بە دیمەن

لە کەرکوک، سەبارەت بە "رۆژی جیهانی پەروەردە" کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە کەرکوک، سەبارەت بە "رۆژی جیهانی پەروەردە و خوێندن" کۆڕێک لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤەوە پێشکەش کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هۆڵئ کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک لە باشوری کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەروەردە، لەژێر دروشمی "زیره‌کی ده‌ستکرد و په‌روه‌رده‌ و په‌یوه‌ندییان به‌ کاریگه‌ری ئیراده‌ی مرۆڤ له‌ جیهانێکی ئۆتۆماتیکدا"، کۆمیسیۆنی باڵای مافه‌کانی مرۆڤ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ کلتوورییه‌ گشتییه‌کانی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونه‌ری له‌ که‌رکوک هەستان بە سازکردنی کۆرێک بۆ سرود مەحمود بەرپرسی پەروەردە و رۆشنبیری لە نووسینگەی کەرکوکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە گرنگی پەروەردە و خوێندن.

هەموو منداڵێک بەپێی یاسا پابەندە بە خوێندن

سەبارەت بە کۆڕەکەی، سرود مەحمود بەرپرسی پەروەردە و ڕۆشنبیری لە نووسینگەی کەرکوکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: " بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەروەردە، ئەمڕۆ ئێمە وەکو کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ بە هاوکاری کۆشکی رۆشنبیری و هونەری لە کەرکوک، له‌ژێر دروشمی "زیره‌کی ده‌ستکرد و په‌روه‌رده‌ وپه‌یوه‌ندییان به‌ کاریگه‌ری ئیراده‌ی مرۆڤ له‌ جیهانێکی ئۆتۆماتیکدا" هەستاین بە سازکردنی کۆڕێک سەبارەت بە رۆژی جیهانی پەروەردە و خوێندن، لە کۆرەکەدا بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەمان بە مافەکانی مرۆڤ کرد دواتر باسمان لە مافی پەروەردە و خوێندن کردەوە کە لە مادەی ٢٦ی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێکراوە، باسی مافەکانی خوێندنمان کرد لە عێراق کە هەموو منداڵێک لە عێراق بەپێی یاسا پابەندن بە خوێندن و پێویستە خوێندن لە عێراق بێ بەرامبەر بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی ووڵات".

بڵاوکردنەوەی کلتووری مافی مرۆڤ لە ڕێگەی پەروەردەوە

لە درێژەی قسەکانیدا سرود مەحمود ووتیشی: "وەکو ئاشکرایە کە نەتەوەیەکگرتووەکان لەپێناو بەرقەڕاربوونی ئاشتی و تەبایی لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، جەختی لە گرنگی پەروەردە و خوێندن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری مافەکانی مرۆڤ لەڕێگەی خوێندنەوە کردۆتەوە، ئێمەش وەکو کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هەمیشە جەخت لە مافەکانی مرۆڤ و ڕێکەوتنە نێوەوڵەتییەکان دەکەینەوە کە عیراق واژووی کردووە، کە یاسایی پابەندکردنی خوێندن هەیە کە منداڵ دەبێت بخوێنێت و نەک کار بکات".

منداڵان فێری کلتووری پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ بکەین

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەبارەت بە دۆخی پەروەردە و خوێندن لە عێراق ئەو بەرپرسەی بەرپرسی پەروەردە و رۆشنبیری لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ووتی: "لەئیستادا دۆخی خوێندن لە عێراق تا ئاستێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە بەراورد بە ڕابردوو، کە دەبینین بینای قوتابخانە بە ستاندارتی نوێ دروست کراوە و چەندین قوتابخانەی نێودەوڵەتی بوونیان هەیە، بەڵام گرنگە لە سیستەمی پەروەردە و خوێندن لەسەر بنەمای ئاشتی و تەبایی بێت و منداڵان فێری کلتووری مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیان بکەین".