دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشە کیمیاییەکانی

هەپەگە رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشەکانی بە چەکی کیمیایی درێژە پێدەدات و باسی لەوەکرد، "سوپای تورکی داگیرکەر لە ٢ی تشرینی دووەمدا گۆڕەپانەکانی بەرخودانی ١٤ جار بە بۆمبی قەدەغە و ١٢ جاریش بە چەکی کیمیایی بۆردومان کردووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگەرایگەیاند: "گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە یەکەم رۆژ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی داگیرکارییەوە قۆناغێکی بەرخودانی مێژووییان دەست پێکردووە. گەریلا لە دژوارترین هەلومەرجدا درێژە بەشەڕی خۆپاراستن دەدەن و گورزی قورس لە داگیرکەران دەوەشێنن. سوپای تورکی داگریکەر سەرباری هەموو توانا و دەرفەتەکانیشی نەیتوانی بەرخودانی هێزەکانمان بە کە ئیرادەی ئاپۆیی و بڕیارداری بەرزەوە دەکرێت، تێکبشکێنێت. سوپای تورکی داگیرکەر بە شێوازی نامرۆڤانە هەوڵ دەدات بە ئامانجەکانی بگات. سەرەڕای ئەوەی تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانیان سەلمێنراون و بە بەڵگە تۆمار کراون، سوپای تورک کۆنسێپتی سیستماتیکی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی درێژە پێدەدات.

سوپای تورکی داگیرکەر لە ٢ی تشرینی دووەمدا گۆڕەپانەکانی بەرخودانی ١٤ جار بە بۆمبی قەدەغە و ١٢ جاریش بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرد. لە هەمان کاتدا ٧جار بە فڕۆکەی شەڕ و بە دەیان جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس گۆڕەپانەکانی بەرخودانی بۆردومان کردووە.

لە ئەجامی چالاکی هێزەکانماندا داگیرکەرێک سزادرا و سیستمێکی کامێرای حەراری تێکشکێندرا.

زانیارییەکان لەسەر چالاکی هێرشەکان بەم جۆرەن:

لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس لە هەرێمی زاپ:

رۆژی ٢ی تشرینی دووەم کاتژمێر ٠٣:١٠ لە گۆڕەپانی بەرخودانی چەمچۆ داگیرکەران لە لایەن تیمە گەڕۆکەکانمان بە تاکتیکی نیشانشکێن گولـلەباران کران و داگیرکەر سزادرا.

رۆژی ٢ی تشرینی دووەم کاتژمێر ٠٧:٠٠ سیستمێکی کامێرای حەراری کە داگیرکەران لە دەوروبەری سەنگەرەکانی شەڕی شەهید فەلات لە گۆڕەپانی بەرخودانی سیدا جێگیریان کردبوو، لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانمانەوە لەناوبرا.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی:

لە رۆژی ٢ی تشرینی دووەمدا کاتژمێر لە نێوان ٠٦:٣٠ و ١١:٠٠ و کاتژمێر لە نێوان ١٤:٣٠ – ١٨:٠٠ سەنگەرەکانی شەڕی شەهید باهۆز لە گۆڕەپانی بەرخودانی چەمچۆ ١١ جار و سەنگەرەکانی شەڕی شەهید فەلات لە گۆڕەپانی بەرخودانی سیدا بە چەکی جارێک بەچەکی کیمیایی بۆردومان کراون. دوکەڵی ژەهراویش کە لەو بۆمبە کیمیاییانەوە دروست دەبوو بە ئامێری هەوا بەرەو ناو سەنگەرەکانی شەڕ ئاراستە دەکران.

لە ٢ی تشرینی دووەمدا سەنگەرەکانی شەڕی شەهید ئاگر لە گۆڕەپانی بەرخودانی سیدا جارێک، سەنگەرەکانی شەڕی شەهید فەلاتیش ١٣ جار بە بۆمبی قەدەغەی قورس بۆردومان کران.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر:

لە ٢ی تشرینی دووەمدا گۆڕەپانی بەرخودانی گۆلکا و گوندی بەشیلی مەتینا و هەرێمەکانی گۆشین و شاخی بهاری خواکورک ٧ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کران.

لە ٢ی تشرینی دووەمدا گۆڕەپانەکانی بەرخودنای چەمچۆ، شاخی جودی و شاخی ئێف ئێم بە دەیان جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس بۆردومان کران".

هـ. ب