پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا: دەبێت هاوکاریکردنی تورکیا بوەستێنرێت

لە پەرلەمانی ئەوروپا، دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی توند رەخنە کرا. لە کۆبونەوەی پەرلەماندا باس لەوە کرا کە دەبێت فرۆشتنی چەک و هاوکاریەکان بۆ تورکیا، بوەستێنرێن.

دەستەی باڵای پەرلەمانی ئەوروپا لە ژێر ناوی "لە دەریای سپی ئارامی، ئاسایش و رۆڵی نەرێنیی تورکیا" دانیشتنێکی بەڕێوە برد.

لەو دانیشتنەدا سیاسەتە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی و لیبیا بە توندی رەخنە کرا. چەندین پەرلەمانتار رایانگەیاند، تورکیا "رژێمێکی دیکتاتورە" و دەبێت دانوستانەکان لە گەڵ ئەنقەرە بوەستێنرێن. هاوکات بانگەوازی ئەوەش کرا کە هاوکاریە مادیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەوڵەتی تورکیا بوەستێنرێن.

ناچۆس سانچیز-ئامۆر پەرلەمانتاری ئیسپانیا رایگەیاند، دەبێت دەوڵەتی تورک رێز لە نۆرمەکانی ئەوروپا بگرێت.

مانفرید وەبەر سەرۆکی فراکسیۆنی کرستیانەکان و پەرلەمانتاری ئەلمانیاش داوای کرد کۆتایی بە دانوستانەکان بۆ ئەندامبوونی تورکیا بهێنرێت.

هاوکات لەسەر ناوی فراکسیۆنی (رەنەو) کە نزیکە لە لیبرالەکان، فرانسز ناتهالی لویسو وتی:" تورکیا بە پێی نرخەکانی ئەوروپا ناجوڵێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی دوژمنکارانە دەجوڵێتەوە."

هاوکات ئوزلەم دەمیرەل لە سەر ناوی فراکسیۆنی کۆمۆنیستەکان قسەی کرد و وتی:"ئێوە مافی ئەوەتان هەیە رەخنە لە تورکیا بگرن. دەبێت هیچ کەسێک چەک بە تورکیا نەفرۆشێت."

کۆستاس ماڤریدەس پارلمانتەری قوبرس و ئەندامی گروپی سۆسیال دیمۆکراتەکانیش رەخنەی ئەوەی گرت کە ئەلمانیا چەک بە تورکیا دەفرۆشێت و وتی:" تورکیا ئەو چەکانە لە دژی نرخەکانی ئەوروپا بەکار دەهێنێت."

ز.ش