بە دیمەن

عەلی کەنعان ئۆغڵو: پڕۆسەی ئاشتی بۆ دەستپێشخەریی سیاسەتمەداران بەجێناهێڵین

عەلی کەنعان ئۆغڵو ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەکانی نێوانی ڕێبەر ئاپۆ و شاندی دەم پارتی هێشتا پرۆسەیەکی بێ ناوە و وتی، ئەوان بۆ ئاشتی بەشداری پرۆسەکە دەبن و ئەم پڕۆسە گرنگە بەتەنها بۆ دەستپێشخەریی سیاسەتمەداران بەجێناهێڵن.

عەلی کانعان ئۆغڵو، هاوسەرۆکی وتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) باسی لە هەڵمەتی "یەک ملیۆن واژۆ بۆ ئاشتی" کرد، کە قەرارە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیای بکەن.

"دەبێت لە کۆمەڵگا داواکاری ئاشتی پێشکەوێت"

عەلی کەنعان ئۆغڵو وتی: "لە ١ی تشرینی یەکەم کار لەسەر پرۆسەیەک دەکەین کە هێشتا ناوی لێ نەنراوە. سیاسەتمەداران زۆرترین قسە لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەن. ئێمە وەک 'هەدەکە'کە بۆ دیموکراسی و دامەزراوە مەدەنی و دیموکراسیەکانی کۆمەڵگا خەبات بەرەوپێش دەبەین و سەکۆی تێکۆشانی هاوبەشین، دەڵێین ئەمە پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتییە، نابێ داوای ئاشتی تەنیا بە دەستپێشخەری سیاسییەکان بەرەوپێش بچێت، بەڵکوو پێویستە داواکاری ئاشتی لە کۆمەڵگادا پێش بکەوێت بۆ پشتگیریکردن لەم داواکارییە، ئێمە هەڵمەتێکی واژۆکردنمان دەستپێکردووە. ئەم ژمارەیە [یەک ملیۆن] بێ گومان وەکوو ڕەمزێکە. ئێمە ژمارەکان لە پێشوەی کارەکاندا دانانین، بەڵکوو لەبری ئەوە هەوڵدەدەین خۆمان بگەیەنینە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ئاگاداریان بکەینەوە کە ئاشتی چەندە گرنگە. ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگا بە زمانی خۆی خواستی ئاشتی دەرببڕێت و پشتیوانی و پێداگری لەسەر بکات. لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا لە ناوچە جیاوازەکاندا کار دەکەین؛ لە هەرێمەکانی ئیجە، ئاکدەنیز، ئەنادۆڵی ناوەڕاست، دەریای ڕەش و تراکیا کۆبوونەوەکان ئەنجام دەدەین، لەگەڵ گرووپە ناوخۆییەکان، ڕێکخراوی ژینگەپارێزان، کۆمەڵە باوەڕییەکان، ڕێکخراوە پیشەییەکان، سەندیکاکان و کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دیدار و کۆبوونەوە رێکدەخەین، باس لە زیانەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگا دەکەین و داواکاری ئاشتی بەرز دەکەینەوە و قسەی لەسەر دەکەین. ئێمە زۆر باش دەزانین هەرچی دەبێت ئاشتی باشترە لە شەڕ. بێ گومان لە کاتی شەڕدا مرۆڤەکان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و لەوانەیە ڕۆڵەکانیان لەدەست بدەن. ئەم مەترسیانە هەموو کەسێک دەگرێتەوە."

کەنعان ئۆغڵو ئاماژەی بە کاریگەریی سیاسەتی جەنگ لەسەر کۆمەڵگا کرد و بەمشێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "هەندێک لە کەرتەکانی کۆمەڵگا لەڕووی ئابوورییەوە بەدەست ئەو جۆرە ڕەوتانە دەناڵێنن. لە کوێ نرخی فیشەک پرسیار دەکرێت، ناتوانی نرخی نان بپرسی. بۆیە بودجە بۆ سیاسەتی ئەمنی و سیاسەتی جەنگ کاریگەری لەسەر کەمترین حەقدەست و خانەنشینی گەل هەیە. بۆیە دەمانەوێت هەموو ئەمانە لەگەڵ کۆمەڵگادا باس بکەین و دڵنیابین لەوەی کۆمەڵگا داهاتووی خۆی بۆ دەستپێشخەریی سیاسەتمەداران بەجێ ناهێڵێت."

"حکومەت لەبەر ناچاری لە کۆبوونەوەکان بەشدار بووە"

کەنعان ئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە گەل وکۆمەڵگا ڕاستگۆیی حکومەت دەخەنە ژێر پرسیارەوە و وتی: "لە پرۆسەی هەوڵەکانی ئاشتیدا کە لە یەکەمی تشرینی یەکەمیەو بەردەوامە، بێ گومان پرسی ڕاستگۆیی حکومەت هەڵدەسەنگێنێت. بێ گومان کۆمەڵگا نیگەرانی و توڕەیی خۆی نیشان دەدات. باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکرێت، پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسەکە؛ بەڵام لە لایەکی ترەوە قەیوم دادەنرێت، ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت و خەڵک دەستگیر دەکرێن. بۆیە بەردەوام پرسیار دەکرێت؛ 'ئەمە چ جۆرە پرۆسەیەکی ئاشتییە؟' گەل و کۆمەڵگا لێمان دەپرسن باوەڕتان بە حکومەت هەیە یان نا؟ بێ گومان لەوێ ناوەندیکی بازرگانی هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لەدەرەوەی پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای متمانەی یەکتری دامەزرابێت، ئەوە ڕوونە کە حکومەت لە رووی ناچاری لە دەوری مێزی پرۆسەکە دانیشتووە، ئەویش گرێدراوی ڕووداوە هەرێمیەکانە. لە بەرامبەر ئەم ئامانجانەدا ئەجێندای سیاسەتمەدارانی کوردیش لە ئارادایە. سەبارەت بە پرسی کورد داخوازییەکان سەد ساڵە بەردەوامە. لەم ماوەیەدا ڕوون دەبێتەوە کە تا چەند ئەم داواکاریانە وەڵام دەدرێنەوە و جێبەجێ دەکرێن."

"دەرفەتی ئاشتی گەورەتر دەکەین"

عەلی کەنعان ئۆغڵو باسی لەوەشکرد، ئەوان وەک 'هەدەکە' و ڕێکخراوەکانی، لایەنی دیاریکەری پرۆسەکە نین، بەڵکوو بۆ یارمەتیدانی ئەم پرۆسەیە خەبات دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لایەنەکانی ناو پرۆسەکە ڕوون و ئاشکران. ئەوانەی چەک دادەنێن و ئەوانەی بانگەوازی دەکەن ڕوونن. لەم پرۆسەیەدا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ خزمەتکردنی ئاشتی. سەبارەت بە پرسی ڕاستگۆیی، شتێک نییە ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە ببیندرێت. بەڵام ئەم خاڵە دەبێت ڕوون بکرێتەوە؛ بۆیە بازرگانی ئەنجام دەدرێت. ئەگەر چانسی ئاشتیش لەسەدا یەک بێت، بۆ گەورەترکردن و بەهێزترکردنی تێکۆشانمان بەرز دەکەینەوە. بۆ دروستکردنی کۆمارێک کە کۆمەڵگا لە ئارامی و ئاسایدا بێت تێکۆشانمان دەست پێدەکەین بۆ ئەوەی هەتا کەس ئاسمیلە نەکرێت و زمان و باوەڕی کەسیش نکۆڵی لێ نەکرێت."