زیندانییە نەخۆشەکان بە تەنیا رادەگیرێن و تەنهان

محەمەد کاراتاش سەرۆکی ئیهەدەی وان ڕایگەیاند، زیندانییە نەخۆشەکان تەنیا ڕادەگیرێن و لە دۆخی تەنهایدان لە زیندانەکاندا.

پارێزەر محەمەد کاراتاش ڕایگەیاند، دەستبەسەرداگرتن و پێشێلکردنی مافەکان لە زیندانەکاندا زیادیکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، مافی ژیانیش پێشێلکراوە.

پارێزەر محەمەد کاراتاش کاراتاش ئەندامی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، زیندانەکان بوونەتە گرێکوێرەی کێشەکان و چارەسەرناکرێن و وتی: "لە زیندانەکانی جۆری ئێف و ئەو زیندانانە، کە لە ڕووی ئەمنییەوە ئاستبەرزن، مافی سەرەکیی مرۆیی زیندانیانی تیادا زەوت دەکرێت و ئەو مافانە بۆ زیندانییەکان نەماوە و کاریان پێناکرێت. گەرچی دەسەڵاتدارانی سیاسی گۆڕاون، بەڵام ئایدۆلۆژیای فەرمی دژ بە بەندکراوان هەرگیز نەگۆڕاوە.

هەروەها بابەتە یاساییەکان بە ئەندازەیەکی زۆر لاوازکراون و ئەمەش گرنگترین هۆکارە بۆ پێشێلکردنی مافە سەرەکی و بنەڕتییە مرۆیەکانی زیندانیان. کاتێک مرۆڤ ئەم شتانە دەبینێت دەزانێت، کە ئەستەمە مافی زیندانیان لە زیندانەکاندا پارێزراو بێت".

پارێزەر محەمەد کاراتاش ئەوەشی وت، "قوڵترین پێشێلکاریش لە بواری تەندروستیدا ڕوو دەدات. ئەو بەندکراوانە، کە لە بەرامبەر نەخۆشیدا بەرەنگاری دەکەن، دۆخیان گەیەندراوەتە ئاستێک، کە ئیدی ناتوانن پێداویستییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و سەرباری ئەوەش بە تەنها دەهێڵرێنەوە و بە تەنها رادەگیرێن".

کاراتاش ڕایگەیاند، دەزگای پزیشکی داد زیاتر وەک دامەزراوەیەکی سیاسی کاردەکات نەک دەزگایەکی تەندروستی و سەرباری ئەوەى دۆخی تەندروستیی زیندانیان زۆر خراپە ڕاپۆرت لەسەر بەندکراوان دەنوسێت و لە ڕاپۆرتەکانیدا دەڵێت، "دەتوانن لە زینداندا بمێننەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە هەر ئێستا بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە چەند ڕۆژجارێک زیندانییەک لە زیندانەکاندا گیان لە دەست دەدات. کاراتاش، وتیشی: "لە بەرامبەر ئێمەدا ئەشکەنجە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەیە، چونکا پارێزراوبوونی ژیانی تایبەت، مافی دابینکردنی پێداویستیی تەندروستی و چارەسەری پزیشکی پێشێل دەکرێن و لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مافی ژیان پێشێل دەکرێت".

ژ.ت