ژنانی کورد لە بەردەم پەرلەمانی فەرەنسا چالاکیەکیان ئەنجامدا

بزوتنەوەی ژنانی کورد-فەرەنسا (تەژەکە-فەرەنسا) لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کە ژنان بە ئامانج دەگرێت، لە بەردەم پەرلەمانی فەرەنسا چالاکیەکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

چالاکیەکە کە پێشەنگیی تەژەکە-فەرەنسا لە بەردەم پەرلەمانی فەرەنسا بەرێوە چوو، تێیدا تیشک خرایە سەر ئەوەی لە چوارچێوەی هێرشە داگیرکەریەکاندا، ژنان بە ئامانج دەگیرێن و دەکوژرێن.

چالاکیەکە ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ دەستی پێکرد و بڕیار وایە دوو رۆژ بخایەنێت. هاوکات هاوڵاتیانی فەرەنسیش پێشوازیەکی گەرمیان لەو چالاکیە کرد. ئەریک جۆکورەل پارلمانتەری چەپەکان سەردانی چالاکەوانانی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ چالاکیەکە دەربڕی.

بە درێژایی رۆژەکە بڵاوکراوە بڵاو کرانەوە و لەو نێوەندەدا کەسێکی گێرەشێوێن دوای ئەوەی ویستی بڵاوکراوەکە بدڕێنێت، لە نێوان چالاکەوانان و ئەو کەسە گێرەشێوێنەدا ئاڵۆزی دروست بوو. دواتر هێزە ئەمنیەکان کەسە گێرەشێوێنەکەیان لە شوێنی چالاکیەکە دوور خستەوە و نەزانرا بە رەگەز خەڵکی کوێیە.

لە چالاکیەکەدا دروشمەکانی 'دیکتاتور ئەردۆغان' و 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرز کرانەوە.

ز.ش