لە بەریتانیا بە دەیان هەزار پەرستار بۆ دووەم جار دەستیان بە مانگرتن کرد

لە بەریتانیا،وێڵز و ئیرلەندای باکور بۆ دووەم جار دەیان هەزار پەرستار بە داواکاری زیادکردنی مووچەی دادپەروەرانە دەستیان بە مانگرتن کرد.

بە دەیان هەزار پەرستار کە لە ١٥ی کانونی یەکەمدا بەداواکاری زیادکردنی مووچەیەکی دادپەروەرانە کە گونجاوبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان و هەڵاوسان دەستیان بە مانگرتن کردبوو، دوای ئەوەی لەگەڵ حکومەت نەگەیشتن رێککەوتن، بۆ دووەمجار دەستیان بە مانگرتن و راگرتنی کار بۆ ماوەی رۆژێک کرد.

سەندیکای ئار سی ئێن (کۆلێژی شاهانەی پەرستاری) کە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئەندامی هەیە و نوێنەرایەتی پەرستاران دەکات، داوای کردووە مووچەکانیان بە رێژەی ١٩٪ زیاد بکرێت، حکومەتیش باس لەوە دەکات جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە ئەستەمە.

سەندیکاکە رایگەیاند، تا ئەو کاتەی حکومەت مامەڵە و هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت، پەرستاران لەمانگی داهاتووشدا جارێکیتر مان دەگرنەوە.

هەرچەندە بە هۆی مانگرتنی پەرستارانەوە ژمارەیەکی زۆر وادەی بینینی نەخۆش و نەشتەرگەری هەڵوەشانەوە، بەڵام ئەو پەرستارانەی لە بەشەکانی چارەسەری کیمیایی، فریاگوزاری خێرا و شوشتنەوەی گورچیلەی نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن بەردەوامبوون لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە نەخۆشەکان.

سەندیکاکە لە مێژووی ١٠٦ساڵەی خۆیدا یەکەم جارە دەنگی بە مانگرتن داوە و زۆرینەی پەرستارەکانیش پاڵپشتییان لەو مانگرتنە کردووە.

هـ . ب