"یاسای لێبووردنی گشتی پێشێلکردنی دەستووری عێراق و یاساکانە"

کۆمەڵگەی ئێزدی لە پەیامەکەیدا بۆ "دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوا لە سوریای نوێدا" یاسای لێبووردنی گشتی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ئەم یاسایە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لە جینۆسایدی ئێزدییەکان هەبووە لە سزا دەرباز ببن.

لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی پەیەدە و بەشداری چەندین سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و چالاکوان "دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوا لە سوریای نوێدا" ئەنجامدرا.

پەیامی کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ دیدارەکە نیشاندرا و لەلایەن ئەحمەد شەنگالی خوێنرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا پەسەندکردنی یاسای لێبووردنی گشتی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە شەرمەزار کراوە، چونکە ئەو ئەندامانەی داعش لە سزا دەرباز دەکرێن کە تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە و لە شەنگال و شوێنەکانی دی گەلی ئێزدیان کۆمەڵکوژکردووە.

هەروەها ڕاگەیاندراوە پەسەندکردنی یاساکە بەلای گەلی ئێزدییەوە مایەی سەرسووڕمانە و ئەم بڕیارە بە ئاشکرا پێشێلکردنی دەستووری عێراق و یاساکانە.

هەروەها دووپاتکراوەتەوە پەسەندکردنی ئەم بڕیارە مەترسییەکی جدییە بۆ سەر کەمە نەتەوەکان و پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان.

داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکرێت یاساکە پەسەند نەکرێت، هەروەها بانگەواز لە دادگای باڵای فیدراڵ دەکات یاساکان بەپێی دەستوور کۆنتڕۆڵ بکات و سکاڵای پەرلەمانتاران لەبەرچاوبگرێت و یاساکان ڕێک بخرێتەوە، بەجۆرێک ئەوانەی لە تیرۆریدا تێوەگلاون لە یاساکە سودمەند نەبن.

هەروەها بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکرێت پشتگیری لە  گەلی ئێزدی بکەن.