فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار: شۆڕش بە دروشمی ژنانی کورد گوڕی سەند
فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار ڕایگەیاند، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە بەدەست دەسەڵاتێکی تیۆکڕاتیکەوە دەناڵێنن، ئێستا چەقۆ بە ئێسک گەیشتووە. ڕاشیگەیاند، شۆڕش بە دروشمی ژنانی کورد گوڕی سەند و پارادیگمای دەوڵەتی تێکشکاند.
فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار / KODAR) سەبارەت بە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
بێریتان سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئازادیخوازانەی ڕۆژهەڵات و ئێران کرد. بێریتان سڵاوی لە بەرخۆدانی خەڵکی مەهاباد و سنە کرد و وتی: "خەڵکی مەهاباد و موکریان بە گشتی، لە چەندین قۆناغی مێژووی نزیکماندا پێشەنگی تێکۆشان بوون، بۆیە چاوەڕوان دەکرا بەم شێوەیە بن. هەروەها شاری سنەیش سەلماندنی، کە بە ئیرادە و رۆحی چل ساڵ لەوە پێشەوە بەرەنگاری دەکات!. 'سنەی خوێناوی' خاوەنداریی لە ناوی خۆی کرد و هەموو جیهان بینیی، کە چۆن کلتورێکی بەهێزی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی بەهێز دروست دەکات! سنە سەری ئێمەی بەرز کردەوە! هەموو گەلەکەمان قارەمانییەکی گەورەیان نیشان دا، کە جێگەی ڕێزە".
'داواکانی گەل ڕەوایە و لەجێگەی خۆیاندان'
فوئاد بێریتان ئاماژەی بەوەدا، داواکانی گەل زۆر ڕەوا و لە جێدایە و وتی: "گەل ساڵەهای ساڵە بەدەست دەسەڵاتێکی تیۆکڕاتیکەوە (ئاینییەوە) ئازار دەکێشێت و دەناڵێنێت، ئێستا چەقۆ گەیشتووەتە ئێسک! گەل ڕاپەڕیوە و مافەکانی خۆیان دەوێت. ڕاپەڕینی ئەومجارە زۆر جیاوازە و لە ئاستێکی گەورەدایە. ئەو ئاستە، کە ئەم ڕاپەڕینە پێی گەیشتبووە، پارادایمی ڕژێمی ڕووخاند و تێکیشکاند. کۆتایی ڕاپەڕینەکان هەر چییەک بێت ئیتر ئێران ناگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو! هیچ چارەیەکیش نەماوە، ئەو ڕژێمە تێکدەشکێت و سیستەمێکی نوێ دروست دەبێت. ڕەنگە بە خێرایی ڕوو بدات و ڕەنگیشە بۆ ماوەیەکی زۆریش بەردەوام بێت، ڕەنگە ڕژێم گەل سەرکوت بکات، بەڵام کۆتاییەکەی هەڵهاتنی ڕۆژی ئازادی دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی وڵات و ئێرانەوە. ئەوە حەقیقەتی ئەو ئاستەیە، کە گەلی پێی گەیشتووە. بە دڵنیاییەوە بەو ڕاپەڕینە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت. ئیدی ئەوە تەنیا شۆڕشی ئێران نییە.
دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' وای کردووە، کە سنوورەکان نەتوانن خۆیان بەرامبە بە بای ئەم شۆڕشە ڕابگرن. وەک شۆڕشگێڕانی پێشوو دەیانوت: شۆڕش لە بازنەی لاوازەوە سەرهەڵدەدات، ئێستا ئەوە ڕوویداوە. ناکۆکی و لاوازیی وڵاتانی ملهوڕ و دەسپۆت لە ناوچەکەدا بابەتی ' ژن ' بوو، کە ئیدی ئێستا تەقیوەتەوە. ئەوە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت. ئەم شۆڕشە کاریگەریی گەورەتر و زیاتری لە کاریگەریی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا دەبێت. ئەمە گەورەکردن و زیادەڕەوی نییە لە هەڵسەنگانددا، بەپێی هەموو نیشانە و ئاماژەکان، بە دڵنیاییەوە شەپۆلی شۆڕشی ژنان بەتەنیا بە ئێرانەوە سنووردار نابێت. ئەوە ئەو ئاستەیە، کە شۆڕشی هێناوەتەوە پێشەوە و لە ئاستەدا سەریهەڵداوە!".
'دروشمی ژنپارێزی و داکۆکی لە ژن'
فوئاد بێریتان لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، لە ئێران زوڵمێکی گەورە هەیە، بەڵام گەورەترین زوڵم و دڵڕەقی و دەسەڵاتداری لە دژی ژنانە و و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "چونکە تەقینەوەی شۆڕش لە دەوری دروشمی 'داکۆکی لە ژن / ژنپارێزی' و پێشەنگایەتیی ژنان شتێکی لۆژیکییە. هەروەها ئەوە کاریگەریی زۆربوونی متمانە بەخۆبوونی ژنانەوە هەیە، کە بە دڵنیایەوە سەد لەسەد کاریگەریی تێکۆشانی ژنانی کوردی بەسەرەوە هەیە. ژنانی کورد نزیکەی چل ساڵە بە شێوەیەکی تایبەت و خۆبەڕێوەبەرانە تێدەکۆشن. دەنگیان، ڕەنگیان، ڤیدیۆ و دیمەن و وێنەکانیان بڵاو دەبێتەوە و ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر ژنان داناوە. نزیکەی ٣٠ ساڵە سوپایەک لە ژنانی کورد هەیە، کە ئێستا ژنانی گەنج لە تەمەنی ١٥ بۆ ٣٠ ساڵ پێشەنگایەتیی شۆڕشی ئێران دەکەن، واتە دایکەکانیان بە سوپابوونی ژنانی کوردیان بیستووە و کاریگەریی کردووەتە سەریان. ئەو ژنە گەنجانە ئەوانەن، کە لە کاتی لەدایکبوونەوە سوپای ژنانیان بینیوە و بەوەش بەختەوەر و کاریگەر گەورە و پەروەردە بوون.
کاتێک دەچەوسێنرانەوە و زوڵمیان لێدەکرا، بەهی ئەو ئیرادە و ورە و ڕۆحەوە، کە لەو سوپا و تێکۆشانەوە وەریانگرتبوو، ڕاپەڕین و بەرخودانیان کرد و بە چەخماخەیەک ئاگری گرت. هەروەها شەڕی ڕۆژئاوا و شەنگالیش کاریگەری گەورەی لەسەر ئەو کەسانە هەبوو. چەندین ژنی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژئاوا شەهید بوون، باشە کاریگەریی ئەوانە بەرەو کوێ دەڕوات؟ بێگومان بەشێک لەکاریگەرییان لەسەر ئێران دەبێت و هەیە! دیسان سەدان کچی ڕۆژهەڵات ئێستا لەسەر چیا ئازادەکان دەجەنگن و ئەمساڵیش لە بەرخۆدانی بادیناندا لێیان شەهید بووە، هەموو ئەوانە کاریگەرییان لەم شۆڕشەدا هەبووە.
ئێرانییەکان چەندین پارادایمیان تاقیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوت ئەوانە چارەسەر نین. نووسەرێکی ئێرانی وتی: 'چل ساڵە بە دوای دروشمێکدا دەگەڕێم، کە دەربڕی هەموو شتێک بێت و ئێمە کۆبکاتەوە، من ئێستا دەتوانم بە ئاسوودەیی بڵێم، ئێستا ئەو دروشمەمان دۆزیوەتەوە!'. ئەو وتەیە بە تەنیا گوزارشت لە کۆی دۆخەکە دەکات. ئێرانییەکان، بەئەزموون بۆیان دەرکەوتووە، کە پارادایمی تر ناتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت، بەڵام ئەو پارادایمە دەتوانێت وەڵام بداتەوە!'.
ئێستا بە باشی ئەوە دەرکەوت، کە کێ نکۆڵیی لێ دەکات، کێ قبوڵی دەکات! بەڵام گرنگ ئەوەیە، کە گەل لە دەوری ئەو دروشمە یەکیانگرت. خاوەنی دروشمەکەش ئەوەی دەیویست و گرنگیش ئەوەیە. ناوەڕۆکی ئەو دروشمە بۆخۆی نەیارەکان لادەبات و ئەوانەی باوەڕیان پێی هێناوە سەردەخات!".
فوئاد بێریتان تیشکی خستە سەر جاڕنامەی چارەسەری و بەرەوپێشچوونی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وتی: "ئەوەی ئێمە ڕامانگەیاند، ڕاگەیاندن نەبوو، جاڕنامە بوو. ئێمە ئەو بنەمایانەمان خستەڕوو، کە بە بڕای ئێمە دەبێت شۆڕش لەسەر ئەو بنەمایانە پێبکبێت و بەڕێوەبچێت. ئێمە گفتوگۆ و شیکاریش بۆ جاڕنامەکە دەکەین. ئێمە لە چوارچێوەی بیروباوەڕ و پارادایمی خۆماندا ئەو خاڵەمان دەستنیشان کردووە، کە دەبێت ببنە بنەمای کارکردن لە شۆڕشدا.
ئەو خاڵانە، کە بڕوامان پێیان هەیە بریتین لە: فرەڕەنگی، دیموکراسی، ئازادی، خۆبەڕێوەبەری و ئێکۆلۆژی (ژینگەپارێزی) ئێمە هەمیشە گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە دەکەین، بەڵام بەپێویستمان زانی، کە سەرلەنوێ و بۆ جارێکیتریش باسیان بکەینەوە و دەستنیشانیان بکەین و ئێمە لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین هاوپەیمانی پێکبهێنین. ئەو خاڵانە دەتوانن ئازادی بۆ ئایندەی گەلەکەمان مسۆگەر بکەن، بەڕێوەبەریی باش دابمەزرێنن و شایستەی مرۆڤایەتی بن.
هەروەها ئێمە وتمان، ئەم خاڵانە بۆ هەموو ئێرانە بۆ گەلی کوردیشە. هەروەها پێشنیارمان کرد، کە ئاڵای کۆماری کوردستان وەک سیمبۆلی هاودەنگی و یەکگرتووی قبوڵ بکەین، تاوەکو لە کۆنگرەیەک، یان پلاتفۆڕمێکی سەروو حیزبی دا ئاڵایەک و هێمایەک هەڵدەبژێردرێت. ئامانجمان ئەوە بوو، کە جیاوازیی ڕۆژهەڵات نیشان بدەین. هەندێک هێز ئاڵای باشووری کوردستانیان هەڵگرتبوو، کە دەبووە هۆی ناکۆکی لەگەڵ هێزەکانی ئێران. ئەو هێزانە هەڵکردنی ئاڵای باشووری کوردستانیان بە جیابوونەوە دەزانی! هەڵکردنی ئاڵای هەرێمێکی فیدراڵی وڵاتێک (واتە عێراق) لە وڵاتێکی تردا دروست نییە. لەبەر ئەوە ئێمە ئەو پێشنیارەمان کرد. ئێمە ئاڵایەکمان هەڵبژارد، کە قبوڵکردنی بۆ هەندێک هێزی تر ئاسان بێت! ئێمە باوەڕمان وایە، کە ئەوە بۆ خێر و قازانجی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت ".
درێژەی هەیە