لە ئیزمیر پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکی پارت و رێکخستنەکان: ٥٠ کەس دەستگیرکران

لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و سیاسەتی شەڕ، لە ئیزمیر چالاکی شەرمەزارکردن ئەنجامدرا. پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر چالاکیەکە و ٥٠ کەس دەستگیرکران.

کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، تەڤگەری ژنانی ئازاد، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، پارتی دیموکراتی گەلان، هێزەکانی تێکۆشانی یەکگرتوو، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتگیری خانەوادەی زیندانی و سزادراوانی ئیجە لە گۆڕەپانی کۆناک چالاکیان ئەنجامدا.

چالاکوانان ویستیان لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان و شەڕ رێپێوان ئەنجام بدەن و لەبەردەم بورجی کاتژمێر دروشمی ' بژی بەرخۆدانی زیندانەکانیان' بەرز کردەوە. پۆلیس چالاکوانانی گەمارۆدا و هێرشیان کردە سەریان. زۆر کەس بە ئەشکەنجە و کەلەپچە دەستگیرکران.

بەگوێرەی زانیاریەکانی چاودێرەکانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، لانیکەم ٥٠ کەس دەستگیرکراون. لەگەڵ هێرشی پۆلیس، چالاکوانان دروشمی ' شکۆی مرۆڤایەتی ئەشکەنجە تێکدەشکێنێت' وتەوە.

چالاکوانان نارەزایەتیان دەربڕی و پانکارتی ' فاشیزمی تورک هەڵدەوەشێنین و گۆشەگیری دەشکێنین' بەرزکردەوە و بەرەو گۆڕەپانی کۆناک رێپێوانیان کرد.

چالاکوانان لەوێ بە ئەشکەنجە دەستگیرکران. لە هێرشەکاندا چالاکوان هۆگر کایا لە هۆشی خۆی چوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

چالاکوانە دەستگیرکراوەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی چانکایا گواسترانەوە.

هەروەها پۆلیسی تورک نەیهێشت سەرپیل کەمالبەی و فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتارانی هەدەپە لە گۆڕەپانی کۆناک بۆ رۆژنامەنووسان قسە بکەن. هەوڵ درا کە رۆژنامەنووسان لە گۆڕەپانەکە دوور بخرێنەوە.

ف.ق