتە بنبەست.

لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی گەورە شاری مێردین، شارەوانی ئێلیح و شارەوانی خەلفەتی بەرخودانی گەلی کورد بە بڕیاردارییەوە بەردەوامە. لە ٧ تا ٧٠ ساڵییەوە مرۆڤەکان لە پێناو خاوەنداری لە ئیرادەیان لە گۆڕەپانەکاندان.

هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) حسێن کوچوکباڵابان کە لەو سێ شارەی کودەتای قەیوم ئەنجام دراوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

کوچوکباڵابان ئەوەی خستەڕوو کە لە نێوان ٥-٧ی تشرینی دووەم لەگەڵ شاندێک بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی ئەو سێ شارەیان کردبوو و لەو بارەوە وتی، "سێ قۆناغە قەیوم بۆ شارەوانییەکان دادەنرێت و ئیرادە زەوت دەکرێت. دانیشتووانی هەڕێمەکە لەوە ناڕازین. ئەو ناڕەزایەتیەش بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە نیشان دەدات. لەبەرامبەردا ئێمە بینیمان کە هێزە ئەمنییەکان بە هێزێکی زۆرەوە لەناو شەقامەکان خەڵک ئەشکەنجە دەدەن . بەتایبەتی لە ئێلیح ئەو توندوتیژی و ئەشکەنجەیە بینرا. چەندین سکاڵا تۆمارکران. لە مێردین، ئێلیح و خەلفەتی تائێستا بیناکانی سارەوانی گەمارۆدراون. لە هەموو ناوچەیەک تیمە تایبەتەکانی پۆلیس و جەندرمە جێگیرکراون و هەوڵ دەدەن گەل چاوترسێن بکەن".

کوچوکباڵابان ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ئێلیح ٢٥٠ کەس کە ٧٠کەسیان منداڵبوون دەستبەسەرکراون و لەو ژمارەیە ٢٥ کەس کە ١٠یان منداڵن لە زینداندا راگیراون.

بە گورەی ئامارەکانی لای کوچوکباڵابان لە مێردین ١٥ کەس کە ٧یان منداڵن دەستبەسەرکراون، دوو کەس لەوانە کە یەکیان منداڵە لە زینداندا ماون، لە خەلفەتیش ١٦ کەس دەستبەسەرکران، کە ١٠ کەسیان لە زیندانن.

هاوسەرۆکی گشتیی ئیهەدە ئاماژەی بەوەکرد کە رووداو و پێشهاتەکانی ئێستا لە قۆناغی ئەم دواییە دابڕاو نییە و وتی، "لەلایەکەوە بانگەوازیان لە عەبدوڵا ئۆجالان کرد، لەلایەکی دیکەشەوە لە زێدی ئەو لە خەلفەتی ئەو سەرۆک شارەوانیەی بە دەنگی گەل هەڵبژێردرابوو، دوور خرایەوە، ئەمە بە واتای ئەوەیە کە خوازیاری ئاشتی نین".

کوچوکباڵابان باسی لەوەکرد کە ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی رێکخراوە مەدەنییەکان و رای گشتیی دیموکراتیک و وتی، "بەر لە هەموو شتێک دەوڵەت و حکومەت قەبوڵیان کرد کە کاریگەرترین کاراکتەری پرسی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە. کەواتە دەبێت رێگە بدرێت ئۆجالان بتوانێت هەم لەگەڵ رێکخراوەکەی و هەمیش لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکان دیدار بکات. دەبێت هەلومەرج بۆ ئەوە بڕەخسێندرێت. لەبەر ئەوەی کوردەکان ئیتر بێزاربوون کە پرسی کورد وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێندرێت. دەبێت ئیتر ئەوە لەسەر هێڵێکی سیاسی راست بەڕێوەببرێت. نابێت بۆ ئەوە تەنیا چاوەڕێی دەسەڵات بن. لێرەدا دەبیت رێکخراوە مەدەنیەکان، رای گشتیی دیموکراتیک، رۆشنبیران، نوسەران، راگەیاندن رۆڵێکی کارا بگێرن. لەو رووەوە هەنگاوی بوێرانە بنرێت."

هاوسەرۆکی گشتیی ئیهەدە حسێن کوچوکباڵابان ئەوەشی خستەڕوو کە سیاسەتی قەیوم لەبەردەم ئاشتی چارەسەریدا لەمپەر و بەربەستە و رایگەیاند، کە تا ئەو کردەوە نایموکراتیکانە بەردەوام بن کەس ناتوانێت باس لە ئاشتییەکی ناوخۆیی بکات.

کوچوکباڵابان باسی لەوەکرد کە شارەوانییەکان بە پاساوی بێ بنەما لە کارلادراون و دەبێت کارەکانیان رادەستیان بکرێتەوە.

کوچوکباڵابان وتی، "لە پرسی کورددا ئەو پرۆسەیەی لە ئاستی قسەدا دەستیپێکردووە بەنرخ و گرنگە؛ دەبێت بناغەکەی پڕبکرێتەوە، وەک هەنگاوێک بۆ نیازپاکی دەبێت سەرەتا گۆشەگیری لەسەر عەبدووڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و دەرفەتی بۆ بڕەخسێندرێت کە بتوانێت بنەماڵە، پارێزەران، رێکخراوە مەدەنیەکان و پارتە سیاسیەکان ببینێت. دەبێت پرسی دەرکردنی لێبوردنێکی گشتیی بۆ زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمان تاوتوێ بکرێت. لە هەمان کاتدا ئەو ماددانەی پێشتر بە شێوەی دوودڵی لە پەیماننامەی خۆبەڕێوەبەری خۆجێیی یەکێتی ئەوروپادا واژۆیان کردبوو، بچەسپێندرێت و شارەوانییەکان بە شێوەیەکی ئازاد، خۆبەڕێوەبەر و تایبەت پێناسە بکرێن. لە هەمان کات دەبێت پرۆسەیەکی راگرتنی شەڕ رابگەیەندڕێت".