ئەلمانیا: تورکیا خاڵی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کرد

بە پێی راپۆرتێکی پسپۆرانی ئەنجومەنی فیدرالی ئەلمانیا، دەوڵەتی تورک بە هێرشکردنە سەر باشوری کوردستان خاڵی ٥١ی مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە. هاوکات داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و بەرلین کراوە لەم بارەیەوە بکەونە جموجوڵەوە.

چەند رۆژێک پێش ئێستا گوکای ئاکبولوت پارلمانتەری پارتی چەپی ئەلمانیا داوای کردبوو، لە رووی یاسای نێودەوڵەتیەوە لە بارەی هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر باشوری کوردستان هەڵوێستەیەک وەربگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا سەردانی دەزگای خزمەتە زانستیەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی ئەلمانیا کرد.

ئەو دەزگایە چەندین پسپۆری بواری جیاواز لەخۆ دەگرێت و لە بارەی زانیاریە پسپۆریەکانەوە، پارلمانتەرەکان ئاگادار دەکەنەوە.

پارتی چەپ داوای لەو دەزگایە کردبوو، هەڵوێستەیەک بکەن لەسەر هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک کە بە ناوی 'کارتال-پەنجە' لە دژی باشوری کوردستان ئەنجام دەدات. دەزگاکە لە ناو راپۆرتەکەیدا هاوکات گومان و نیگەرانیەکانی خۆی لەسەر ئەو هێرشانە خستووەتە روو.

 ئەم راپۆرتە هێشتا بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراوە. راپۆرتەکە بە ناوی 'لە رووی یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە ئۆپڕاسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە باکوری عێراق لە دژی پەکەکە' ئامادە کراوە و تێیدا پلانە داگیرکەریەکانی ئاکەپە و مەهەپە رەخنە کراون.

'ئەوەی تورکیا دەیکات پاراستنی رەوا نیە'

راپۆرتەکە کە لە ١٢ لاپەرە پێکدێت، گەیشتووەتە بەر دەستی ئاژانی هەواڵی فورات- ANF. لەم راپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت کە تورکیا سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق پێشێل دەکات و لەم چوارچێوەیەدا خاڵی ٥١ی مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بنپێ کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاوکات باس لەوە دەکرێت کە لەم قۆناغەدا پەکەکە هیچ هێرشێکی ئەنجام نەداوە، بۆیە تێزی دەوڵەتی تورکیا بۆ 'خۆپاراستنی رەوا' بەتاڵ دەبێتەوە.

تیشک خراوەتە سەر ئەوەی، پەکەکە هیچ هێرشێکی نەکردووە کە لەم قۆناغەدا تورکیا بە بیانووی پاراستنی رەوادا هێرش بکاتە سەر خاکی عێراق. هاوکات باس لە لێکدانەوەی هێرشەکانیش دەکات کە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت.

تیشکیش خراوەتە سەر ئەوەی، بە پێی ئەم تیۆرە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دەوڵەتێک و ئەو دەوڵەتە وڵامی هێرشەکان بداتەوە، ئەوا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندایە.

لە ساڵانی رابردوودا، کاتێک حزبواللە هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی وڵامی هێرشەکانی دایەوە و ئەمەش بە پێی هەمان تیۆرەی یاسا نێودەوڵەتیەکان بوو.

دەزگای خزمەتە زانستیەکانی ئەنجومەنی فیدرالی ئەلمانیا رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان دەکەوێتە چوارچێوەی هەمان تیۆرەوە.

'تورکیا دەبوایا نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردبایەوە'

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، دەبوایا تورکیا نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردبوایەوە. بە پێی بەندی دووی خاڵی ٥١ی مەرجەکانی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی دەوڵەتێک مافی 'خۆپاراستنی رەوا' بەکار بهێنێت، دەبێت بەر لە ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی سەربازی بۆ سەر خاکی وڵاتێکی تر، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار بکرێتەوە.

هاوکات باسی ئەوەش کراوە کە، تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی کارتال-پەنجە، نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە کە ئەمەش پێشێلکردنی خاڵی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

لەم راپۆرتەدا هاوکات باس لەوەش دەکرێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دا خەڵکی مەدەنی کوژراون و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:" بە پێی راگەیاندنە کوردیەکان، لە کەمپی مەخموریش کەسانی مەدەنی لە لایەن سوپای تورکەوە کوژراون. لەو کەمپە نزیکەی ١٢٠٠٠ کەس دەژین. هاوکات هێرش کراوەتە سەر ناوەندێکی تەندروستیی شەنگال و کەمپی گەڕانەوەی ئێزیدیەکان. ئەگەر ئەم هەواڵانە راست بن کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا کەسانی مەدەنی کوژرابن یان بریندار بووبن، ئەمە بە واتای پێشێلکردنی یاسا نیودەوڵەتیەکان دێت."

 'دەکرێت ئالمانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ بجوڵێنێت'

لە راپۆرتەکەدا هاوکات باسی ئەوەش کراوە کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەکرێت ئەلمانیا، ئەندامانی کاتیی کۆنسەی ئەمنی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکەکانی ئێستا کۆبکاتەوە و بەم شێوەی باسی لێوە دەکات:"کۆنسەی ئەمنی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکرێت جموموڵەکانی تورکیا لە باکوری عێراق، بە بڕیارێکی گونجاو یان بە لێدوانێک، وەکو پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئیدانەی بکات. لەم رووەوە، رێژەی سەرکەوتن بە زۆری پەیوەندی بە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەوە هەیە کە لە کۆنسەی ئەمنیدا خاوەنی مافی ڤیتۆن. ئەگەر کۆنسەی ئەمنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی لێدوانێکی هاوبەشیش نەدات، لانی کەم لە بارەی چالاکیەکانی تورکیا لە باکوری عێراق دەتوانێت فشار لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بکات بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی هەڵوێستێکی فەرمی. دوای لێدوانێکی لەم چەشنە، تورکیا ناتوانێت بسەلێنێت کە لە چورچێوەی مافی پاراستنی رەوادا دەجوڵێتەوە. ئەو کاتە پێناسەکردنی ئەم بابەتە لە لایەن وڵاتانەوە وەکو پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، دەبێت بە بابەتێکی گرنگ."

دەزگای خزمەتە زانستیەکانی ئەنجومەنی فیدڕالی ئەلمانیا، هاوکات سەردانی فەرەنسای بۆ کۆنسەی ئەمنی نەتەوە یەکگرتووەکانی، لە دوای هێرشە داگیرکەریەکەی سوپای تورک بۆ سەر عەفرین، بە بیر هێنایەوە و بەم شێوەیە بانگەوازیەکی ئاڕاستەی حکومەتی فیداڕالی ئەلمانیا کرد:

"ئەلمانیا بۆ پێناسەکردنی پێشێلکردنی پێوانە یاساییە نێودەوڵەتیەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، دەتوانێت ئەو هەڵوێستەکەی فەرەنسا وەک نمونە بهێنێتەوە کە لە دژی ئۆپڕاسیۆنی 'چڵە زەیتونی' دەوڵەتی تورکیا نواندی. فەرەنسا ئەو کاتە لە کۆنسەی ئەمنیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردبوو، هاوکات بانگەوازی ئەوەشی کردبوو کە بۆ ئاگربەستێکی بەرفراوان و بێمەرج، هاوکاری مرۆڤی رابگەیێنرێت."

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو هێرشانە کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتیەکان، دەتوانرێت لە لایەن ئەلمانیاوە بخرێتە رۆژەڤی ناتۆوە. لە راپۆرتەکەدا هاوکات بۆ ئیدانەکردنی ئۆپڕاسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە دژی باشوری کوردستان، ئاماژە بە میکانیزمە راوێژکاریەکانی نێوان ئەندامانی ناتۆ کراوە و بەم شێوەیە باسی دەکات:"بۆ ئەوەی ئەلمانیا لەسەر ئۆپڕاسیۆنەکانی تورکیا بەیانی فەرمی دەربکات، دەتوانێت ئاستی نێودەوڵەتی بکار بهێنیت."

حکومەتی فیدڕالی ئەلمانیا هەفتەی رابردووش وڵامی پێشنیارەکەی پارتی چەپی دابووەوە و بۆ جاری یەکەم ئاشکرای کردبوو کە لە دژی داگیرکەریەکەی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

ز.ش