پەکەکە بە ڕێزەوە یادی دکتۆر حوسەین ئاکداغی کردەوە

کۆمیتەی پشتیوانی لە بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە ڕایگەیاند: "ئێمە بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە، کە هەموو ساتێک لەژێر فەرمانی شەهیداندا بین و بە ڕێزەوە لە ساڵیادی شەهادەتیدا، یادی ڕۆڵە هەڵبژاردەی ئێلح هەڤاڵ حوسەین ئاکداغ (سەلمان بۆزکور) دەکەینەوە".

کۆمیتەی پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: گەریلای پەکەکە دکتۆر حوسەین ئاکداغ لە هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا شەهید بوو.

ڕاگەیاندراوەکە بە ناونیشانی "شەهیدەکانمان پێشەنگی تێکشکاندنی ئەو پاکتاوکارییانەن، کە بەسەر گەلەکەماندا سەپێندراون" بڵاوکراوەتەوە و تیادا هاتووە:

"تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە ڕێپێوانی ٥٠ ساڵەی ڕێبەرایەتی بەرەوپێش ڕۆیشت و گەشەی کرد و ئەمڕۆ لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بە بەرخۆدانی گەریلا قارەمانەکانمان چووەتە قۆناغێکی نوێوە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە هەموو هەلومەرجێکدا وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست دەدەنەوە. سوپای تورکی داگیرکەر و خائینان بەرامبەر بە گەریلا بە بنبەست گەیشتوون، بە چەکی کیمیایی و بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەن، بەڵام ناتوانن هێڵی بەرخۆدان ببەزێنن، کە شەهیدە نەمرەکانمان بە ژیانیان بنیادیان ناوە.

حەقیقەتی شەهیدبوون لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا ئەو ڕاستییەیە، کە هەر گیانێکی ئێمە بە شێوەیەکی ناکۆتا و بێ پسانەوە خۆی دەگەیەنێتە خاک و دەرگاکان بۆ دواڕۆژی ئازاد زیاتر دەکەن، داواکاری و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکی بکوژ و پاکتاوکار و دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە بەرامبەریاندا دەتوێتەوە و تێکدەشکێت. بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر هەموو لایەک و هەموو شوێنێک و بۆمب بەسەر هەموو بستە خاکێکی کوردستاندا دەبارێنن، بەڵام ئێمە دڵنیاین تێکۆشانەکەمان لەسەر ڕێبازی شەهیدە قارەمانەکانمان سەردەکەوێت.

شەهیدان پێشەنگی تێکۆشانی تێکشکاندنی کۆمەڵکوژییەکان و پاکتاوکارییەکانن

ڕاستیی شەهیدبوونی پەکەکە نیشانەی سوپایەک لە هەڵبژێردراوترین ڕۆڵەکانی گەلەکەمانە، مرۆڤ گرنگترین و گەشاوەترین ڕاستیی مێژوو، پاکترین هەڵوێستی مرۆڤبوونی خاوەن ئەخلاق، تیژترین ئاستی بوێری و ئیرادە لە نێو ڕاستیی پەکەکەدا دەبینێت. لە دژی شێوازی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، کە ژیان دادەڕزێنێت، دایدەتەپێنێت و بێ ڕەگ و ریشە و ڕەسەنایەتیی دەکات، ئەو کەسانەی لە نێو ڕیزەکانی پەکەکەدا کۆدەبنەوە، دەبنە هیوای ئازادکردنی بەها مرۆییەکان. شەهید پێشەنگی تێکۆشانە بۆ تێکشکاندنی ئەو کۆمەڵکوژی و پاکتاوکارییانەى بەسەر گەلەکەماندا سەپێنراون. ئێمە ئەم ڕۆژانەی ئێستا قەرزداری گیانی بەرخۆدان و بەرخۆدانیانین. ئێمە بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە، کە هەموو ساتێک لە ژێر فەرمانی ئەواندا بین. لەیادی شەهیدبوونیدا بەڕێزەوە یادی هەڤاڵ حوسەین ئاکداغ (سەلمان بۆزکور) لە ڕۆڵە هەڵبژێردراوەکانی ئێلح دەکەینەوە و سەرەخۆشی لەبنەماڵە هێژا و بە نرخەکەی بۆزکور و هەموو وڵاتپارێزان و نیشتمانپەروەران دەکەین.

وەک دەروێشێک خۆی فیدای گەلەکەی کرد

هەڤاڵمان حوسەین ئاکداغ لە ساڵی ١٩٧٢ لە ناوچەی هەزۆی ئێلح لە خێزانێکی دڵسۆز بۆ بەها کۆمەڵایەتیەکان و وڵاتەکەیان لە دایک بووە. هەڤاڵمان حوسەین لە ئامەد گەورە بوو. لەدەوروبەری بنەماڵەکەیدا بەشداربوون بۆ نێو ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی و شەهیدبوون  هەبوو. لە ساڵی ١٩٩٢ دا، کە کاریگەریی تێکۆشانی پەکەکە هەموو ڕۆژێک پەرەی سەند، هەڤاڵمان حوسەین لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی دیجلە خەریکی خوێندن بوو. هەڤاڵمان حوسەین کاتێک خوێندکار بوو پەیوەندیی بە تێکۆشانی ئازادییەوە کرد و لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئامەد بەشداری تێکۆشان بوو و تا ساڵی ١٩٩٥ سەرکەوتووانە لە کاری بەرەدا تێکۆشا.

لە شارەکانی تورکیا دەستی بە چالاکیی ڕێکخستنکردن کرد، لەوکاتەوە هەنگاوی خۆی نا بۆ ناو ڕیزەکانی ئازادی وەک دەروێشێک خۆی فیدای تێکۆشانی ئازادیی گەل کرد، هەوڵیدا بگاتە هەموو شوێنێک و هەموو دەرفەتێکی بچووک بەکاربهێنێت و خزمەتی خەبات بکات. لە ساڵی ١٩٩٦ بەشداری لەخولێکی پەروەردە لە گۆڕەپانی ڕێبەرایەتیدا کرد. تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ تێکۆشانی کاریگەرتر و لێدانی گورزی قورس لە دوژمن و بڵاوبوونەوەی شەڕی ڕزگاری لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لە پەروەدەری ڕێبەر ئاپۆ وەرگرت. هەڤاڵ حوسەین لە ناوچەکانی زاپ، گارە، زاگرۆس، خنێر و چەندین ناوچەی باشووری کوردستان گەریلایەتیی کردووە.

بە عەشق و خۆشەویستییەوە بەشداریی لە هەموو کارێک دا دەکرد

هەڤاڵمان حوسەین بوو بە یەکێک لە ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی خەباتی ئازادیی کوردستان، بە پێشەنگایەتیی شارەزایانەی خۆی لە ناو  کاری گەل دا دەرفەتێکی گەورەی بۆ شۆڕش ڕەخساند. هەڤاڵمان حوسەین بە خاکییانە و هەڵوێستە بەهێزەکەی لە ژیاندا، بوو بە هاوڕێیەکی هێڵی ئازادیی ژنان و تێگەیشتنی خۆی لە ئایدیۆلۆژیای ڕێبەرایەتی بەرز و قوڵ بوو. هەڤاڵمان حوسەین لە هەموو ئەو   ناوچانەدا کە تیایدا بوو، ڕێکخستنی لە کاردا بۆ خۆی دەکردە پێوەر. هەڤاڵی ئازیز و هێژامان، کە ڕێبازی بەرپرسیارانەی زۆر بەرز بوو، بە عەشقێکی گەورە و لە هەموو ناوچە و گۆڕەپانەکان دا بەشداری لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دا دەکرد و تا دوا ساتیشی  شۆڕشگێڕێک بوو، کە کاری مەزنی ئەنجامی دەدا.

فەلسەفەی 'پارویەک، پەڕۆیەک'، یەکێک لە پێوەرە بنەڕەتییەکانی شۆڕشگێڕی و میلیتانیی فیدایی ئاپۆیی و ئایدیۆلۆژیای ڕێبەرایەتییە، لە هەموو بوارێکی ژیاندا بۆ خۆی کردبووە بنەما. وەسفی پێشەنگییەکانی پەکەکەی بە بەهێزی لە کەسایەتیی خۆیدا نوێنەرایەتی دەکرد. پێوەرەکانی شۆڕشگێڕیی ئاپۆیی، کە جگە لە سەرکەوتن هیچ ڕێگایەکی تر ناناسێت و بە پەرۆشی بێکۆتایی ژیانی گەریلایی دەکرد و فیداکارییەکی گەورە و میراتێکی بەرخۆدانی لە دوای خۆی بەجێهێشت.

شەڕڤانێک کە ڕووی لە ئازادی بوو

یەکێک بوو لەو هەڤاڵانە، کە ڕاستیی پەروەردەی پەکەکەی بە پێوەری 'خۆت بناسە  و خۆت هۆشیار بکە' لە پراکتیکدا بە زەقی پێناسە دەکرد و نیشانی دەدا. لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا بوو بە هێزێک بۆ هەڤاڵەکانی. لە ناو ڕاستیی تێکۆشانی بێ ڕاوەستان دا بوو. بوو بە هاوڕێیەکی بەهێز، شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرێکی دڵسۆز و شەڕڤانێکی عاسێ و پێداگر بۆ ئازادی بوو، لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا هەڤاڵمان حوسەین لە کاتی بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانیدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دا شەهید بوو و چووە ریزی کاروانی نەمرانەوە.

زانیاری لەسەر ناسنامەی هەڤاڵی شەهیدمان سەلمان بۆزکور:

نازناو: دکتۆر حوسەین ئاکداغ

ناو و پاشناو: سەلمان بۆزکور

شوێن و کاتی لەدایکبوون: هەزۆ، ٢١ی ١٢ی ١٩٧٢

ناوی دایک: بەدری

ناوی باوک: م. جاسم

شوێن و کاتی بەشداربوون: ئامەد، ١٩٩٢

شوێن و کاتی شەهیدبوون: هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ، ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١

ژ.ت