نوێنەرانی رێکخراوە ئێزدییەکان ئێشکگرانی ئەم هەفتەیەی ئازادی بۆ ئۆجالانن

نوێنەرانی رێکخراوە ئێزدییەکان کە بەشداریی چالاکیی "ئازادی بۆ ئۆجالان بوون" داوای کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

چالاکوانانی ئەم هەفتەیەى ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان"، کە ماوەی زیاتر لە ٨ ساڵە لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی ئەوروپا و لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، نوێنەرانی رێکخراوە ئێزدییەکانن لە ئەوروپا.

لە رێکخراوی ئێزدییەکانى ئەوروپا خەبات ئاگرمان، جیهاد زەردەشت، حەسەن چاکماک و محۆ ئاتان ئێشکگریی ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەبەن.

خەبات ئاگرمان بە ناوی گروپەکەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، دیلکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قبوڵ ناکەن.

ئاگرمان بێدەنگیی کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپای رەخنەکرد و وتی "کاری سی پی تی ئەوەیە، کە ئەشکەنجە و کێشەکانی گۆشەگیریی زیندانیان چارەسەر بکات".

خەبات ئاگرمان داوای لە گەلی کورد کرد، کە لە هەموو شوێنێکدا خاوەنداری لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن.

خەبات ئاگرمان ئەوەى بە بیرخستەوە، کە دەوڵەتى تورک لە شەنگال، رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان و زۆرێک لە ناوچەکانى تر لە دژی گەلی کورد شەڕی دەستپێکردووە. راشیگەیاند، بە دڵنیاییەوە گەلی کورد لە دژی ئەو هێرشانە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن.

ئەوەشی وت، "لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییانەى ئەنجام دەدرێن و دەسەپێنرێت، پاراستنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەورەترین و گرنگترین وەڵامە".

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەى ئێزدی لە ئەوروپا بۆ چالاکیی "ئێشکگری بۆ ئازادیی ئۆجالان" تاوەکو ئێستا چەندین جار چوونەتە ستراسبۆرگ و چالاکیی ئێشکگرییان بەڕێوەبردووە و داوای ئازادیی رێبەری گەلی کوردیان کردووە.

لە ئابی ٢٠١٦دا بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی دیاسپۆرای شەنگال و چەندین  هاووڵاتیی تری ئێزدی دەستیان بە مانگرتنی بێسنوور کردبوو. مانگرتنە بێسنوورەکە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بوو، کە لەسەر داوای ئۆجالان کۆتایی پێهات.

ژ.ت