ئەشکەوتی هەزار مێرد خاوەنی هەزار چیرۆکی مێژوویی

ئەشکەوتی هەزار مێرد یەكێک لە کۆنترین لانکەی شارستانیەتە، کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی بە دووریی ١٣ کیلۆمەتر و خاوەنی هەزار چیرۆکی مێژووییە.

جوگرافیای کوردستان بە سروشت و جوانیی خۆی لە جیهان دا بەناوبانگە، ئەشكەوت پەناگەکانی لە مێژوودا بونەتە پەناگەیەکی باش بۆ مرۆڤەکان، بەتایبەتیش باشوری کورستان دەوڵەمەندە بە شوێنەواریی مێژووی، یەکێک لەو  شوێنەوارە مێژووییە گرنگانە ئەشکەوتی هەزار مێردە.

ئەشکەوتی هەزار مێرد لە ریزە ئەشکەوتێک پێک دێت

ئەشکەوتی هەزارمێرد هەڵکەوتەکەی دەکەوێتە دامێنی چیای بەرانان بە  دووریی ١٣ کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی ئەشکەوتی هەزار مێرد قەبارەیکی گەورەی هەیە، بەڵام لە ڕیزە ئەشکەوتێک هەیە، کە بەلای ڕاست و چەپی ئەشکەوتە گەورەکەدا دابەشبوون، بەشێوازێک هەموو ئەشکەوتەکان دەرگەکانیان دەڕوانێتە ڕۆژهەڵات، لە ژێر دامینی چیای بەرانان و ئەشکەوتی هەزار مێرد گوندێکی بچووک هەیە و ناوی "هەزارمێردە" ژیانی خەڵکی ئەو گوندە لەسەر  کشتوکاڵ و ئاژەڵداریە.

دەڵین هەزار مرۆڤ لەو ئەشکەوتە جێ دەبێتەوە

لەسەر ناوی ئەشكەوتەکە بۆچوونی جێاواز هەیە، یەكێک لە بۆ چوونە هەرە باوەکان ئەوەیە، کە مێژوونوسان و شوێنەوارناسەکان ئاماژەی پێدەکەن ناوی ئەو ئەشکەوتەکە  لەوەوە هاتوە، کە ئەو ئەشکەوتە شوێنی هەزار مێری تیادا دەبێتەوە. واتا ئەوەندە فراونە جێی هەزاری پیاوی تیادا بووەتەوە و ناوەکەشی هەر لەوەوە هاتوە.

تیمیکی شوێنەوارناسی ئەمریکی کنە و پشکنێان بۆ کردوە

ژنێکی لێکۆڵەر بە ناوی "گاردو" لێکۆڵینی لەسەر چاخی پێش زایین لە ساڵی ١٩٢٨دا کردوە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانیش لە ساڵی ١٩٩٨دا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە.

لە هەموو پشکنینەکانیدا سێ چین شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە ئەمانەن

 - چینی سەرەوە یاخود چینی یەکەم: لەم چینەدا کۆمەڵێک گۆزە، دیزە و ئیشی گڵی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە، کە زۆر کۆنن و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زوو، هەروەها سێ گۆڕیش دۆزراونەتەوە، کە یەکێکیان گۆڕی منداڵێکە و سێ گۆزەشی لەگەڵ نێژراوە، سێ پارچە ئاسنیش دۆزراونەتەوە، یەکێک لە پارچە ئاسنەکان سەری تیرە و دووانەکەی تر دوو پارچە دراون کە هیی دوو سەردەمی جیاوازن، یەکێکیان هیی سەردەمی بێزەنتییەکانە و ئەوی تریان هیی سەردەمی ساسانییەکانە.

 -  چینی دووەم: ئەم چینە، بە چینێکی تەنک دادەنرێت و بریتییە لە هەندێک بەردی سروشتیی ئەستێ.

-  چینی سێیەم: لەم چینەدا ئێسکوپروسکی ئاژەڵ و باڵندە  دۆزراونەتەوە لەگەڵ زۆرێک لە بەردی ئەستێ، بەڵام  بەشێوەی جیاواز و مێژووکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست. هەروەها دوو تەور دۆزراونەتەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٣٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.

خاوەن مێژووێکی ٣٠-٥٠ هەزار ساڵەیە

ئەو بەردانە لەو ئەشکەوتانەدا دۆزراونەتەوە و لێکۆڵنیان لەسەر کراوە و ئەوە دەر دەخەن، کە مێژووی ئەو ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٣٠ بۆ ٥٠ هەزار ساڵ پێش زایین. ئەو ئاسەوارانەی لەم ئەشکەوتە دۆزراونەتەوە لە ئەنجامی ئەو کنە و پشکنینەی شوێنەوارناس ساپیزەر کردویەتی لە ساڵی ١٩٢٦ بەشکیان هاوشێوەی ئەو ئاسەوارانەن، کە پێشتر لە ئەشکەوتی شاندەر دۆزراونەتەوە، جیاواز لەوەش بەشێک لە بەردەکانی ئەو ئەشکەوتە هاوشێوەی بەردەکانی ئەشکەوتی زاوێتە و شەکەبەی فەڵەستنین.

لە گوندی هەزار مێرد بەدواوە ١٥ خولەک  بە ئۆتۆمبیل بە ڕێگای خۆڵ چووین تا گەیشتنە نزیکەی ئەشکەوتەکە لەوێش ڕێگای ئۆتۆمبیل تەواو دەبێت، وا پێوست دەکات بە چەند ڕێگای باریک بە پێ بڕۆیت تا دەگەیتە ناو ئەشکەوتەکە، هاتا زیاتر بەرەو دەرگای ئەشکەوتەکە دەرۆێشتن زیاتر ماندوو دەبوین نەفەسمان تەنگ دەبوو، تا گەیشتینە دەرگای ئەشکەوتەکە، هەتا زیاتر لە ئەشکەتەکە نزیک دەبووینە زیاتر گەورەیی و هەیبەتی ئەشکەوتەکەمان بۆ ئاشکرا دەبوو، گەورەیی ئەشکەوتەکە هەر لە دوورەوە دیارە، بەڵام کاتێک لێ نزیك دەبیتەو گەورەترە وەک لەوەی پێش بینی دەکەیت، دەرگای ئەشکەوتەکە بە قەبارەی نزیکەی ١٥-٢٠ مەتر فراونە لە لای ڕاست و چەپی ئەشکەوتەکە ئەشکەوتی بچووک هەن هەریەکەیان بە قەبارەی نزیکی ٥-٦ ماتر یاخود ٣- ٤ مەتر درێژیان هەیە.

 ئەشکەوتی هەزارمێرد، ئەشکەوتێکی گەورەی دەم فراوانە، قووڵییەکی کەمی هەیە. لە لای راستییەوە پێنج ئەشکەوتی تر هەیە، بەڵام ئەمانە زۆر قووڵن و دەمەکانیان فراوان نییە، هەر بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە ناویان و بگاتە کۆتاییەکەیان، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئۆکسجین کەم بێتەوە و مەترسی دروست بێت بۆ سەر ژیان، مەگەر ئامێری ئۆکسجین بەکار بهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی کە پاش ماوەیەک رۆیشتن لە ناویاندا زۆرێک لە باڵندە، بەتایبەتی شەمشەمەکوێرە هێرش دەهێنن و بەرەنگاری دروست دەکەن، سەرەڕای ئەمانە، رێگەی گەیشتن بە ئەشکەوتەکە رێگەیەکی خراپە و هەتا بە ئۆتۆمبیلیش نزیکبوونەوە لێی ئەستەمە.

هەڵکەوتەی ئەشکەوتی هەزارمێرد بە جۆرێکە، کە بەیانیان رۆژ هەڵ دێت راستەوخۆ یەکەم گزنگی خۆرهەڵهاتن دەیدات لە دەمی ئەشکەوتەکە و دەچێتە ناوەوە و هەتا چێشتەنگاو دەمێنێتەوە.

ئەشکەوتی هەزارمێرد، دووەم گەورەترین ئەشکەوتە لە کوردستانی عیراق لە دوای ئەشکەوتی شانەدەر. ئەم ئەشکەوتە نزیک دێی هەزارمێردە، کە دێیەکی زۆر کۆنە و لە زووەوە بەهۆی پەتای تاعون لە شوێنی خۆیان گواستویانەتەوە و هاتوونەتە جێگەیەکی خوارتر لە ئەشکەوتەکە.

پاشماوە دۆزراوەکانی ناو ئەشکەوتی هەزارمێرد، هێمایەکن بۆ بوونی کۆنترین ژیانی مرۆڤ لە کوردستان. ئەم ئەشکەوتی هەزارمێردە ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، کە دەڵێن شوێنی هەزاری مێری تیادا دەبێتەوە، بۆیە پێی دەڵین، ئەشکەوتی هەزار مێرد، بەڵام بۆچوونێکی تریش هەیە دەڵێن، ناوەکەی لەوەوە هاتوە کە ئەم ئەشکەوتە هەزار چیرۆکی مێژوویی هەڵگرتووە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ٥٠ هەزار ساڵ، بەڵام  لەبەر نەبوونی لێکۆڵینەوەی پێویست و پشتگوێخستنی، زۆرێک لەو چیرۆک و رووداوانە هێشتا نەزانراون.

هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار لە سلێمانی پەیوەندییان کردووە بە دوو زانکۆی جیهانیی کە پشکنین دەکەن لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکان، ئەوانیش زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکی و زانکۆی لیڤەرپولی بەریتانییە کە بێن و لێکۆڵینەوە بکەن سەر ئەشکەوتەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

 بەپێی ئەو پشکنینانەی لە ساڵەکانی نێوان هەردوو جەنگی جیهانیی لەسەر ئەم ئەشکەوتە کراون، ئەوە دەرکەوتووە کە ئەشکەوتەکە شوێنی مرۆڤە سەرەتاییەکان بووە، شوێنێک بووە بۆ خۆپاراستن لە دوژمن لە سەردەمە جیاوازەکاندا و دەریان خستووە کە ناوەکانی ئەشکەوتەکە بە مانای گەورەیی یاخود پلەی سەربازیی یاخود تەڕی و فراوانی (مێرگ)، بەشی ناوەوەی ئەشکەوتەکە زۆر تەڕ و شێدارە و بە دیوار و بنمیچەکەیەوە شوێنی هەڵگرتن و پاراستنی خواردن دروستکراوە.

ژ.ت