لە سلێمانی کۆبوونەوە لەسەر 'داهاتووی ڕۆژئاوا' بەڕێوەچوو

سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و چالاکوانی کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی پەیەدە لە سلێمانی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەسەر داهاتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرا و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کرا.

بە پێشەنگایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لە هۆتێل ڕامادا لە سلێمانی کۆبوونەوەیەک لەسەر بابەتی 'لە سووریای نوێ داهاتووی ڕۆژئاوا' بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی پەیەدە پەروین یوسف، هاوسەرۆکی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەدە سیهانۆک دیبۆ، نوێنەری پەیەدەی باشووری کوردستان دکتۆر جاویدان کەمال بەشداری دیدارەکە بوون. هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی لە ڕێگەی کامێراوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەدا، نوسەر، ڕۆشنبیر و چالاکوانان بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا بابەتەکانی 'ڕۆژئاوای کوردستان لە ناوخۆدا چی بکات؟، هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان چۆن دەتوانن پەیوەندییەکانیان بەرەو پێشەوە ببەن، دەبێت ڕۆژئاوا لەگەڵ حکومەتی کاتی شام و وڵاتانی دەرەوە چی بکات، تاوتوێ کرا.

ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا کرا. ئەنجامەکان لە لایەن نیکۆلا ئەشرەف شاڵی خوێندرایەوە، بەم جۆرەیە:

١- پشتیوانیکردنی بەرخۆدانی گەلەکەمان لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و  کارکردن بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی زیاتری هەرێمیی و نێودەوڵەتیی.

٢- یەکێتی نەتەوەیی و ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان و ئاشتبوونەوەی ناوخۆیی و کۆدەنگی نێوماڵی کورد و یەکخستن، هەروەها بە یەک گووتار و سیاسەت و ستراتیژی یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەی شام بکرێت.

٣- بەشداریکردنی کارای کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە نووسینەوەی دەستووری نوێ لە سووریا و چاودێری جێبەجێکردنی.

٤- چەسپاندنی لامەرکەزی سیاسی بە دەسەڵاتێکی فرە ڕەنگەوە.

٥- پشتیوانی لە هێزەکانی قەسەدە و ڕێگەنەدان بە چەک دانانیان و چەسپاندنی ئەم هێزە نیشتمان پارێزە وەک خۆی لە چوارچێوەی سووپای نوێی سووریادا، دوای ڕێککەوتن لەسەر وردەکارییەکان و بە دامەزراوەییکردنی سووپای سووریای نوێ و وەرگرتنی گرەنتی دەستووریی.

٦- کاراکردن و کارکردن بە بڕیاری ژمارە ٢٤ـی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە لە ١٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دەرچووە.

٧- سوودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکانی باشوور و کۆی پارچەکانی تری کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان.

٨- بەشداری کارای ژنان لە سووریا و هێشتنەوەی بەشداریکردنی پەنجا بە پەنجا.

٩- پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرفراوانتر و بەهێزتر بکرێت.

١٠-گرنگیدان بە کەرتەکانی نەوت و گاز و کشتوکاڵ و دۆخی ئابووریی و بە نیشتمانیکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.

١١-ڕەچاوکردن و بە هەند وەرگرتنی پێکهاتەکان و قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و قبوڵکردنی یەکتری.

١٢-بوار نەدان بە پەرەسەندنی هزری توندڕەوی ئیسلامی سیاسیی سەلەفی جیهادی.

١٣-دامەزراندنی میدیایەکی نیشتمانی فەرمی بۆ ئاڕاستەکردنی وتار و هەڵوێستی نەتەوەیی.

١٤-کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و بە تایبەت دەروازەی سنووری سێمێلکا.

١٥-دروستکردنی ڕایگشتی جیهانی لە ڕیگەی بە لپبی کردن بۆ پشتگیریکردن لە ئەزمونی خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیک و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک.

١٦-پیویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک بنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە.