کوردێک لە شاری پراگ دەستگیرکرا

بە پاساوی ئەوەی ئۆرهان ئەرگین دەستی هەبووە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە هێرشەکانی سەر کۆبانی لە ساڵی ٢٠١٤دا و چاوی بە بەرپرسانی ڕۆژئاوا کەوتووە، کە بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی شاری پراگی پایتەختی وڵاتی چیک-یان کردبوو، دەستگیرکرا.

هاووڵاتییەکی کوردستانی بە ناوی ئۆرهان ئەرگین، کە لەگەڵ منداڵەکانیدا داوای پەنابەریی لە کۆماری چیک کردبوو و لەوێ چێشتخانەیەکی دانابوو، لە ٨ی کانوونی یەکەم لە پراگ دەستگیرکرا.

ئەرگین بڕیاری دادگای خۆجێی بۆ "بەجێهێشتنی وڵات" جێەجێ نەکرد و دەستگیرکرا و ئەرگین لە دادگای دەستووری سکاڵای تۆمارکرد و لە دوای ماوەیەک لە دەستگیرکردنی دادگای دەستووری بڕیارەکەى دادگای خۆجێی هەڵوەشاندەوە و ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم پاش ئەوەی دادگای دەستووری بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە ئازاد کرا، بەڵام بە پاساوی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا سکاڵای لەسەر هەیە، لە کاتی دەرچوونی دادگا دووبارە دەستگیرکرایەوە.

لە بەیاننامەیەکدا لەسەر دەستگیرکردنی ئۆرهان ئەرگین، کە لە نووسینگەی پارێزەرەکەی وەزیری پێشووی ناوخۆ تۆماش سۆکۆل بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، پێشتر هەندێک هەواڵی لە میدیا دیجیتاڵییەکان بڵاوکردووەتەوە و ئەوە بووەتە پاساوی دەستگیرکردنەکەی. هەروەها لە تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، بۆیە پۆلیسی چیک گوشاری خستبووە سەر ئۆرهان ئەرگین، کە "وڵات بەجێبهێڵێت"، بەڵام دادگا ڕێگەی نەدا فشاری بخرێتە سەر، بەڵام ئەمجارە هاتوون بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژی هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر کۆبانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژئاوا و ئەندامێتی پەکەکە و یەپەگە دەستگیریان کردووە.

پارێزەران کاردانەوەیان بەرامبەر بە دەستگیرکردنەکەی ئەرگین هەبوو و ڕایانگەیاند، ئەو تۆمەتەی لەلایەن پۆلیسەوە ئامادەکراوە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، تاوانبارکردنەکە تەنها لەسەر قسەی شایەتحاڵی نهێنی و پڕ لە چەواشەکاری و گومانکرد و مەزەندە کردنە، بۆیە چاوەرێی دادگا دەکەن، کە ئەو تۆمەتە قبوڵ نەکات.

ژ.ت